لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگەوبان و فەراهەمکردنی هاتوچۆیەکی ئارام بۆ هاووڵاتییان، کارەکانی پڕۆژەی ستراتیجیی دروستکردنی ڕێگای (بێستانە- خەلەکان- دووکان) بە چڕی بەردەوامە.
ئەم پڕۆژەیە کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ناوچەکە، ئامانج لێی گۆڕینییەتی بۆ ڕێگایەکی مۆدێرن و ستاندارد، کە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی نێوان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و قەزای دووکان دەکات.
پڕۆژەکە بە گوژمەی 243 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و کارکردن بەفراوانی تێیدا بەردەوامە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
– بڕین و ڕێکخستنی 2,500,000 مەتر چوارگۆشە زەوی.
– قیرتاوکردنی ڕێگاکە بە ڕووبەری 840,000 مەتر چوارگۆشە.
– بەکارهێنانی 800,000 مەتر چوارگۆشە تێکەڵە و 300,000 مەتر چوارگۆشە بەردی شکاو بۆ ژێرخانی ڕێگاکە.
بۆ پاراستنی ڕێگاکە و ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی باراناو، 2,000 مەتر ئاوبەری نوێ دروست دەکرێت. هەروەها لە یەکێک لە بەشە گرنگەکانی پڕۆژەکە، دروستکردنی پردی گوندی فریزەڵە، کە درێژییەکەی 380 مەتر و پانییەکەی 15 مەترە، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵی و کورتکردنەوەی ماوەی گەشتەکان دەبێت.
تیمەکانی جێبەجێکار بە شێوەیەکی مەیدانی لەسەر کارەکانیان بەردەوامن، تاکوو ئێستا 17%ی تێکڕای پڕۆژەکە کۆتایی هاتووە. کارکردن لە قۆناغەکانی دیکەدا بەپێی پلانە داڕێژراوەکان بەردەوامن، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پڕۆژەکە بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان و شۆفێران.

