شارەزایانی دەستوور، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دادگەی نائیتحادی زیادەڕۆیی لە دەستەڵاتەکانی خۆی کردووە بەجۆرێک بڕیار دەردەکات وەکو ئەوەی کە دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق ھەموار کرابێتەوە، چونکە بڕیارەکانی دادگە دژ بە ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و ئەو دەستەڵاتانەیە کە دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق بۆی دیاری کردووە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێت، چیتر ناکرێت لەلایەن دادگەی نائیتحادییەوە ھەر ڕۆژە و بە بیانوویەک ئیرادەی گەلی کوردستان تێکبشکێنرێت.
ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێکی دەستووری و فیدراڵییە لە عێراقی نوێدا، بەڵام حکوومەت و پەرلەمانەکەی بەر لە دامەزراندنی ئەو عێراقە نوێیە دامەزران و لەناو دەستووریشدا دان بە ھەموو ئەو یاسانە دانراوە کە بەر لە ٢٠٠٣ دەرچوونە، بەڵام ئێستە دادگەی نائیتحادی، زیادەڕۆیی لە دەستەڵاتەکانی کردووە و لەبڕی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر سیستەم و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات.
دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەھۆی کەڵەکەبوونی کێشەکان و ململانێی سیاسییەوە نەتواندراوە ڕێککەوتننامەی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە داخوازی کورد و سوننەی لەخۆگرتبوو، وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە بەشێک لە کارنامەکەی سوودانی کە پەیوەندییان بە کوردەوە ھەبوو، ماوەی مانگێک تاوەکو شەش مانگی بۆ دانرابوو بۆ جێبەجێکردنی، کەچی تائێستە ڕێککەوتنەکان لەلایەن ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە جێبەجێ نەکراون.
محەممەد شییاع سوودانی لەکاتی متمانە وەرگرتنی پەرلەمان و خوێندنەوەی کارنامەی حکوومەتەکەیدا، بەڵێنیدا لە چوارچێوەی دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکات و بۆ بەشێکیان لە مانگێک تاوەکو شەش مانگی بۆ دیاریکرد، کە گرنگترینیان دەرکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام بەھۆی ڕێگری لایەنە سیاسییەکانەوە نەتواندراوە داواکارییەکانی گەلی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
مزەفەر موسا، شارەزا لە بواری دەستوور، دەڵێت: پێویستە دادگەی نائیتحادی لەسەر بنەمای ماددەکانی ٩١، ٩٢ و ٩٣ ڕێکبخرێتەوە، بۆ ئەوەی وەکو ئامرازێک بۆ لێدان لە دژبەرە سیاسییەکان بەکارنەھێنرێت، ئەمڕۆ دادگە یاسا دادەنێت، خەڵکێکیش فەرمانی پێ دەکات بەجێبەجێ کردنی ئەو ماددەیە، ئەمڕۆ تاکە دەستەڵات کە عێراق بەڕێوە دەبات دادگەی نائیتحادییە، ئەوەش پێچەوانەی بنەمای پێکەوەژیان و ئەو ماددە و پڕەنسیپانەیە کە عێراق لەسەر دروست بووە.
دەشڵێ: بڕیارەکانی دادگەی نائیتحادی بەجۆرێکن وەکو ئەوەی دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق ھەموار کرابێتەوە، لە کاتێکدا ئەو دەستەڵاتانەی پیادە دەکات، لە دەرەوەی ئەرک و دەستەڵاتەکانی دادگەکەن.
مزەفەر موسا، شارەزا لە بواری دەستوور، ئاشکراشی دەکات: دادگەی نائیتحادی بە سیاسی کراوە و ئامانجی پیلان بۆ داڕێژراو لە پشت بڕیارەکانی ھەیە، بڕیارەکانی دادگە بۆ پارتێکی دیاری کراو نییە، بەڵام پارتی زۆر بوێرانە هەڵویستی دەربڕیوە، ھەنگاوەکانی دادگەی نائیتحادی میکانیزمە بۆ لە قالبدانی دەستەڵاتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێت لایەنەکان باش بزانن، ئەوەی دادگەکە دەکات بۆ نەمانی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە.
سەروان فەھمی، چاودێری سیاسی، ڕوونیکردەوە: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە دوای ٢٠٠٣ عێراقێکی نوێ بنیاتنرا کورد، سوننە و شیعە ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی عێراقێکی نوێ لەسەر بنەمای ھاوبەشی، سازان و ھاوسەنگی بەگوێرەی ئەو دەستوورەی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ نووسرایەوە ھەموو لایەنەکان لەسەری کۆک بوون، دەستەڵاتەکانی عێراق بەسەر چوار دامەزراوەدا دابەشکران، لەوانە سەرۆکایەتیی کۆمار، کە ئەرکی پاراستنی دەستوورە، بەڵام لەبەرامبەر ئەو ھەموو پێشێڵکاریانەی بەرامبەر دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق دەکرێن بێدەنگە، ئەنجوومەنی وەزیران کە دەستەڵاتەکەی جێبەجێ کردنە، دەستەڵاتێکی دیکەش پەرلەمانە، ئەرکی چاودێریکردنی حکوومەت و یاسادانانە، چوارەم دەستەڵاتیش، دەستەڵاتی دادوەرییە، کە ئێستە ئەو دەستەڵاتە دەستی بەسەر ھەموو دەستەڵاتەکانی دیکەدا گرتووە و بڕیار دەردەکات و بەخۆشی جێبەجێ دەکات.
دەشڵێ: ئەم بەیاننامەی پارتی ئاگادارکردنەوەی ھەموولایەکە کە پارتی لە عێراق و کوردستانیش ھەڵوێستیی سیاسی دیکە وەردەگرێت ئەگەر ئەو چەوتی و پێشێلکردنە دەستوورییانەی پرۆسەی سیاسیی عێراق ڕانەگیرێت، ئەم ھەڵوێستە، بۆ دەستگرتن بە دیموکراسییەت لە عێراق و ڕێگەگرتن لە دەستبەسەرداگرتنی حوکمە لەلایەن تاقمێک یان کاربەدەستانی پێکھاتەیەکەوە بە تەنیا، ھەروەھا پارتی ئامادە نییە بچێتە نێو ھەڵبژاردنێکەوە کە یاساکەی نادەستووری و سەپێنراو و لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بێت، بۆیە ئەو ھەڵوێستەی پارتی لە پێناو ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراقە و بۆ ڕێگەگرتنە لە ھەوڵە بەردەوامەکانی نەھێشتنی فیدراڵی و گێڕانەوەی حوکمی مەرکەزی.
د. ئێحسان محەممەد، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، گوتی: چینێکی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیەوێت دیکتاتۆریەتی نوێ لە عێراق دروست بکات ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت شتێک نامێنێت بەناوی عێراق، ھەموو ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە جێبەجێ نەکراون، ئەوەش وای کرد کە پارتی بەیاننامەیەکی شەش خاڵی دەربکات، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستە دادگەی نائیتحادی دادبینی بۆ زیاتر لە پازدە سکاڵا لە دژی ھەرێمی کوردستان کردووە و چەندین بڕیاری دەرکردووە، لە کاتێکدا بەگوێرەی دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق، دەبێت لەسەر بنەمای یاسایەکی پەسەندکراو لە پەرلەمانی عێراق ئەو دادگەیە پێکبھێندرێتەوە، کە تاوەکو ئێستە ئەوە نەکراوە.
ھیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: بەیاننامەکەی پارتی ڕوونە خاڵەکانیشی ئاشکران، ھۆکارەکانی دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە خاڵ بە خاڵ باسمان کردووە، ھەنگاوەکانی داھاتووشمان خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە و لە ژێر بەرنامەدایە، ھیوادارین پەیامەکەشمان گەیشتبێتە چوارچێوەی ھەماھەنگی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاشکراشی کرد: پێمانوایە زوڵمێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت، کورد و کوردستان خاوەنی کەیسێکە، پێش ئەوەی کەیسەکە بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت سیاسییە، کورد خاوەنی دۆزی خۆیەتی زیاتر لە سەد ساڵە خەبات دەکات، خوێنی ڕشتووە شەھیدی ھەیە و قوربانی داوە، ھەزاران گوند و شارۆچکە وێران بوون، ھەزاران ئەنفال لەسەر میللەتی کورد جێبەجێکراون و کیمیایی بەسەر گەلی کوردستان کراوە.
ھیوا ئەحمەد، زیاتر دەڵێ: پێش ئەوەی دۆسییەکە یاسایی بێت، دۆسییەکەی ئێمە سیاسییە، جگە لەوەی ئێمە لە دەستووردا جێگەمان ھەیە، بەندەکانی دەستوور پارێزگاری لە ھەموو قەوارەیەک دەکات، بۆیە ئێمە وەکو پارتی زۆر بە لەسەرخۆیی مامەڵەمان لەگەڵ ئەم کەیسەدا کردووە، بیرمان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی چیتر ناکرێت ئیرادەی گەلی کوردستان ھەر ڕۆژە و بە بیانوویەک لەلایەن دادگەی نائیتحادی تێکبشکێنرێت، ئەو بڕیارانەی کە داومانە بڕوامان پێیەتی و بەرگریی لە خۆمان دەکەین و لەسەری بەردەوام دەبین.