گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە 01ـی نیسانی داهاتووەوە، تەنها کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت و مامەڵە بە هیچ بەڵگەنامەیەکی دیکەی نووسراوەوە ناکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 30-03-2024، مقداد مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کارتی نیشتمانیی عێراقی ڕاگەیاند.
مقداد مووسەوی ئەوەشی خستەڕوو، “تاوەکو ئێستا 36 ملیۆن و 700 کارتی نیشتمانی دەرکراون و پڕۆسەکە بەردەوامە. دەمەوێت ئەوەشتان بۆ بخەمە ڕوو، لە 01-04-2024ـەوە کۆتایی بە بەکارهێنانی بەڵگەنامە نووسراوەکانی دیکە دەهێنین و تەنها کار بە کارتی نیشتمانیی عێراقی دەکەین”.
لەبارەی ئەوەی قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە چی لە خۆ دەگرێت، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، لە قۆناغی دووەمدا، چەند ئامانجێکیان هەیە، لەوانە:
1. بە چەند قۆناغێک، کوالێتیی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکرێن باشتر دەکرێت.
2. کردنەوەی فەرمانگەکانی تایبەت بە کارتی نیشتمانی لە باڵیۆزخانەکانی عێراق بەمەبەستی تۆمارکردنی ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە و پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆیان بۆ ئەوەی کارتەکە وەربگرن.
3. کردنەوەی بنکەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی ناوەندیی لە پارێزگاکان و پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بە هاووڵاتییان.
4. دابینکردنی وێستگەی گەڕۆک بۆ تۆمارکردن کە لە هەموو فەرمانگەکان پێک دێت، تاوەکوو ئەو هاووڵاتییانە تۆماربکەن کە بە هەر هۆکارێک ناتوانن سەردانی بنکەکان بکەن.
5. دابینکردنی 300 وێستگەی گەڕۆک بە مەبەستی پڕکردنەوەی هەموو پێداویستییەکی بەڕێوەبەرایەتییەکان.
6. بەستنەوەی بەشە سەرەکییەکانی نووسینگەکانی تایبەت بە زانیاریی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان لە پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ سیستەمی کارتی نیشتمانیی عێراقی، بە مەبەستی تۆمارکردنی زانیاریی لەبارەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان و خێراکردنی کاری ڕۆژانەی فەرمانگەکان.