حكومەتی هەرێم ئەم دەزگایەی پێوستە

مەشخەڵ كەوڵۆسی

هەمووان دەبینین هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی كە هەرێمێكی بچوكی فیدراڵی و، دەرهاویشتەی مێژوویەك لەقوربانیدان و ناسۆر و دڵۆپی خوێن و فرمێسكە، كەچی لەئێستادا كەوتۆتە بەردەم گەورەترین و بێبەزەییانە ترین شاڵاوی پڕوپاگەندە و شەڕی دەرونی و میدیایی.
سەرجەم ڕەگەزەكانی شەڕی دەرونی لەدژی هەرێم پێڕەو كراون، ترسناكترینیان ئەوەیە كە لەم شەڕەدا بەشێوەیەكی چڕو پڕ، تابوری پێنجەم بەكاردەهێنرێن و، بەهەر لایەكدا دەچیت و سەرنجی هەر گۆشەیەك دەدەیت، تابوری پێنجەم خراپترین تۆمەت و مەترسیدارترین چەك لەدژی هەرێم بەكاردێنن و، كارگەیشتۆتە ئەوەی بە سود وەرگرتن لەو دۆخە نالەبار و پڕ كارەساتەی كە بڕینی بودجە دروستیكردووە، ئەوان دێن سەرمایەگوزاری دەكەن و لەپەنایەوە ئامانجە سیاسییەكانی خۆیان دەردەبڕن كە بریتییە لە لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
ئەو شەڕە دەرونی و پڕوپاگەندەییەی لەدژی كوردستان بەڕێوە دەبرێت، توانیویەتی بەشێكی یەكجار زۆر لەئامانجەكانی بپێكێت و، كاریگەری گەورە و گاڵتەپێنەكراوی لەسەر دەرونی خەڵكی كوردستان داناوە. پێم وانیە ئەوەی لەئێستادا دەگوزەرێت، كە تەنانەت ناوهێنانی كوردستان بەجۆرێك لەتۆمەت و گاڵتەجاڕی وەڵام دەدرێتەوە، لەهیچ قۆناغێكی ژیانی نەتەوەی كورددا هەبووبێت.
پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو هەڵمەتە عەشواییە؟ یان بەپلان و ئامانجدارە؟ ئایا تاكە لایەنێك، یان هاووڵاتیی توڕە بەتەنها دەتوانن شاڵاوێكی پڕوپاگەندەیی لەوجۆرە بەڕێوەبەرن كە هەموو ڕەگەزەكانی شەڕی دەروونی تێدایە؟.
بێگومان نەخێر. ئەوەی ڕوودەدات شەڕێكی پروپاگەندەیی مەدروسە و، دەزگای هەواڵگری و بودجەی زەبەلاح و كادیری شارەزاو مەشقپێكراوی لەپشتەوەیە. میكانیزمی ئەم شەڕە دەرونییە ئەوەندە بەربڵاوە، لەبەردەستی بچوكترین قوتابخانەی قۆناغی بنەڕەتیشدایە. ئەوان فەیسبوك وتیكتۆك و كۆڕوكۆبوونەوەكان و خوتبەی مەلاكان و، هەموو ئەو بابەتانەی كەزۆر جەماوەرین بۆ گەیاندنی پەیامەكانی شەڕی دەرونی خۆیان دەگەیەنن. لەهەموو ڕۆژێكدا، دەیان جار پەیامەكانیان دەگەیەنن بەهاووڵاتی كوردستان. تەنانەت گەیشتە ڕادەیەك مرۆڤ هەستی دەكرد سبەینێ حكومەتی هەرێم دەڕوخێت و سوپای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ حاجی ئۆمەران و باشماخ و ئیدی نەتەوەی كورد دەبێتەوە بە عەبدە موتیعەكەی بەغدا و، لەبەرانبەریشدا بەغدا مانگانە نانێكی بۆ هەڵدەدات.
بەتێگەیشتنی بەندە كەسەرنجی قەبارەی ئەو هەڵمەتە دەدەم، لەوە دڵنیا دەبم كە یەك دەزگای هەواڵگری بەتەنها نیە كەئەم شاڵاوە بەڕێوە دەبات، بەڵكو دوورنیە هەواڵگری چەند وڵاتێك بە ئیمكاناتی گەورەوە تیایدا بەشداربن، بۆیە پلەی كاریگەرییەكەی و ژمارەی قوربانییەكانی زۆر زۆرە و، ڕەنگە ئێمە دەیان ساڵمان بوێت تاكو دەتوانین توشبوەكانی ئەو شەپۆلی شەڕە دەرونییە چارەسەر بكەین و، تێیان بگەیەنین كوردایەتی عەیب و عار و شورەیی نیە! بەپێچەوانەوە جاشێتی شورەییە بۆ مرۆڤ و بۆ نەوەكانی مرۆڤ تاكو دنیا دەمێنێت، ئەو پەڵەی جاشێتییە دەمێنێت و بە مردنی مرۆڤەكەش كۆتایی نایەت!.
لەبەرانبەر ئەو شاڵاوەدا، حكومەتی هەرێم پێویستی بە كاردانەوەی مەدروس هەیە. پێویستە دەزگایەكی تایبەتمەند بۆ بەڕێوەبردن و قەڵاچۆكردنی شەڕی دەرونی و چارەسەركردنی قوربانییەكانی ئەو جەنگە، بەگوێرەی بەرنامەیەكی نەتەوەیی سەرتاپایی دابمەزرێت. ناكرێت هاووڵاتییان بەتەنها بەجێ بهێڵرێن و ببنە قوربانی دەستی شاڵاوێكی بێ ئامان و بێ ڕەحمی شەڕی دەرونی و پڕوپاگەندەیی.

ھەواڵی زیاتر