پەیامنێرتان لە هەڵەبجەوە

حەمەسەعید حەسەن

بەشی سێیەم (دوا بەش)

جەنگ بووژێنەوەی ئەو بیر و باوەڕ و دیاردانەیە کە سەردەمیان بەسەرچووە، هەڵەبجە لەو بوارەیشدا لە شارەکانی دیکەی زیاتر پێ بڕابوو. بیر و باوەڕ و بزاڤی ئیسلامی لە هیچ شارێکی کوردستاندا، هێندەی هەڵەبجە بەهێز نەبوون. کە عەبدولخالیق مەعرووف شاکارەکەی: (ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا)ی بڵاو کردەوە، مەلاکانی هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر، چەندان گوتاری نوێژی هەینییان دژی تەرخان کرد وکەلـلەڕەقانە کەوتنە زڕاندانی ناوی. لە ئەنجامی ئەو هەوڵە پۆخڵەوە، لە هەولێر لە نزیک ماڵەکەی خۆیەوە تیرۆر کرا.

مەلا و بەعسی، مزگەوت و مونەزەمە لە تارماییی عەبدولخالیق مەعرووف کە بەسەر سەریانەوە گێژی دەخوارد، بەجۆرێک زەندەقیان چووبوو، لە دژی یەکیان گرت. مەلاکان ڕێیان بۆ بەعس تەخت کرد تا بیکوژێت. (تاوان)ی ئەو سەیدایە ئەوەبوو، لەبەر ڕۆشناییی تێکستە (پیرۆزەکان) و ڕەوتاری ڕێبەرانی ئیسلامدا، تێڕوانین و هەڵوێستی ئیسلامی سەبارەت بە ژن نیشان دابوو. کتێبەکەی هاواری أنا الحق و خۆیشی حەلاجێکی نوێ بوو.

هەڵەبجە شەوان لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕژێمدا نەدەما. کەم شەو هەبوو گرمەی بازووکا، شار بێدار نەکاتەوە. پێشمەرگە شەوان دەهاتن، پیاوانی سەر بە ڕژێمیان دەبردە دەرەوە، ئیدی یان بە پارە ئازادیان دەکردن یان دەیانکوشتن. ڕژێم بۆ بە زیندوویی ڕاگرتنی دەسەڵاتی خۆی، پەنای دەبردە بەر هێزی سووکەڵە. بەگوێرەی بڕیاری بەعس هەموو هۆزیک بۆی هەبوو، هێزێک دابمەزرێنێت. ڕاوێژکار: بەرپرسی هێزی سووکەڵە، مانگانە کۆمەکێکی باش دەکرا. هێز بریتیبوو لە سەربازی هەڵاتووی ناوچەکە و سۆزیان پێ درابوو، چالاکییان لە سنووری دەڤەرەکەی خۆیاندا دەبێت. چەکدارانی ئەو هێزانە، زۆربەیان لەبەر پسووڵەیەک هاتوچۆی پێ بکەن، خۆیان ناونووس کردبوو، ئەو مووچەیەشی بۆیان تەرخان کرابوو، زیاتر دەچووە گیرفانی ڕاوێژکارانەوە.
ئەم تاکتیکەیش دادی ڕژێمی نەدا، هێزە سووکەڵەکان زیانیان لە سوودیان زیاتر بوو، بە ڕاستی بەشداریی شەڕیان نەدەکرد، دەستیان لەگەڵ شاخ تێکەڵ دەکرد، دوژمنانی ڕژێم و سەربازی هەڵاتوویان بە شتێک پارە دەکردە خزمی خۆیان. تاکە قازانجی هێزی سووکەڵە هەر ئەوەبوو، سەربازی هەڵاتوو لەبری ئەوەی ڕوو بکاتە شاخ، لە شار دەمایەوە.
سەرۆکی کۆمار کە خۆی ناسناوی خێڵەکیی قەدەغە کردبوو، جەنگ ئەو نەریتە مردارەبووەیشی پێ زیندوو کردەوە. هێزە سووکەڵەکان چونکە خاوەنی پێشینیەیەکی خێڵەکی بوون و ناکۆکی و دوژمنایەتی تازە و کۆنیان لەنێواندا هەبوو، بیریان لە تۆڵە دەکردەوە. دەڵێن (کورد) ئەگەر پارەی هەبوو، یان پیاو دەکوژێت، یان ژن دەهێنێت. ڕاوێژکاران لە هەردوو بوارەکەدا خۆیان تاقی دەکردەوە.
هەندێک جار شەقام و کۆڵانی شار، بە ڕۆژی ڕۆشن، دەبوونە تەختی شانۆی شەڕەتەقەی نێوان خێڵەکان. هەڵەبجەیش بووبوو بە تەکساسێکی بچووک، بەڵام کورە ئازاکانی شەپقەیان لەسەر نەدەنا. لای ڕژێم سەرهەڵدانەوەی ناکۆکیی تیرەگەری، لایەنێکی گەشی دامەزراندنی هێزە سووکەڵەکان بوو. ململانێی نێوان نێوان شەمێرانی و نەوڕۆڵی لە ناکۆکیی نێوان تیرەکانی دیکە گەرمتربوو. جاری وا هەبوو، لە ناوەندی شاردا لە یەکدییان دەکوشت، دەستیان لە منداڵی یەکتریش نەدەپاراست. خوێندکارێکی زانکۆ کە نەوڕۆڵی دەبێت و بۆ سەردان بۆ هەڵەبجە دێتەوە، لە بازاڕی سەوزەفرۆشاندا، جەستەی دەکرێتە بێژنگ.
هەندێکجار نەوڕۆڵی و شەمێرانی لە دەرەوەی شار ویستگەی پشکنینیان بۆ یەکدی دادەنا. جارێک نەورۆڵییەکان ماشێنێک ڕادەگرن، سەرنشینێکی بە شەمێرانی تێدەگەن، کابرایش دەڵێت: هەورامیم. پێی دەڵێن هەندێک قسە بکە، بەهۆی گوتنی حەرفی سینەکانتەوە، تێدەگەین ڕاست دەکەیت یان نا. لە شەڕەکەڵەشێرێکدا، کەڵەبابی کوڕی ڕاوێژکارێک بەزیبوو، کوڕە ڕیزێک گولـلەی بە کەڵەشێرە براوەکەوە نابوو. ناکۆکی و پێشبڕکێی نێوان ڕاوێژکاران، لە مۆدێلی ماشێن و ژمارەی ژنیشدا ڕەنگی دابووەوە. ڕاوێژکاری ئازا ئەوەبوو، زۆرترین ژنی هەبێت، یەکێکیان لە شەوێکدا دوو بووکی بۆ کرابووە پەردەوە.
ڕۆژێکیان لە سەنتەری شاردا، سێ چەکدار گەنجێکیان وەکوو سەگ بە پشتوێنەکەی خۆی پەت کردبوو، ڕایاندەکێشا و هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرد، ئەویش ملی نەدەدا و شێلگیرانە داکۆکیی لە خۆی دەکرد و دەیگوت: لەتوپەت بکرێم لەگەڵتاندا نایەم. چەکدارێکیان نارنجۆکێکی دەرهێنا و بە گەنجەی گوت: پێشمان نەکەویت، بەم نارنجۆکە هەڵتدەوەشێنم. گەنجە زۆری بۆ هات و هاواری کرد: خەڵکینە فریام بکەون، دەیانەوێت بمفرۆشن! بارانی تکای خەڵک دایکرد، وەلێ سوودی نەبوو. چەکدارێکی دیکە پەیدابوو، تفەنگی لێ هێنانە سەر پێ و گوتی: بەری نەدەن، هەر سێکتان دەکوژم. کوڕەیان ئازاد کرد، تا هێزی تێدابوو هەڵات.
ماوەیەک بوو بڕیار درابوو، نرخی کەسێکی سەر بەودیو، بە زیندوویی هەزار و بە کوژراوی پێنج سەد دینارە. سێ چەکدارەکە مرخیان لەوە خۆش کردبوو، گەنجەکە بە زیندوویی بدەنە دەست ڕژێم. بکوژی کرێگرتە پیشەیەکی نوێ بوو، لە جەنگ کەوتبووەوە. دراوسێیەکمان پیاوکوشتنی کردبوو بە پیشە، ئێوارەیەکیان لە حەوشەکەیانەوە، شریخەی دەستڕێژێک گویچکەی گەڕەکی کەڕ کرد. لە یەکێک لە منداڵەکانیم پرسی: ئەو تەقەیە چییە؟ بە ڕوویەکی گەشەوە گوتی: بابەم سەری پاسداری هاورگەسۆ. هەموو سەرێکی ڕیشن، پێنج سەد دیناری بە نێوجاوانەوە بوو. گرنگ نەبوو پاسدارە، پێشمەرگەیە یان شوان! پیاوکوژە کرێگرتەکەی دراوسێمان، هێشتا هەر هەمان پیشەی هەیە، بەڵام شوێنی کاری، دیوی ئێرانە و بەدوای پیاوانی سەر بە عێراقدا دەگەڕێت.
بەم نزیکانە ئێران بە هاوکاریی لایەنە کوردییەکان، هێرش بۆ سەر هەڵەبجە دەهێنێت. من ١١ی ئاداری ١٩٨٨ ئەو هەواڵەم ژنەفت. بۆ سبەینێ هەواڵەکە وەک ئاگر لە پووش بەربووبێت، بڵاو بووەوە. خەڵکی هەڵەبجە لە دژی بەعس و لەبەر بەشداربوونی کوردیش لە هێرشەکەدا، لە دڵەوە چەپڵەیان بۆ ئێران لێ دەدا، پێیان خۆشبوو بە هەر نرخێک بووە، لووتی بڵندی بەعس لە عەرد بدرێت.
ڕژێم بەشێک لە هێزە سووکەڵەکانی، لە ترسی ئەوەی نەک بدەنە پاڵ ئێران، بۆ سلێمانی گواستەوە. ئەمە بەڵگەی نزیکبوونەوەی هێرشەکە بوو. بەعس لەبری لەشکرکێشی، هەندێک قوتە و شاخی چۆڵ کرد. کە هێزەکەی حەسەن بەگ لە شاخی شنروێ کشایەوە، لەشکر جێگەی نەگرتەوە. خەڵک لە یەکتریان دەپرسی: ئاخۆ ڕژێم بایەخ بە هێرشەکە نادات، یان نیازی کاولکردنی هەڵەبجەی هەیە؟
چواردەی ئادار ماڵە کوردە ڕۆژهەڵاتییەکانی سەر سنوور، کە سەر بە حیزبی دیموکرات بوون، خۆیان کرد بە هەڵەبجەدا و گوتیان: هاکا لەشکری ئێران و پێشمەرگە گەیشتنە هەڵەبجە. ئەو شەوە خەڵک بە ترسەوە، بە نیازی خەوتن لێی ڕاکشان. سەعات دوازدەی نیوەشەو گرمەی تۆپ خەڵکی ڕاچڵەکاند و چەخماخەی هاژەک هەڵەبجەی ڕۆشن کردەوە. ناوبەناو گولـلەتۆپێک دەکەوتە ناوجەرگەی شارەوە، هەرچەندە چواردە سەعات پێشتر تۆپبارانی شارەکان ڕاگیرابوو.
خەلک بەرەو ژێرزەمینەکان کشان، تۆپباران تا بەیانی بە چڕی بەردەوام بوو، ڕۆژ بووەوە و عێراق نە وەڵامی تۆپەکانی ئێرانی دایەوە، نە لەشکری بۆ بەرگرتن لە هێرشەکە کێش کرد و نە فڕۆکەی بۆ ئاسمانی شەڕەکە نارد. گرمەی تۆپ بەهێز و بەهێزتر دەبوو، تۆپ زیاتر لە شاری دەدا. دیاربوو ئێران نزیکتر دەبووەوە. بەغدا باسی هێرشی نەکرد، تاران جاڕی (فەجری دە)ی دا.
درەنگانێک عێراق تۆپی خستە گەڕ و ناوبەناو هەلیکۆپتەریش لە ئاستی چیاکان خۆیان پیشان دەدا. هێرشەکە بەهێزتر و ترسناکتر دەبوو، بەشی شار لە گولـلەتۆپی تاک تاکەوە، بوو بە کۆمەڵ. بواری هاتوچۆ نەما، سەعات دووی پاشنیوەڕۆ عێراق کشایەوە، دەزگا ئیدارییەکان و بنکە سەربازییەکانی چۆڵ کرد. دەنگی تۆپ بڕا، ژێرزەمینەکانمان بەجێ هێشت، هێندەی نەبرد پێشمەرگە شاریان گڕدا و هاواریان کرد: هەڵەبجەمان ڕزگار کرد.
پێشمەرگە دەمودەست هەڵیانکوتایە سەر بانک و دەزگا دەوڵەتییەکانی تر. دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشگێڕانە دەستی پێ کرد. دواتر پاسدارانیش وەک ڕیزەمێروولە بە هێستر و کامیرای ڤیدیۆوە سەریان هەڵدا. سەعات هەشتی ئێوارە بەغدا گوتی: ئێران ڕاگرتنی بۆردوومانی شارەکانی شکاند، هەڵەبجەی تۆپباران کرد، سێزدە کەس شەهید بوون، ئێمەیش لە تۆڵەی ئەو شارە خۆڕاگرەدا، بە هاژەکی زەوی بۆ زەویی حسێن، تاران بۆردوومان دەکەین.
خەڵک ئەو بارودۆخە نوێیەیان وەک خەون دەهاتە پێش چاو. چەند شاد بوون بەوەی لە دەستی بەعس ڕزگاریان بووە، هێندەیش لە تۆڵە تۆقیبوون. لە شەوی یەکەمی هەژموونی پاسدار و پێشمەرگەدا، سەد خیزانێک ڕووە و ئێران هەڵاتبوون، بەڵام ناچار کرابوون، بۆ هەڵەبجەی ئازاد بگەڕێنەوە، ڕێگەی نێوان هەڵەبجە و سلێمانیش بووبوو بە گۆڕاستانی چەند خێزانێکی هەڵاتوو. خەڵکی هەڵەبجە مەلێکی باڵشکاو بوون و شاریان لێ بووبوو بە قەفەز، ئاخر ڕێگەکانی دەربازبوونیان لێ تەنرابوو. بۆ سبەینی خەڵک کۆمەڵ کۆمەل سەریان پێکەوە نابوو، باسی چارەنووسی خۆیانیان دەکرد. پێشمەرگەیەک هاتە لای ئێمەوە، لێم پرسی:
() داهاتووی ئێمە چۆن دەبینن؟ دوای ئازادکردنی هەڵەبجە نیازی چیتان هەیە؟ () ترستان نەبێت، ڕزگارکردنی هەڵەبجە هەنگاوی یەکەمی ئازادکردنی هەموو شارەکانی کوردستانە. ئێمە لێرە گیر ناخۆین، لەسەر هێرشبردن بەردەوام دەبین. () ئەدی ئەگەر فڕۆکەی عێراق هات و شاری بوردوومان کرد؟
(
) هەموو شاخەکانی دەوروبەری هەڵەبجە بە دۆشکا و تۆپ و هاژەکی هۆک چنراون.

کاری پێشمەرگە بێجگە لە هەڵدانی کۆلارەی درۆ، بریتیبوو لە تاڵانکردن، پاسدارانیش بەشداریی فەرهوودیان دەکرد. مەلا عەلی خۆپیشاندانێکی ساز کرد، ئیسلامییەکان بەدەم (لا الە إلا اللـە)وە، یانەی فەرمانبەرانیان سووتاند.

(*) سوودم لە هەندێک نامەی لاوێکی هەڵەبجەیی وەرگرتووە.

ھەواڵی زیاتر