بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو لەشاری هەولێر پلانێکی ستراتیژی داڕێژرا، ئەویش بریتی بوو لە بری ئەوەی “بارانی بەلێزمە لافاو دروست بکات و زەرەری گیانی و ماڵی لێبکەوێتەوە، ئاوی بارانەکە کۆگا بکرێت و سودی لێوەربگیرێت بۆ پاراوکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی باشتر بوونی ژینگە” واتە ( بارانی بەلێزمە لە دروستبوونی لافاوەوە بۆ کۆگا کردن).
دوای ڕوودانی لافاوەکەی ساڵی 2021 کە بەداخەوە زەرەر و زیانی گیانی و مادی لێکەوتەوە و سەردانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی پارێزگای هەولێر و ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست، لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو لەشاری هەولێر، چەندین لیژنە بۆ بەداچوون و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دروست بوونی لافاو پێکهێنرا، لەوانە لیژنەی هونەری، لیژنەیەکی تایبەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و لیژنەی ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی زانستی سەبارەت بەمەترسیەکانی لافاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە شاری هەولێر.
ئەوەبوو لە 2022، کۆنفراسێکی زانستی سەبارەت بەمەترسیەکانی لافاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە شاری هەولێر، بە بەشداری چەندین ئەکادیمی و مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕان و شارەزایان ئەنجامدرا و کۆنفرانسەکە گەیشتە چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێک کە دواتر ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، پاشان لەئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا و لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە لیژنەیەک بۆ مەترسی دروستبوونی لافاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنرا بۆ هەمەهانگی و دانانی پلان و جێبەجێکرنی پرۆژەکان بەمشێوەیەی لای خوارەوە:-
یەکەم؛ دیاری کردنی ئەرکەکانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەکاتی ڕوودانی لافاو بەمەبەستی ڕزگار کردنی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی کاریگەریەکان.
دووەم؛ دانانی پلانی کورتخایەن کە بریتی بوون لەخاوێنکردنەوە و فراوانکردن و ڕێکخستن سەرجەم ڕێڕەوە سروشتیەکانی ئاوی باران و ڕووبارە وەرزیەکان و لادانی زێدەڕویەکانی سەر ڕێڕەوە سروشتیەکان، وەک “خانو و باخچە و پردی کاتی” هەروەها خاوێنکردنەوەی چەپەری ئاوەڕۆکان و دروستکردنی ڕێڕەوی نوێ بۆ ئەو شوێنانەی کە ڕێڕەوە سروشتێکانیان نەمابوو، هەروەها دروستکردنی چەندین ئاوەڕۆی لوولەیی صندوقی. ئەوە جگە لە هوشیارکردنەوەی هاووڵاتیان، ئەو پلانانەش بەڕێژەی 100% جێبەجێکران.
سێیەم؛ داڕشتنی پلانی درێژخایەن
ئامانج لە پلانی دڕێژخایەن ئەوەبوو کە چۆن بتوانرێت بارانی بەلێزمە لە زەرەرەوە بۆ سوود بگۆڕدرێت ئەویش بریتی بوو لە دیزاینکردنی 40 پۆند لەسەر ڕووبارە وەرزیەکان بەمەبەستی کۆگا کردنی ئاوی باران و بۆ flood control و پاراوکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی باشتر بوونی ژینگە و فرە چەشنبوونی زیندەوەری و ئاژەڵداری، لە ئێستادا 20 پۆند لە ژێر جێبەجێکردندان، بەلام بەهۆی قەیرانی دارایی کارەکانیان بە سستی دەڕوات و 14 پۆندیش لە قۆناغی ئامادەکردنی تەندەرندان و 6 پۆندی دیکەش داوای ڕەزامەندی لە ئەنجومەن کراوە .
ئەوە جگە لە پرۆژەی کۆنکرێتکردنی کۆرنیشی گردجوتیار وەک قۆناغی یەکەم کە ئێستا لە ژێر جێبەجێکردندایە وە قۆناغی دووەمی کۆنکرێتکرنی کۆڕنیش لە قۆناغی تەندەر دایە، هەروەها فراوانکردنی چەندین پرد لەشوێنی یەکتر بڕینی ڕێرەوەکان لەگەل شەقام بەجۆڕێک کە بەشی بەرزترین بڕی ئاوی ڕۆیشتوو بکات، لەگەڵ دروستکردنی چەندین ئاوەڕۆی صندوقی.