پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 6
خۆشه‌ویستم:

هه‌زاران دڵه‌خورپه‌ وایان لێكردم ئه‌و نامه‌یه‌ت بۆ بنووسم. رازێكی نه‌كراوه‌یه‌و ده‌بێ له‌لای تۆ بیدركێنم. ده‌ردێكه‌‌ ده‌بێ هه‌رچی زووتره‌ بیڵێم. هیچ كه‌س نه‌زانێ، ته‌نیا خۆت ده‌زانی، له‌ ته‌واوی ئاشنایه‌تیم چۆن ژیاوم و تۆ چۆن ژیاوی. ته‌نیا خۆت ده‌زانی كه‌ چه‌ندان شه‌و وه‌كو مارێكی بریندار به‌دواتدا خزاوم. چ ماوه‌یه‌ك وه‌كو كونده‌په‌پوویه‌ك له‌سه‌ركه‌ناری ده‌ریای خه‌م، په‌ڕوباڵم هه‌ڵوه‌ریون و هه‌ڵنیشتووم. له‌جیاتی پێكه‌نین خه‌مم خواردوه و له‌جیاتی گریان ناڵاندوومه‌. وه‌كو جاڵجاڵۆكه‌یه‌ك له‌ناو تانوپۆی خۆمدا خۆم خواردۆته‌وه‌. له‌ جیاتیان، تۆش دڵۆپ دڵۆپ ژه‌هرت كردۆته‌ ناو گه‌روومه‌وه‌، به ‌نیگات دڵمت شه‌قارشه‌قار كردووه‌، به‌بێ په‌روایی خوێنت له‌ ده‌ماره‌كانمدا به‌ستووه‌.
ئه‌و رۆژانه‌ كه‌ تازه‌ به‌ نیگاو چاوه‌جوانه‌كانی تۆ ئاشنا ده‌بووم، چه‌نده‌ خۆشحاڵ بووم. چۆن ده‌توانم ئه‌و نیوه‌شه‌وانه‌ی ره‌مه‌زان له‌بیربكه‌م، كه‌ به‌ چ ئومێدێك گوڵم ده‌چنی و له‌به‌رپێی تۆ و له‌پێش ماڵه‌كه‌تانم داده‌نان، تا له‌ كاتی چوونت بۆ قوتابخانه‌ پێخوستیان كه‌ی. تاهیره‌ی جوان، ده‌زانی چییه‌، من ئیراده‌یه‌كی به‌هێزم هه‌بوو، وه‌كو شێر وابووم، به‌ هیچ شتێك رام نه‌ده‌بووم، تۆ به‌ چ شێوه‌یه‌ك ئه‌سیرت كردم، بۆخۆشم نازانم.
تاهیره‌ی ئازیز ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌تم پێ هه‌زم ناكرێ. من له‌نێوان دوودڵیدا سه‌رگه‌ردانم. كه‌وتوومه‌ته‌ ناو دووڕیانێك، ئه‌و خه‌مه‌ قورسه‌ كه‌ وه‌كو ژارێكی كوشنده‌ جه‌سته‌م داده‌ڕزێنێ، سه‌ره‌نجام ده‌مكوژێ. له‌وه‌زیاتر ئه‌و ئازاره‌م پێ هه‌ڵناگیرێ.
ده‌زانی چییه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ ده‌ستی تۆن. تۆ نیوه‌ عومرت كردووم، له‌كاتێكدا مردووم و ده‌ژیم ئایا باوه‌ڕناكه‌ی، هێنده‌ توانایه‌ت نییه‌ حاڵی من هه‌ڵسه‌نگێنی؟ ناتوانی ببینی كه‌ چ ئازارێك ده‌كێشم؟ خۆشه‌ویستم، ئه‌و هه‌سته‌ خوداییه‌، ئه‌و سۆزه‌ ئاسمانییه‌، هه‌وه‌سێكی منداڵانه‌ نییه‌، هه‌وه‌سێكی زووتێپه‌ڕنییه‌، تۆ ده‌بێ ئه‌وانه‌ بزانی و ره‌نگه‌ بشزانی. من پێویستم به‌ جه‌سته‌ی تۆ نییه‌، من ته‌نیا روحی تۆ، گه‌وره‌یی تۆم ده‌وێ و ئاره‌زوومه‌.
چه‌ندان شه‌وی تاریكم به‌ خه‌وزڕان و ئازاره‌وه‌ به‌سه‌ربردووه‌. چه‌ندان رۆژم له‌ چاوه‌ڕوانیدا به‌سه‌ربردووه‌، یان ساتێك هه‌بووه‌ بیر له ‌تۆ نه‌كه‌مه‌وه‌، نا، سوێند به‌ خودا، نا، هه‌م به‌ شه‌و هه‌م به‌ ڕۆژ، له‌ هه‌رجێگایه‌ك بووبم یان سه‌رگه‌رمی كارێك بووبم، هه‌میشه‌ له‌بیری تۆدابووم. ئایا باوه‌ڕناكه‌ی چه‌نده‌ روحی منت ئه‌نجنیوه‌ له‌جیات ئه‌وه‌ی په‌ی به‌ گه‌وره‌یی و بێ سنووری خۆشه‌ویستی من ببه‌ی، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌هایه‌ك بۆ گه‌وره‌یی و ئه‌و رێزه‌ی من دابنێی به‌رامبه‌ر به‌ خۆت. زانیوته‌ كه‌ تینووی خۆشه‌ویستی تۆم. به‌ڵام منت به‌هه‌ند نه‌گرتووه‌. خۆزگه‌ تۆزقاڵێك له‌و ئاگره‌ی ده‌متوێنێته‌وه‌، له‌ دڵی تۆشدابوایه‌، ئه‌وسا ده‌تزانی كه‌ له‌ چ دۆخێكدام، ده‌تزانی چ عه‌زابێكت داومه‌تێ؟ بۆخۆت ده‌زانی كه‌ شه‌وانی زستان، به‌ چ چاوه‌ڕوانی و ترسوله‌رزێك، هه‌زارانجار، به‌ شه‌قامه‌كاندا خولاومه‌ته‌وه‌ تا بتبینم. هه‌ركاتێك رووخساری پڕ ئازاری منت دیوه‌، هه‌ركاتێك منت دیوه‌ كه‌ له‌ خۆشه‌ویستی تۆدا ده‌سووتێم، پڕبووی له‌ شادی.
من و نامه‌ت له‌بیرنه‌چێ. قاچه‌كانت ماچده‌كه‌م.
غ- س

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.