لەبارەی پێدانی جەژنانە بە ژینگەپارێزان روونکردنەوە دەدرێت

ئەمڕۆ شەممە روونكردنەوەیەك سەبارەت بەو كرێكارە ژینگەپارێزانەی شارەوانییەكان بڵاو كرایەوە كە پارەی جەژنامە لە هاووڵاتییان وەردەگرن.

بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی بڵاوی كردەوە: ئاگاداری هەموو هاووڵاتییانمان لە شاری هەولێر دەکەینەوە، کە پێدانی جەژنانە بە کرێکارانی ژینگەپارێز، بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاووڵاتییەک ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بە ناوی جەژنانە یان بە هەر ناوێکی تر بدات بەو ژینگەپارێزانە.

بڵاویشی كردەوە: زانیاری دەدەین کە زۆرێک لە سواڵکەران بە ناوی کرێکارانی شارەوانییەوە پێش جەژنان لەناو کۆڵانەکان دەگەڕێن بۆ جەژنانە، ئێمە وەکو شارەوانی هیچ پەیوەندیمان پێیانەوە نییە و پێویستە هاووڵاتییان ئەگەر نیازی هاوکاری یان جەژنانەیان هەیە بە کرێکارانی شارەوانی، ئەوە بیدەن بەو کرێکارانەی کە ئامێری کۆکردنەوەی خاشاکیان لەگەڵە.

هەروەها بڵاوی كردەوە: هەر ڕەفتارێکی نەشیاو لەلایەن کرێکاران و کارمەندانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بەرامبەر هاووڵاتییان وەک (بە زۆر وەرگرتنی پارە ، دیاریکردنی بڕەکەی، دانانی نیشانە لەسەر دەرگا و حاوییەی ماڵان، یان زبڵیان هەڵنەگرتەوە ئەگەر پارەیان پێ نەدان) یان هەڕ ڕەفتارێکی نەگونجاوی تر، دەتوانن پەیوەندی بە ژمارەی سکالای بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیەوە بکەن، بۆ ئەنجامدانی ڕێکاری پێویست.

ھەواڵی زیاتر