لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەوتی پرۆژەبڕیاری ئاگربەستی دەستبەجێی لە کەرتی غەززە پەسەندکرد.
رۆژی دووشەممە (25ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەوتی یەکەم بڕیاری لەبارەی راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە پەسەندکرد و نوێنەری ئەمەریکاش لە ئەنجوومەنەکە رەتیکردەوە دەنگ بدات.
هەرچەندە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکەوتوونەبوو پرۆژەبڕیارەکە بە دەستەواژەی ئاگربەستی هەمیشەیی پەسەند بکات، لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا تەنیا ئاماژە بە راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی دەستبەجێ کراوە و جەختیشی لەسەر پێویستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە کردووەتەوە و داواشی کردووە، هەموو بەربەستەکانی پێش گەیاندنی هاوکارییەکان لابدرێن.
لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریکا، کە پێشتریش مافی رەتکردنەوەی دژی پرۆژەبڕیاری هاوشێوەی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ لە کەرتی غەززە، بەکارهێنابوو بەڵام ئەمجارە تەنیا نوێنەری واشنتن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەتیکردەوە لەسەر ئەو پرۆژەبڕیارە دەنگبدات، پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی رەتکردنەوەی سەردانەکەی بۆ واشنتن کردبوو، ئەگەر ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، مافی رەتکردنەوە بەرامبەر پرۆژەبڕیارەکە بەکارنەهێنێت.
پرۆژەبڕیارەکە لەلایەن ئەندامانی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پێشکەشکرابوو، هەرچەندە رۆژی هەینی (22ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە پڕۆژەبڕیارێکی ئەمەریکا لەبارەی دۆخی غەززە کۆبووەوە بەڵام رووسیا و چین پڕۆژەبڕیارەکەیان رەتکردەوە (ڤیتۆ).
171 رۆژ بەسەر جەنگی غەززە تێدەپەڕێت و بەگوێرەی ئامارەکانی رۆژی (25ـی ئاداری 2024)ـی تەندروستی غەززە، لە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)ـەوە تاوەکو ئێستا، ژمارەی کوژراوان بۆ 32 هەزار و 333 کەس بەرزبووەتەوە و 74 هەزار و 694 کەسی دیکەش برینداربوون.