ڕیكلامی كتێب و ڕیكلامی مۆبیلیات !


  سەدیق سەعید ڕواندزی

بە ڕێكەوت، لە والی تایبەتی كتێبخانەیەك، ژمارەیەك نووسەر و وەرگێڕم دیت، كە هەریەكەیان كتێبێكی خۆی بە دەستەوە بوو، وەك نیمچە ڕیكلامێك بە خوێنەرانیان دەناساند وباسیان دەكرد لە ڕاستیدا، ڕیكلامكردن بۆ كتێب، دیمەنێكە نەك نابێ خۆشحاڵمان بكات و هانمان بدات بۆ خوێندنەوە، بەڵكوو دەبێت ببێتە مایەی نیگەرانییەكی قووڵ و پرسیار و گومان، بەوەی كتێبیش وەك سەرچاوەی مەعریفە، هاوشێوەی هەر كاڵایەكی دیكەی بازاڕیی بۆ نموومە وەك مۆبیلیاتی لێهاتووە. ڕیكلامكردن بۆ كتێب، مانای وایە كتێبیش وەك هەر كەرستەیەكی دیكەی ژیانی لێهاتووەو ئەو بەها مەعریفی و سیمبولی و هزرییەی نەماوە و بە ڕیكلام نەبێت، كەس بەلای كتێبدا ناچێت. هەمیشە وەك خوێنەرێك تێبینی ئەوەم كردووە، كە ئەو كتێبانەی دەناسرێن و ڕیكلامییان بۆ دەكرێت، لەو كتێبانەن كە ناوەڕۆكێكی لاواز و نابابەتیان هەیە و دوای خوێنەوەیان، هیچ جۆرە پرسیارێكی هزری و چێژ و جوانییەك، لای خوێنەر جێناهێڵن. بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونەم، دەتوانم ناوی دەیان كتێب و ڕۆمان و شیعر و وەرگێڕان ڕێز بكەم، بەڵام لە بەر ناو و ناوبانگی نووسەرەكانیان، خۆیانی لێ دەبوێرین. لە دنیای بازرگانی ئێمەدا، ڕیكلامكردن دەرەچەیەكی چاكە، بۆ فریودان و هەڵخەڵەتاندن و دەستخەڕۆكردنی كڕیار، بۆ ئەوەی بە ناوی كەرستەی كواڵیت بەرز و ناوازە، كەرستە و شتومەكە زبر و خراپەكانیان، ساغ بكەنەوە. هەمیشە بانگەشە بۆ ئەو كەرستانە دەكرێت، كە بازاڕیان نییە و لەو ڕێگەیەوە، دەیانەوێت كڕیاری بۆ پەیدا بكەن. ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە لە بایەخ و ڕۆڵی ڕیكلام بۆ نماییشكردن و ناساندنی هەر شتێك نەگەین، بەڵكوو بەو مانایەی ئەوەی لێرەدا لە بەرچاو دەگێرێت، سوودو قازانج و دەسكەوتی ماددییە، نەك ئەوەی ئەو كاڵایە چەند كواڵیتی بەرزە و شیاو و تۆكمەیە. ئیدی لەو ڕێگەیەوە، دەیانەوێت ختووكەی سۆزی كڕیارەكان بدەن،، بۆ ئەوەی سەرنجی بچێتە سەر ئەو كاڵایە و تاقیبكاتەوە، بەڵام ئایا ڕیكلام بە تەنها، بەسە بۆ ئەوەی پەیوەندی ئێمە بەكاڵایەكەوە گرێ بدات و بیكەینە پێوەرێك بۆ تاقیكردنەوە و هە ڵبژاردنی؟ لە كۆمەڵگەی ئێمە و وڵاتانی جیهانیشدا، هەر كاتێك ئاماژە بۆ كەرستە و ئامێرێك دەكرێت كە لە ژاپۆن دروستكراوە، ئیدی پێویستیمان بەوە نابێت ڕیكلامی بۆ بكرێت، چونكە هەموو دنیا دەزانێت، كواڵیتی ئەو كەلوپەلانەی لەو وڵاتە بەرهەم دێت، بڕاندو ئۆرجیناڵن و لاساییكەرەوە نین. ئێمە پێویستیمان بەوە نییە كەسێك پێمان بڵێت كەلوپەلەكانی ژاپۆن بكڕن، چونكە خۆمان لە پەراوێزی ئەو ئەزموونەی لەگەڵ بەرهەمەكانی ئەو وڵاتە هەمانە، ئەو ڕاستییە دەزانین، لێرەوەش بانگەشە بۆ ئەو كەرستانە بكرێت یان نا، هیچ سەرنجڕاكێشانێك لای مرۆڤ دروست ناكات، بەڵام بە پێچەوانەوە، هەر كاتێك باسی كاڵای چینی دەكەین، ئەوەمان بڕاندۆتەوە، كە چەند مانگێك كاردەكات و ئیدی لەكار دەكەوێت. بەمەش ئەگەر ملیۆنان جار، ڕیكلام بۆ كەرستە چینییەكە بكرێت، هاوتای ئەو كاڵایەی ژاپۆن نابێت كە بێ ڕیكلامكردن، شوێنی خۆی دەگرێت. دەشێ ئەمە بۆ كتێبیش هەمان شت بێت. كتێبی گرنگ و بە بەها، تێكستی مەعریفی و بابەتی، شیعر و ڕۆمان و وەرگێڕانی جوان و داهێنەرانە و سەركەوتوو، هەرگیزپێویستیان بەوە نییە ڕیكلامیان بۆ بكرێت، بەڵكوو خۆیان دەچنە نێو خوێنەران. بڕوام وایە، كتێب دەبێت خۆی لە ڕووی ناوەڕۆكەوە، هەڵگڕی ئەو هێزە بێت، كە بچێتە نێو خوێنەران و خۆی بسەپێنێت و بخوێنرێتەوە، نەك نووسەرەكەی لەم شارو لەو شار، بانگەشەی بۆ بكات و بیناسێنێت. ئەگەر نووسەر و وەرگێڕێك، ئەزموونێكی جوان و سەركەوتوو دیاریان هەبێت، پێویستیان بەوە نییە خۆیان لە پەراوێزی كتێبەكانییان بناسێنن و كتێبەكەیان بەدەستەوە بگرن و بە خوێنەران بڵێن كتێبەكەمان بخوێننەوە. كتێب و نووسین دوای بڵاوكردنەوەیان، پەیوەندییەكی ئەو تۆیان بە نووسەرەوە نامێنێت و ئەوە خوێنەرە، دەبێتە سەنگی مەحەك بۆ هەڵسەنگاندنی كتێبەكە. بە ئێستاشەوە، ئێمە پێویستیمان بەوە نییە كەس (شار)ی حوسێن عارفمان پێ بناسێنێت، (چێشتی مجێور)ی هەژار موكریانیمان پێ بناسێنێت، (ڕیگا)ـی مەمان پێ بناسێنێت. (سەگوەڕ و ئەژدیهاو لاوەكی هەڵەبجە و گۆڕستانی چراكان و دوانزە وانە بۆ مناڵانمان) پێ بناسێنێت، چونكە ئەو تێكستانە، خۆیان لە ناوەڕۆكدا، هەڵگڕی وزە و هێز و تین و تاوی ئەوەن، خۆیان بەسەر خوێنەر دابسەپیبێنن و بخوێنرێنەوە. هەرگیز ڕیكلام ناتوانێت، كتێبێكمان لا پەسند و گرنگ و خۆشەویست بكات، ئەگەر خۆی لە ناوەڕۆكدا هەڵگڕی ئەو ڕەگەزانە نەبێت. كتێب پێویستی بە ناساندن، شڕۆڤەكردن، بەخشین بە واژۆی نووسەرەكانیاننییە وەك ئەوەی ئێستا بۆتە مۆد، بەڵكوو خوێنەران خۆیان دەتوانن، ناوەڕۆكی ئەو كتێبە دوای خوێنەوەی هەڵبسەنگێنن. كەم نین ئەو كتێبانەی لە دەیان شوێن ڕیكلامیان بۆ دەكرێت و بە كتێبێكی گرنگ دەناسێنرێن، كەچی خوێنەر كە دەیخوێنێتەوە، هیچ چێژو جوانی و مانایەك لە كتێبەكە وەرناگرێت، خۆم وەك خوێنەرێك سەدان ئەزموونم لەو بارەوە لەگەڵ خوێنەوەی كتێبەكان هەیە. بگرە خوێنەرانێك هەن، پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن لەوەی هەرپارەیان بە كتێبەكەش داوە! كتێب، كورسی و مێز و ئاسن نییە، تاكو نووسەرەكەی وەك كۆنە كڕو سەوزە فرۆش و میوە فرۆشەكان، شارەو شار بگەڕێت و ڕیكلامی بۆ بكات. خوێنەرێك، ئەگەر خوێنەر و عەوداڵی كتێب و خوێنەوە بێت، لە هەر سووچ وكەلەبەرێك دابێت، بە دوای كتێب و بەرهەمی بڵاوكراوە دەگەڕێت تا نەیخوێنێتەوە، واز ناهێنێت. لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، چەندین دیوانە شیعر لە سنووری سۆران و ڕواندز بڵاوكرانەوە، ئەم دوو شارە، تەنها چوار خولەكێك نێوانیانە، كە چی نووسەر هەبوو لە هەروو شارەكە كتێبەكەی خۆی دەناساند، سەیر لەوە دابوو لەو ناساندنانە، هەر ئەوانەی سۆران بوون دەهاتنە ڕواندز و هەر ئەوانەی ڕواندزیش بوون، دەچوونە سۆران، واتا لە هەردوو شوێنەكە هەمان كتێبیان وەردەگرتەوە. هەمیشە بڕوام وابووە، تێكست و كتێبی جیاوازو داهێنەرانە، پێویستیان بە ناساندن و واژۆی نووسەر و ڕیكلامكرن نییە، چونكە كورد وتەنی (مانگ كە دیاربوو، پێویست بە ئاماژە كردن ناكات).

ھەواڵی زیاتر