دیماگۆگییەتی یەكێتی لە پەراوێزی دیدارەكەی ئاڵا تاڵەبانیدا..

حەمید قەڵادزەیی

هەمیشە لە كایەی سیاسیدا هەموو جوڵە و هەوڵ و پلان و پیلانەكان وەك خۆیان ئاشكرا ناكرێن، چونكە سرووشتی كاری سیاسی هەر وایە هەمیشە بەرامبەرەكەت زۆرترن سوود لە نەخشە ڕێگای هێزی بەرامبەر وەردەگرێ بۆیە حیزبی ڕەسەن و خاوەن قەزییە پشت ئەستوورە بە متمانەی قاعیدە جەماوەریەکەی خۆی و كۆی خەڵكەكە.

بەرهەمی كاری هەر حكوومەتێك لە كاتی خۆیدا دەبیندرێ و ڕەنگدانەوەی لە لایەن خەڵكەوە دەبێت، دەبێ بڕوامان بەو ڕاستییە هەبێ گەلی وشیار سەركردەی وشیار پێشكەش دەكات، سەركردەی وشیار كەسێك نیە هەر تەماشاكار بێت، وەك چۆن كەسێك نیە پەیڕەوی سیاسەتی دیماگۆگییەت بكات لەگەڵ خەڵكی خۆی و لە بەرپرسیارییەتی ڕابكات.
سەركردەی سیاسی بوونی خەسڵەتی كردەیی دەیگەیەنێتە پلەی سەرۆك، واتا هەموو گەلێك ئەوەندەی پێویستی بە سەركردەیە ئەوەندە پێوستی بە سەرۆك نیە، واتا دەبێ سەرۆك كردەیی بێت، جا سەرۆكی دەزگای تەنفیزی یان تەشریعی یان سەرۆكی وڵات بێت.
گەلی وشیار گەلێك نیە هەر چەپڵە لێبدات و بە فیتووی سیاسییەك بێتە سەرشەقام و بە ئاماژەیەك شەقام چۆڵ بكات، بەڵكو پێویستە خاوەن ڕوئیا و تێگەیشتنێكی قووڵتر بێت، ناسینی توخم و مەعدەنی سیاسییەكان و تێگەیشتن لە ئاستی پەرۆشی و پێداگری و خاكپەرستی سیاسییەكان ئەركی تاك بە تاكی هەر گەلێكە.
كۆی ئەو فەوزایەی بینیمان لە سەر شاشە و شەقامەكان سەبارەت بە ناڕەزایی و بایكۆت دەركەوت چۆن بەغدا مەبەستی بوو پەیڕەوی سیاسەتی پەرتكە و زاڵبە لە دژمان بەكار دێنێ، گەلی وشیار لێرەدا ئەركی خۆیەتی بزانێ كام حیزب و كام كەسایەتی سیاسی لاوازە و كامیان ڕەگئاژۆیە . ناكرێ شەقامی كوردستان لەوە تێنەگات چۆن ئەوەی ئەو شەو (ئاڵا تاڵەبانی) دانی پێدانا سەبارەت بە بابەتی تەوتین، چی لە پشتە!
كاتێك قوباد تاڵەبانی وەك جێگری حكوومەت ناڕازی بووە بە تەوتین بۆ مووچە خۆری كوردستان، واتا هاودەنگ بووە لەگەڵ كۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێ خەڵك بپرسێ مادام وایە بۆ دەبێ بافڵ تاڵەبانی پێچەوانەی بۆچوونی كوتلەی وەزاری خۆی بڕیار بدات؟
ئایا ئەوە چوونە ژێر باری سیاسەتی پەرتكە و زاڵبەی بەغدا نیە؟
ئایا گواستنەوەی ناتەبایی نێو خێزانێك بۆ ناو شەقام لەسەر حسابی كۆی خەڵك و مەینەتییەكانی تاك بۆ ؟!
ئایا گەلی وشیار لێرەدا ئەركی چیە؟
ئەگەر سزای دیماگۆگییەكان نەدات، دەبا وەڵامی ئاڵا تاڵەبانی بدەنەوە!
بەجێهێشتنی حكوومەت بۆ حیزبێك كە نیوەی حكوومەتی هەیە لە كاتی قەیراندا، سزاكەی چیە لەلای گەلی وشیار؟ حەجم و چۆنییەتی سزادانەكە دیاری دەكات ئاستی وشیاری خەڵك لە كوێیە و چەندە.

ھەواڵی زیاتر