محەمەدفەریق حەسەن، گرفتەکانی خوێندنەوە

لە كتێبی ” گرفنەكانی خوێندنەوە”ـدا، نووسەر ئاماژەی بەوەداوە :”دیاردەی دابەزینی ڕێژەی خوێنەر و پشتکردنە خوێندنەوەی کتێب، لە سۆنگەی خراپی دەرامەت و تەنگژەی ئابوورییەوە نییە. چونکە خوێنەری شێلگیر دەتوانێت بە ئاسانی لە ناسیاوەکانی، یان لە کتێبخانە گشتییەکان، کتێب قەرز بکات، کە تێچووی نییە. لە گشت شار و شارۆکەیەکیشدا کتێبخانەی گشتی هەیە”.

بـــــــــــەشی دووەم

(٦) توێژێکی تری خوێنەر هەیە، کە ئاستیان لەمان نزمترە، ئەویش توێژی قوتابیانی قۆناغی دواناوەندین. مامۆستای زمان داوای لێ کردوون، بابەتێک بنووسن، کە ڕەنگە چەند نمرەیەکی ئەو مانگەی لەسەر بێت. ئەمانە تازە فێری ئەوە بوون لە دەرێی پرۆگرامی خوێندن، کتێب بە بخوێننەوە. ئەمان بە هاوکاری و ڕێنمایی مامۆستای زمان، یان کەس و ناسیاوە شارەزاکانیان سەرچاوە دەدۆزنەوە. ئەمانیش تەواوی سەرچاوەکە ناخوێننەوە، بەڵکو دێن ئەوەی بە کەڵکی وتار، یان ڕاپۆرتی ئەوان بێت، دەق وەک خۆی دەیگوێزنەوە. خۆیان ناتوانن شتێکی نوێی ئەوتۆ بخەنە سەر سەرچاوەکە. هەر وەک ناشتوانن گفتوگۆ لەگەڵ تێزەکانی کتێبەکاندا چێ بکەن. یەک لەباری ئەم توێژە فراوانە، بە پەلەپڕووزێ دەخوێننەوە، لەکۆڵ خۆیانی دەکەنەوە. ڕێک وەک ڕاپەڕاندنی ئەرکی ماڵەوە، سەیری کتێبان دەکەن.
(٧) پێموایە، دیاردەی دابەزینی ڕێژەی خوێنەر و پشتکردنە خوێندنەوەی کتێب، لە سۆنگەی خراپی دەرامەت و تەنگژەی ئابوورییەوە نییە. چونکە خوێنەری شێلگیر دەتوانێت بە ئاسانی لە ناسیاوەکانی، یان لە کتێبخانە گشتییەکان، کتێب قەرز بکات، کە تێچووی نییە. لە گشت شار و شارۆکەیەکیشدا کتێبخانەی گشتی هەیە.
بۆ توێژی قوتابی، هیچ کارێک لە کتێب خواستن ئاسانتر نییە. هەر خوێندنگە، یان کۆلیج و پەیمانگەیەک بگریت کتێبخانەی تایبەت بە خۆی هەیە. خواستنی کتێبیش لەم جۆرە دامەزراوانەدا دیسان تێچووی نییە.
خۆ ڕەوەندی کورد، لە هەندەران، ئەوانەیان، کە بە گەورەیی پەڕیونەتە غەریبی، کێشەی ئابوورییان نییە، ئەدی ئەوان بۆچی ساڵی یەک کتێبیش ناخوێننەوە؟ دیاردەی پشتکردنە کتێب پشتکردنە فەرهەنگ و مەعریفەیە. تاکی کورد بەگشتی خەمی ئەدەب و مەعریفەی بە کۆڵی خۆیدا نەداوە. نرخی ئەم فیگەرانەشی لا نییە. تاکی کورد، ئەوەندەی بە دیار یاریی تۆپی پێوە کات بەسەردەبات، ئەوەندەیش بە خوێندنەوەوە خەریک بوایە، ئێستا کورد لە دۆخێکی تردا بوو!
زۆربەی خوێندەواری (متعلم) ئەم سەردەمەی ئێمە، لە ئاستێکی ڕووناکبیریی وەهادان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە (بدیل) کتێب خوێندنەوە و بە سەرچاوەی هەواڵیش دەزانن. ئەمەش لە خۆیدا خەیاڵ و وەژارەیە!
(٨) خوێنەران ئاستی تێگەیشتنیان جیاوازە. خوێنەر دوای ئەوەی دەقەکەی بەردەستی دەخوێنێتەوە، جارێکی دیکە بە پێی ئاستی مەعریفیی خۆی، بەرهەمی دێنێتەوە. واتە دەقێکی ئەوتۆ بەرهەمدێنی، مەرج نییە کوتومت ئەو دەقە بێت کە خویندوویەتیەوە. ڕەنگە لە واتا و مەبەستدا، تەواو وەک ئەوە نەبێت کە خوێندوویەتیەوە و نووسەرێک خاوەنێتی. ئەمەش ئەنجامێکی ئاسایییە. چونکە خوێنەر بەپێی توانای زەینی و مەعریفیی خۆی لە دەق حاڵی دەبێت. دەقێک هەیە نووسەرێک نووسوێتی و خۆی چاک دەزانێت لەوێدا چیی گوتووە. یەک لەباری خوێنەرانیش کە بە سەدان و هەزارانن بە جۆرێکی تر لێیان وەرگرتووە.
(٩) تۆ هەروا سەرنج لەم جۆرە مامەڵەیە بدە، کە لەم وڵاتەدا لەگەڵ نووسەر و کتێب دەکرێت؟ بەرهەمی نووسەرەکە هێشتا لە بازاڕدایە، کەچی ئەوی خوێنەر ئامادە نییە وەک هەر کاڵایەکی تر بیکڕێت. کتێبەکە لە کتێبخانە گشتییەکانیشدا هەیە، بەڵام ئەو هێندە لەش بە بارە نایئاوزێ هەتا ئەوێ بچێت و بیخوازێت. داوا لە نووسەر دەکات بە (پی دی ئێف) بۆی بنێرێت. کەچی هەمان مرۆڤ، وەختێ بیستی بەندبێژێک لەوپەڕی شار ئاهەنگ دەگێڕێت، بە فڕکان بۆی دەچێت، ئەگەر لافاو و بەفریش بێت! پارەشی پێ دەدات.
(١٠) تۆ ئەگەر جووتێک پێڵاوت (بۆ نموونە) کڕی؛ با لە پێشیان نەکەیت، ئەو پێڵاوانە بوون بە موڵکی خۆت. کەچی یەک لەباری کتێب، پرسەکە وەها ناکەوێتەوە. تۆ با هەزاران کتێبیشت لە ماڵدا هەبن، تەنیا ئەوانەیان دەبن بە موڵکی خۆت کە دەیانخوێنیتەوە. ئەوانەی دەچنە مێشکتەوە دەبن بە هیی تۆ، نەک ئەوانەی وا لە کتێبخانەکەتدا ڕیزت کردوون. هەن بە سەدان کتێبیان لە ماڵدا هەیە، بەڵام دیکۆرن و بۆ جوانی ڕیز کراون، یان هەر بۆ ئەوەن وێنەیان لە پاڵدا بگرن. قسەیەک هەیە دەڵێت: تاوانێک هەیە لە کتێب سووتاندن گەورەترە، ئەویش پشتگوێخستن و نەخوێندنەوەی کتێبەکانە.
(١١) بەپێی زانیاریی من، لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش، لە هیچکام لە قۆناغەکانی خوێندندا، قوتابی یان خوێندکار فێری کتێب خوێندنەوە ناکرێن. بۆیە زۆر کەمن ئەوانەی کە دەزانن بە دروستی کتێب بخوێننەوە! هەروەها لەوێ، فێری ئەوەش ناکرێن چۆن و لەسەر چ بنەمایەک کتێب بۆ خوێندنەوە هەڵبژێرن یان بکڕن؟ ئەوە بۆیە لای خۆمان کتێبی ئاستنزم ڕەواجی زۆرترە! ئەوە بۆیە هەن بە سەدان کتێبیشیان خوێندۆتەوە، کەچی هیچی ئەوتۆیش فێر نەبوون. بەڵکو هێشتا هەر مایەی خۆیانە و تەقەی سەریان دێ!
(١٢) ئەو هاوسەرانەی کە نەتوانن مانگی کتێبێکی چیرۆک بۆ منداڵەکەیان پەیدا بکەن، یان خۆیان چیرۆکیان بۆ بگێڕنەوە، شایانی ئەوە نین پێیان بگوترێ دایوباب!
(١٣) تۆ بۆ ئەوەی ببیت بە خوێنەری پێشکەوتوو، وا چاکە دەست بۆ کتێبی ئاستبەرز ببەیت. دەنا تۆ لە جێی خۆت پێکوتە دەکەیت. کتێبی ئاستبەرز، ئاستی زەینی تۆ سەردەخات. بازنەی تێگەیشتنت فراوانتر دەکات. تۆیش هەتا زەینت فراوان نەبێت، بە دروستی فێر نابیت.
(١٤) کێشەی کتێبی خراپ و ئاستنزم ئەوەیە تۆ ڕەنجی زۆری لەگەڵدا دەدەیت، کاتی زۆری بۆ تەرخان دەکەیت، کەچی ئەو لەبەرانبەردا شتێکی ئەوتۆت پێشکەش ناکات. بۆیە لە ئەنجامدا کاتەکەت بە فیڕۆ دەڕوات.
(١٥) ڕەنگە گرفتێکی تری خوێندنەوە ئەوە بێت، بە لێشاو کتێبی ئاستنزم لە بوارە جیاجیاکادا چاپ دەبن، بێ ئەوەی دەزگەیەک یان لایەنێکی پەیوەندیدار پێش بەم دیاردە نازانستییە بگرێت. ئەمەش کتێبی لەبەرچاوی زۆر خوێنەر خستووە.
(١٦) ئێمە ژمارەیەک ڕەخنەگری شارەزامان هەن، بەرپرسیارانە توێژینەوە لەسەر لقەکانی ئەدەب دەنووسن. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڕەخنە و لێکۆڵینەوە نەیتوانیوە پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر گەرموگوڕتر بکات.
(١٧) بلۆگۆرد، ناوی شەقامێکە، لە گەڕەکی نۆرەبرۆی شاری کۆبنهاون. نۆرەبرۆ گەڕەکێکی میللییە و خەڵکی سەربە زرۆ نەتەوەی ئەم جیهانە، بە کوردیشەوە، لەوێ دەژین. هەر بە ناوی بلۆگۆرد- ەوە کتێبخانەیەکی گەورەیشی لێیە. سەرەتای دەیەی ڕابوردوو، من ماوەی مانگێک بە پراکتیک لەم کتێبخانەیەدا کارم کرد. لەوێ گلەییم لە بەڕێوەبەری کتێبخانەکە کرد، بۆچی ژمارەیەکی کەم کتێبی کوردیی لێیە؟ ئەو کە ئافرەتێکی بەڕێز و بە مشوور بوو، گوتی: هەر ئێستا بڕۆ لە گەنجینەکەمان، کام کتێبەی بەلای تۆوە پەسەندە، سەد دانە بهێنە و لێرە دایانبنێ. منیش بە پەلە ڕۆیشتم، سەد دانە لە باشترین کتێبی ئەو کاتەم لە بوارە جیاکاندا هەڵبژارد و لەوێ لە شوێنێکی بەرچاودا، لەسەر ڕەفەیەک دامنان و لێم نووسی، (کتێبی کوردی). ڕۆژێک، دوان، سیان، مانگەکەم تەواو کرد، بێ ئەوەی کوردێک بێت یەک دانە کتێبی لێ بخوازێ!
(١٨) لە ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابوردوودا، یەک لەباری نووسەری کورد، بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی هێندە کارێکی سەخت بوو، وەک دەسکەوت هەژمار دەکرا. چونکە بە سەدان کەس ئەو بەرهەمەیان دەخوێندەوە. هەشبوون قسەیان لەسەر دەکرد. کەچی لەم سەردەمەدا زۆر نووسەر هەن بە خۆڕایی کتێبی خۆیان بە ناو خەڵکدا بڵاو دەکەنەوە و ئەوانیش بەزۆری نایخوێننەوە.
(١٩) زۆربەی تاکی کورد هەتا مردن تاکە کتێبێکیش ناخوێننەوە. کەچی هەر ئەو زۆربەیە، بەردەوام دەم لە سیاسەتەوە دەدەن، سیاسەتیش بریتییە لە کۆمەڵێک ڕشتەی بەناویەکداچوو. بە تایبەتی ئابووری و یاسا، لەگەڵ خوێندنەوەی دروستی کۆمەڵگە و دەوروبەر.
(٢٠) ئەگەرچی سامانی ڕاستی ئەوەیە کە لە مێشکدایە، نەک لە گیرفاندا، کەچی زۆرن ئەوانەی، ئەگەر تۆ زانیاریی نوێیان پێ ببەخشیت، دڕدۆنگ و نێربۆز دەبن، نەک خۆشنوود!
(٢١) پشوو کورتی لای تاکی کورد کارێکی وای کردووە، زۆر کەس هەتا دەمرن، لە هەر ڕشتەیەکدا بێت، تاکە کتێبێکیش نەخوێننەوە.
(٢٢) خوێندنەوە هەڵاتن نییە لە بێکاری و دۆخێکی نەخوازراو. کردەوەیەکیش نییە بە ناچاری هانات بۆ بردبێت. بەڵکو خوێندنەوە پێویستییە و دەتباتە ناو دونیایەکەوە، کە پێشتر بە تۆ نا ئاشنا بووە، بەڵام لەوێدا تۆ زۆر شت فێر دەبیت.
(٢٣) ئاشکراترین درۆی مرۆڤی کورد ئەمەیە: من کاتم نییە بۆ خوێندنەوە.
(٢٤) زۆرن ئەوانەی، کە لە کەپووی خۆیان دڕدۆنگ و ناڕازین، بۆیە پارە دەدەن تاکو قنج و بچووکتری بکەنەوە. کەچی یەک لەباری ئەقڵ و ئاوەز، وا دیارە هەموو کورد لە خۆیان ڕازین، بۆیە بە زۆری ناخوێننەوە.
(٢٥) مرۆڤی کورد بە زۆری، دەقیان پێوە گرتووە، لەم سەردەمەشدا هەر ناخوێننەوە، واتە ئێستایش نازانن لە سەر ئەم هەسارە مرۆڤهەڵگرە چی ڕوودەدات و بۆ ڕوودەدات؟ جا ئەو مرۆڤەشی نەخوێنێتەوە، زمانی ناوەستێ. بێ پاشخانی ڕووناکبیری هەر دەڵێت و نایبڕێتەوە.
(٢٦) کێشەکە لەوێدایە، کە هەندێک پێیان وایە، گوایە ئەوان چیی تر پێویستییان بە کتێب خوێندنەوە نەماوە. لە وەهمی ئەوەدا دەژین گوایە هەرچی ئەدەب، هونەر و زانست هەیە، ئەوان خەتمیان کردووە. هەندێکیش نوقمی ئەو وەژارەیەن، گوایە ئامێری مۆبیل تەلەفوون سەروزیادیانە و ئەوانە مۆبیل تەلەفوون بە جێگرەوەی کتێب، سینەما، مووسیک و چی و چیی دەزانن. لە حاڵێکدا تۆ بە درێژایی مێژوو ئامێرێک نادۆزیتەوە هێندەی مۆبیل تەلەفوونەکەی باخەڵت زیانیدە بووبێت.
(٢٧) ئەگەر توێژی مامۆستایان خوێنەر و کتێبناس بوونایە، ئەوا شاگردەکانیشیان فێری خوێندنەوە دەکرد. ئێستا لە کتێبخانە گشتییەکان، لەبەر جەماوەری مامۆستا و قوتابی، ڕێ بەر ڕێدار نەدەکەوت. مخابن، کە مامۆستا خۆی خوێنەر نەبێ، ئیتر کێ نەوەکان فێری خوێندنەوە بکات؟
(٢٨) من باوەڕناکەم لە هەزاران هەڤاڵی سەرکردە، دە دانەیان بخوێننەوە. خۆ من قسەم لەسەر ئەو ساتیر و وتارە ڕەخنەیییانە نییە، کە لە سەر شەخسی خۆیان نووسراون و لە ڕێی لایەنگر و دەستوپێوەندەکانیانەوە پێیان دەگاتەوە. ڕاستە ئەوان نووسەرانی وەک خانی، جەزیری، نالی و گۆران و پیرەمێردیان دەماودەم، بە بیستن بیستووە. وەلێ ڕێی تێ ناچێت شتێکی ئەوتۆ لەمەڕ ئێستای ئەدەبی کوردی بزانن. دیارە خەڵکێکی زۆر هەن، بە تایبەتی دەستوپێوەند، لاسایییان دەکەنەوە.
(٢٩) لەم ڕۆژگارەدا، کە سەردەمی زانست و زانیارییە، ئەو مرۆڤەی کتێب نەخوێنێتەوە، نابێ بە مرۆڤی کامڵ.
(٣٠) وەختێ نووسەر کتێبەکەی خۆی بە خۆڕایی دابەش دەکات، دەیسەلمێنێت، کە هێشتا لای کورد کتێب بە کاڵا (سلعە) نەبووە، پێموایە، کتێب، ئەگەر بە خۆڕایی دابەش کرا، ناگاتە دەست خوێنەری جیددی.
(٣١) بە زەینی ڕوون و مێشکی کراوە و هەستێكی ڕەخنەگرانەوە، کتێب بخوێنەرەوە. مەبە بە دەروێشی هیچ نووسەرێک. خۆ نووسەر شێخی تەریقەت نییە.
(٣٢) مرۆڤی گەمژەی لێ دەرچێت، خوێندنەوەی سەرومڕ بۆ ماوەی چەند ساڵێک، بۆی هەیە زەین و ئاستی ڕووناکبیریی مرۆڤ بە ئاوایەکی ئەرێنی، لە ڕەگەوە بگۆڕێت.
(٣٣) ئەگەر بە ژمارەی هاندەرانی تۆپی پی، تاکی خوێنەریشمان هەبوایە، دەبووین بە وڵاتێک لە ڕیزی نەرویج، فنلاند و ئیسرائیل.
(٣٤) ئێمە لەناو دوو جۆرە (جاهیلییەت)دا دەژین؛ ئەوەی خۆمان و ئەوەی عەرەبیش.
(٣٥) هەرێمێک زۆرینەی حەشیمەتەکەی منداڵ بێت، چیرۆکی منداڵانیش لەوێ، بە تیراژی (٥٠٠) کۆپی چاپ ببێت، مەعلووم ئەو هەرێمە لە تەنگژەدایە.
(٣٦) خوێندنەوە وەرزشە بۆ ئەقڵ و ئاوەز. هۆش و بیری مرۆڤ بەهێز دەکات؛ وەک چۆن یاریی ئاسن ماسولکەکانی جەستەی پتەو و بەهێز دەکات.
(٣٧) نەخوێندەوار ئەو مرۆڤەیە کە دەزانێت بخووێنێتەوە بەڵام پێی ئەغزە بخوێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر