هەمیشە ستایش و پێزانینێکی زۆرم بۆ ئەو شاعیرانە هەبووە کە هەموو تەمەنی خۆیان، یان بەشێکی سەرەکی تەمەنی خۆیان بە شیعر بەخشیوە. مەرج نییە لەگەڵ دونیابینی و جیهانی شیعریی ئەو شاعیرانەدا کۆک بووبم. بەڵام پێزانینم بۆ ئەوە هەبووە کە بۆ شیعر ژیان و شیعر لەلایان هونەرێکی باڵا و نەفەسێکی ژیانکردن بووە لەنێو تاریکییەکانی ژیاندا. ئەوەی زۆرجار لە ناخەوە ئازاری داوم ئەوە بووە کە نەمتوانیوە ئەو ستایش و پێزانینەم بکەمە وتارێک، یان لێکۆڵینەوەیەک و وەکو جۆرێک لە نرخاندن ئەزموونی ئەو شاعیرانە بەسەر بکەمەوە. بۆیە تا هەنووکەش پێزانین و ستایشم بۆ گەلێک ئەزموونی شیعریی کوردیی هەر پێزانین و ستایشێکی ناوەکیانەیە و نازانم کەی زمانم دەکرێتەوە و دەتوانم لەبارەیانەوە بنووسم.
ئەزموونی شیعریی سەباح ڕەنجدەر، یەکێکە لەو ئەزموونانەی کە ئەگەرچی چەندجارێک لەبارەیەوە دواوم، بەڵام هێشتا هەست دەکەم هیچم لەبارەیەوە نەوتووە، چونکە ئەزموونێکی شیعریی دەوڵەمەند و گەورەیە. ڕەنجدەر شاعیرێکە بۆ شیعر دەژی و پرۆژەی هەیە بۆ بونیادنانی دونیا شیعرییەکەی. مانیفێستی تایبەتی هەیە بۆ نووسینی شیعر و لانی کەم چل ساڵ تەمەنی بەم ژانرە بەخشیوە. بۆیە ئەزموونە شیعرییەکەی (کە ڕەنگە لەگەڵ هەمووی کۆک نەبم)، بەڵام جێگەی ستایش و پێزانینە. ئەوەی وا دەکات ئەزموونەکەی هەمیشە بدرەوشێتەوە ئەوەیە ئەو نوێبوون و ناباوییەیەتی لەنێو شیعریی کوردی و زەوقی عامەسەپەندان. تاڕادەیەکیش ئەزموونەکەی سەخت و عاسی و نەگیرە. بۆیە زۆرینەیەکی زۆری خوێنەرانی شیعر ناتوانن پەی بە پەنهانەکانی ئەم ئەزموونە بەرن.
تایبەتمەندییەکی شیعری نوێ ئەوەیە کە تێگەیشتن لێی ئاسان نییە و کەشفکردنی پێویستی بە مەعریفەیەکی تایبەتی شیعریی هەیە، کە خوێنەرانی شیعری ئێستا (بەشی هەرە زۆریان) ئەو مەعریفەیەیان نییە. ئەمە وایکردووە کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی چەشنی ئەزموونەکەی سەباح ڕەنجدەر زیاتر لەنێو تاریکیدا بمێنێتەوە و کەمتر کەشف بکرێت.
ئێستا ئەگەر خوێنەرێک بیەوێت بەم ئەزموونە ئاشنا بێت و دەلاقەیەکی سادەی دەست بکەوێت بۆ ئەوەی بچێتە ناوی، گرنگەی بە کتێبی (ئەزموون و شیعریی بێگەرد) دەست پێ بکات. ئەم کتێبەی رەنجدەرکۆمەڵێک گوتار و بیروڕای ئەدەبییە لەبارەی شیعریی خۆیەوە و شیعر و ئەزموونی گەلێک شاعیری دیکە. کتیبەکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردییە و لە دوتوێی 448 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
بۆ ئەوەی بە دونیابینی شیعریی و مانیفیێستە شیعرییەکانی ئەم شاعیرە ئاشنا بین، گرنگە ئاگاداری ئەم کتێبە بین. ئەمە بێجگە لەوەی کتێبەکە کۆمەڵێک بۆچوونی دیکەی ڕەنجدەری لەخۆگرتووە لەسەر شاعیرانی دیکە و هەر لە ڕێی ئەمانەشەوە تاڕادەیەک بە هەندێک لە ڕیشە شیعرییەکانی ئەزموونە شیعرییەکەی ئاشنا دەبین. تایبەتمەندییەکی شیعری نوێ ئەوەیە کە پێویستمان بە ئاگاداربوونە لە ڕیشەکانی، واتە ئەگەر شاعیرێک کاریگەر بێت بە میتۆلۆژیا. بۆ تێگەیشتن لەو کۆدانەی بەکاری هێناون، گرنگە ئاگاداری میتۆلۆژیا بین. ئەمە بێجگە لەوەی گرنگە ئاگاداری ئەو پاشخانە مەعریفی و شیعرییەش بین کە شاعیری لێوە هاتووە. شیعری نوێ وەکو تەنێکی هەڵواسراو ڕەنگە نەتوانرێت مانایەکی لێ هەڵبهێنجرێت، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ ڕیشەکانی باشتر دەتوانرێت کۆدەکانی بکرێتەوە و لەبری مانایەک فرەمانایی لێ بەرهەم بهێنرێت. واتە دالی شیعریی نوێ بەبێ ئاگاداربوون لە ڕیشەکەی ناتوانرێ نەک فرە مەدلوولی بەڵکو بە یەک مەدلولی ڕاستەقینەش بگەین.
ئەوەی لە ئەزموونی ئەم شاعیرەوە فێری دەبین، وەفاداربوونە بۆ شیعر و ئەو بنەمایانەی دەشێ شاعیر بڕوای پێی هەبێت. ئەزموونی ئەم شاعیرە هەمیشە ڕۆیشتنە بەرەو پێشەوە، نە ئاوڕ بۆ دواوە دەداتەوە. نەک دەیەوێت لە جێگەیەکدا بوەستێت. بۆیە لای من ئەزموونەکەی یەکێک لە ئەزموونە سەرنجڕاکێشەکانی شیعری نوێی کوردییە.