مقداد شاسواری
ئەنگۆ کەستان لەوێ نەبوون. منیش لەوێ نەبووم. تەنھا شایەت عەیانێک کە ئەویش مامۆستایە لە ھەمان قوتابخانە، بەڵام نەیویست ناوی بێتە ناو ناوان، گێڕایەوە گوتی: ” من وانەم نەبوو. لە رێڕەوەکە پیاسەم دەکرد لە پڕێکدا دیتم مامۆستا رەمەزان لە ژووری مودیری ھاتە دەرێ. دەتگوت لە شێتخانە ھەڵاتبوو. چمکێکی کراسە شینەخەتخەتەکەی لەنێو پانتۆڵە رەشە خەتخەتەکەی ھاتبووە دەرێ و چاکەتەکەی، پێموابێ لە ئەسڵدا کاتی خۆی شین بووە، ئەویشی خستبووە سەر باسکێکی دەستی و ھەر لەبەرخۆیەوە پرتەو بۆڵەی بوو. سەر و وەزعی زۆر شێواو و شپرزە دیار بوو، دەتگوت فڕێیان داوەتە ناو قەفەزی پشیلە چەتوونەکان و ئەوانیش لەسەر جەستەو سەر وگوێلاکی مامۆستادا تێر بە حەزی خۆیان چنگۆڵبازی و شەڕە چڕنووکیان کردووە و ئەو دکرەیان بە مامۆستا کردووە. ئەوانە ھەمووی بە لایەک، ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بوو مامۆستا بێ ئەوەی من ببینێ بەدەم پرتەو بۆڵەو دەست راوەشاندن و چاو و برۆ ھەڵتەکاندن بە تەنیشت مندا تێپەڕی و ملی رێگای گرتەبەر و چووە بن ساباتەکە و من وامزانی بەلووعەکە دەکاتەوە و ئاوێک بە دەم و چاویدا دەکات تا بێتەوە ھۆش خۆی بەڵام ئەو وەکو شێت پەلاماری قۆغەکەی سەر کوپە ئاوەکەی دا کە ھێشتا ئاوی دوێنێی تێدا مابوو، سێ جار قۆغەکەی لە شێرەی کوپەکە پڕ ئاو کرد و خواردیەوە. بەڵێ دڵنیام خواردیەوە. جاری یەکەم زۆر دڵنیا نەبووم. جاری دووەم نیمچە گومانێکم لا دروست بوو، بەڵام کاتێک سێیەم قۆغەیشی پڕکرد و خواردیەوە ھیچ گومانێکم لانەما. منیش کە لێی نزیک ببوومەوە بە تەوسەوە پێمگوت:
- پیرۆزە پیرۆزە مامۆستا رەمەزان.. چ زوو کردت بە جەژن…
ئەویش نازانم لە پەلارەکەم تێنەگەیشت یان خۆی لە گێلی دا دەستێکی بەھێمای بێزاری راوەشاند و گوتی: کورە بە سندانم بێ.. پیرۆزی چی و جەژنی چی.. سێ رۆژ مۆلەت وەرگرتن پیرۆزی دەوێ… ھەتا رەزامەندی لەسەر ئەو سێ رۆژ مۆڵەتەم دا ھێندەی لەوچە لەوچ پێکردم چەناگەم سیلاک بوو و ئەوەتا عەیاری دەمیشم تێکچووە…
ئەوەندەی گوت و لە قوتابخانە چووە دەرێ”…
شایەت عەیانی دووەم یەکێک لە قوتابیەکانی خۆیەتی، لە پۆل رایکردبوو، لەبن دیواری دیوی دەرەوەی قوتابخانە، خۆی گرمۆڵە کردبوو مامۆستای بەو دۆخە شێواوەوە بینی لە قوتابخانە ھاتە دەرێ و، ئەویش وەکو شایەت عەیانی یەکەم کۆڵێ پاڕایەوە ناوی نەھێنین و، ئەو لە وانەی بیرکاری بێزارەو خۆی شاردۆتەوە با ئاشکرای نەکەین، ئێمەش گوتمان باشە. قەینا. ئەویش بۆمانی گێڕایەوە گوتی ” زۆر کونجکۆڵ بووم بزانم مامۆستای وانەی ئایینمان بۆ لەو کاتە ناوەختەداو ئاوھا بە شپرزەیی لە قوتابخانە ھاتە دەرێ و لەبەر خۆیەوە ھەر پرتەو بۆڵەی بوو. دەتگوت بە ھەردوو دەستی بەدوای شتێکدا دەگەڕا. ھەموو گیرفانەکانی پانتۆڵەکەی و کراسەکەی و چاکەتەکەی کە دەتگوت پێستی جەستەیەتی و پێیەوە نووساوە پشکنی، بەڵام وا دیاربوو ئەو شتەی بەدوایدا دەگەڕا نەیدیتەوە. بۆیە لایدایە دوکانێک، من لە دوورتر ڕا بینیم پیرەژنێک لەنێو دوکانەکەدا لەپەنای مێزێکەوە بەسەر کورسیەکدا خۆی گرمۆڵە کردبوو، خەوەنوتکەی دەبردەوە و بەدوای یەکدا باوێشکی دەدایەوە. مامۆستا ڕەمەزانیش چەندجارێ بانگی کرد: پیرێ.. داپیرە.. پیرێژن.. ھەوڵەکەی بۆ واگاھێنانەوەی پیرێژن ھێندە نەزۆک بوو دەتگوت بەدیار گۆڕێکەوە وەستاوە و بانگی مردوویەکی پارساڵ دەکات تا ھەستێتەوە. کە ھیچ وەڵامێک نەبوو، ئەمجا گوتی: خاتوونی بەڕێز. کچە جوانەکە. پیرێژن چاوەکانی کردەوە و ئەشکەوتی دەمی داخست و لە مامۆستا ڕاما. مامۆستاش بە قسەو بەھێمای دەست گوتی پاکەتێکی ئیسی و چەرخێکم بدەرێ.. پیرێژن بەھەرحاڵێک بوو تەکانێکی دایەخۆی و پاکەتێک و چەرخێکی دایە مامۆستا، مامۆستا ھەر ئاوھا کە خەریکی ھەڵپچڕاندنی پاکەتەکە بوو، جگەرەیەکی لێ دەرھێناو ویستی دایگیرسێنێ گوتی: ساردیەکیشم بدەرێ.
پیرێژن لە پڕێکدا بوو بە تۆپەڵێک ئاگر و خۆی بە دەموچاوی مامۆستادا کێشاو چاوی نووقاند و دەمی کردەوە: بڕۆ لێرە مەوەستە ھەی مەلعون. شەرمیش ناکات…
پڕی دایە پاکەت و چەرخەکەی لە دەستی مامۆستا سەند و گوتی: من شت بە زەندیق و مەلعونان نافرۆشم. بڕۆ دەی لێرە مەوەستە. ھەی ناجسنی مەلعون.. بڕۆ. بێ دین و بێ ئیمان..
مامۆستا واقی وڕماو گوتی: ئەوە چ کێچێک بوو وەک بەڵای ناگەھان کەوتە کەوڵی ئەو پیرێژنەوە..
مامۆستا رەمەزان جگەرەکەی خستە گیرفانی کراسی و سواری پاسێک بوو، منیش بەدوایدا سوار بووم. مەراق گرتبوومی بزانم مامۆستای ئایینمان بۆ وا شێت بووە و بۆ وا ھەڵسوکەوت دەکات. گوێم لێبوو لەبەر خۆیەوە ھەر دەیبۆڵاند: ” جەنابی مودیریش ئەوە پێنج ساڵە ھەر بە تەوس و پەلارەوە ڕووم تێدەکات و دەڵێت: مامۆستا رەمەزان کەریم فەزیڵ.. من پێموایە ناوی باپیرەت فازیڵ بووە بە ھەڵە کراوەتە فەزیڵ. ئاخر لەناو کورددا فەزیڵ ناو نیە”
یەکێ نەزانێ ناوی خۆی زۆر جوان و کوردانەیە. رەجەب شەعبان رەمەزان. بەدوای دابچی ناوی باپیرە گەورەکانی شەوال و زیلقەعدە بووە.. ئاخر ئەوە ناوی سیانییە یان ساڵنامەی ھیجرییە”.
پاشان مامۆستا ڕووی لە نەفەرەکەی تەنیشتی کرد و گوتی: ” شار ئەمڕۆ بۆ وا تۆزی مردووی بەسەرا نیشتووە. دەڵێی پیرێکی بەر سەکەراتەو دوا ھەناسەکانی دەدا.. نەفەرەکەی تەنیشتی رووی لێ وەرگێراو لە دڵی خۆیدا گوتی:
- مەلعونی بێ دین.. چۆن ڕۆژێکی ئاوھا پیرۆز بەمشێوەیە وێنا دەکەی ھەی زەندیقی کوڕی.. ئەستەغفیروڵلا..
مامۆستا لەناو بازاڕدا دابەزی و دیاربوو بەم نزیکی نیوەڕۆیە ھەستی بە برسێتی دەکرد. لایدایە سەندەویچ فرۆشییەک بەڵام بەپێی مەزەندەی خۆی زیاتر لە پەنجا نەفەر لە دەرەوە لە ڕیزدا وەستابوون و ھەموویان بە شەرم و ترسێکەوە بەردەوام سەیری ئەملا و ئەولای خۆیان دەکرد و بە پەلە بوون زووتر بچنە ژوورێ کە پێچەوانەی ڕۆژانی پێشوو جامخانەکەی بە ڕۆژنامەی چەوریداگرتووی چڵکن داپۆشرابوو. ئەویش لە یەکێکیانی پرسی: چی بووە برا؟ ئەو ھەمووە بۆ لە نۆرە وەستاون؟ کابراش دیاربوو قۆشمەچی بوو گوتی: ڕەوشی ئاوارتەیە!
مامۆستا گوتی: یەعنی چی؟
ئەویش گوتی: یەعنی ئەحکام عورفی. حکومەتی نیزامی..
مامۆستا گوتی: بە کوردی شتێک بڵێ تێ بگەم!
کابرا گوتی: باری نا ئاساییە. کەس نابێ بە ئاشکرا سەندەویچ بخوا.. دەیگرن. تێگەیشتی؟ دەیگرن بەریشی نادەن ھەتا مانگ تەواو بێ.
مامۆستا سەرێکی لەقاند و تێنەگەیشت. مودیر ھێندەی لەگەڵ گوتبوو مێشکی وەکو تۆپێکی تێنسی سەرمێزی لێ ھاتبوو کەوتبێتە ناو ئاوەوە. سووک و بێ کێش. ھیچی وەرنەدەگرت.، کە نۆرەی ھات و چووە پشت جامخانە داپۆشراوەکەی سەندەویچفرۆشیەکە بۆنی چەوری و ئارەقە و بەھارات ھوروژمیان بردە ناو لووتی و خەریک بوو گەدەی بڵق بداو لەناو حەشامەتەکەی ژوورێدا بیخاتە شەرمەزارییەوە. کاتێکیش لە شاشەی تەلەفزیۆنەکەی نێو سەندەویچفرۆشیەکەدا بێژەرە پیاوەکەی بینی لەچکێکی لەسەر کردبوو ھەواڵەکانی دەخوێندەوە. ھەندێ چاوەکانی ھەڵگڵۆفت و وایزانی شێت بووە.
قوتابیە فزووڵەکە ھێشتا دەگێڕێتەوە و دەڵێ: وەختێک مامۆستا لە سەندەویچفرۆشیەکە ھاتە دەرێ من خەریک بوو لە جیاتی ئەو شێت بم. نەمزانی مامۆستای ئایینمان چی بەسەر ھاتووە. چووە دیار خورما فرۆشێک و دەنکە خورمایەکی خستە دەمی و بە کابرای گوت کیلۆیەکم بۆ بکێشە. خورما فرۆشەکان وا ڕاویان نا خەریک بوو لەبن پێیان بپلیقێتەوە. چووە دیار رەحەتە لوقم فرۆشێک ئەوانیش وا ڕاویان نا زۆری نەمابوو ببوورێتەوە. بەدیار زەلابیا فرۆشێک ڕاوەستا و کەمێکی خستە دەمی و ئەوانیش بە ھۆیھا و بە جنێودانەوە ڕاویان نا تا لەو ناوە قوتاری بوو چی وای نەمابوو دڵی راوەستێ. لەبەر خۆیەوە گوتی: ئەمڕۆ یان من شێت بوومە یان ئەو خەڵکە شتێکی بەسەر ھاتووە. بۆ وا بەرچاویان تەنگ بووە. ئاخر دەنکە خورمایەک یان دانە لوقمێک یان لەتە زەلابیەیەک ئەوە دەھێنێ ئاوام پێ بکەن.
شەکەت و ماندوو لە شوێنێکا وەستا. ئەو جگەرەیەی وەبیر ھاتەوە کە لە پاکەتی دوکانەکەی پیرێژندا ھەر بە لالێویەوەبوو ھەتا ناو پاسەکە و دواتر خستیە گیرفانی کراسەکەی، دەستی بۆ برد و ھێنایە دەرێ و خستیەوە سەرلێوی و بە گەنجێکی گوت : ئاگرت پێ نیە ئەم جگەرەیە داگیرسێنم؟ گەنجەکە سەیرێکی سەر و وەزعی ئاڵۆسکاوی مامۆستای کرد وای زانی شێتە و ھیچ حەرەجێکی لەسەر نیە چەرخەکەی دەرھێنا و جگەرەی مامۆستای داگیرساند، قومێکی قووڵی لێداو کەسێک لەبن گوێی چرپاندی : بیکوژێنەوە نیگبەت. ئێستا جەماعەتی نەھی لە مونکەر بزانن دێن، قۆڵبەستت دەکەن و لە کونی گەرمت دەپەستن و ھەموو مانگەکە لە ژوورێ دەمێنیتەوە. دەتگرن…
مامۆستا گوتی: جەماعەتی نەھی لە مونکەر؟! کێن ئەوانە؟
کابرا گوتی: ئەوانەی ئەمر بە مەعروف دەکەن ھەی نیگبەت.. دەتگرن!
ھەر ھێندەی زانی، بووە فیکوھۆڕ و زیقەزیقی سەیارەی پۆلیس و خشەی ستۆپی چەندین سەیارەو تا ھاتەوە سەر خۆی، بینی بە کۆمەڵێک پۆلیس دەورەدراوە لەو زیاتریش بەنی بەشەر لەو دەوروبەرە نەماوە. پۆلیسێکیان لێی ھاتە پێشەوە و گوتی: - بیکوژێنەوە…
- چی بکوژێنمەوە…
- ئەو ژەھری مارەی لە دەمتایە بیکوژێنەوە…
- ژەھری مار؟ ئەمە جگەرەیە جەنابی پۆلیس. خۆ من لە شوێنێکی داخراو نیم. ئێرە شوێنێکی کراوەیە، یاسا جگەرەکێشانی لە شوێنی داخراو قەدەغە کردووە..
- شوێنێ کراوە نییە. لە ئەمڕۆوە ھەتا مانگێک ھەموو شوێنەکان بە داخراو دادەندرێت. بیکوژێنەوە ئەگینا قۆڵبەستت دەکەم و ھەتا کۆتایی مانگەکە لای ئێمە دەمێنیتەوە…
ڕۆژان خانی خێزانی مامۆستا ڕەمەزان وەکو سێیەم شایەت عەیان گوتی:
ئەو مامۆستا ڕەمەزان کەریم فەزیلەی گەیشتەوە ماڵ، ئەو مامۆستا ڕەمەزان کەریم فەزیلە نەبوو کە ئەم بەیانییە لەماڵ دەرچوو. نە وەکو ڕواڵەت و نەوەکو ئەقڵ و مێشک و نەوەکو جەستە. سەروبەری تێکڕا ھەڵتەکابوو. دەتگوت لە مەیدانی شەڕێکی دەستەویەخە ھەڵاتووە. یان لەسەر شاخێکی بەرز غلۆر بۆتەوە ناو خەرەندێکی قووڵ. یان لە زۆرانبازی لەگەڵ گایەکی شێتدا کەوتۆتە بەر زەبری پێلەقە و قۆچ و شاخاندا. ھەموو جەستەی چارەگێکی پێوە نەمابوو. بە تەواوی داڕووتابوو. ئێستایش کە لەناو ماڵەکەی خۆی وەستاوە ھەروا دەزانێ ئەوەی دیتی ھەمووی فیلمێکی خەوف یان خەونێکی ناخۆشە و ئێستا نا کەمێکی تر واگادێت و ھەموو ڕووداوە ناخۆشەکان کۆتاییان دێ.
بەرەو لای سەلاجەکە ڕۆیی. بتڵی ئاوە ساردەکەی دەرھێنا و بانگێکی منی کرد و بتڵەکەی بەسەر قوڕگیدا کرد و ھەتا دوا تنۆکی ئاوە ساردەکەی خواردەوە و ناو ھەناوی قێنک بووەوە. لەو ماوەیەشدا من بە واق وڕماوی بە دیارییەوە وەستابووم.. کاتێک مامۆستا بتڵە بەتاڵەکەی نایەوە شوێنی خۆی، منیش وەک ئەوەی تەنەکەیەک سەھۆڵاوم کردبێ بەسەریدا کاتێک پێیم گوت:
- ئەیەڕۆ ڕەمەزان.. کورە ئەی تۆ بەڕۆژوو نیت؟!