هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی “فڕینی دوور”

ناسر حەقیقی

فڕینی دوور کتێبێکی خۆشدەست و خۆشفۆڕمە. ئەندازەکەی “ڕوقعی”یە کە پازدە لە بیست و دوو سانتیمەترە. پەڕەکانی سووکن و لە هەمانکاتدا ئەستوور، پێکەوە نانووسێن و خۆش هەڵدەدرێنەوە. کاغەزەکە زۆر سپی نییە لە چاو بدا و هیلاکی کا. فۆنتەکەی پێی نووسراوە فۆنتێکی باشە وخۆش دەخوێندرێتەوە . لە گەشتم بە ناو لاپەڕەکانیدا هەڵەی چاپیم نەدیتەوە.
ئەم کتێبە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە وەشانخانەی ٤٩ کتێب لە چاپ هاتە دەر .
1 -نووسەر کاک ناسری حیسامی لە سەرەتاوە بە کورتی باسی ژیانی سەرنجڕاکێشی سەردەمی مناڵیی خۆی دەکا . باسی سەردەمی ڕۆینی مامۆستا هێدیی باوکی بۆ ئەودیو تا ژیانی دیوەخان کە ئەودەم بەتایبەت لە موکریان وەک بنکەیەکی ئەدەبی بوو و لەوێ شیعر دەهات و دەچوو، دەخوێندراوە وهەڵدەسەنگێندرا و مشتومڕی لەسەر دەکرا. هەتا هاتنەوەی مامۆستای باوکی بۆ ئەم دیو تا یەکەم دیدار و گفتوگۆی سەرنجڕاکێشی دایکوبابی پاش چاردە ساڵ لێکدابڕان کە بە زمانێکی هێندە هێدی و هێمن و خۆماڵی و ساکار و پاکراو دەیگێڕێتەوە هەست دەکەی خۆت شاهیدی وتووێژەکە بووی :
دایکم گوتی : ئەو هەمووە ساڵە منداڵم بە نەداری بەخێو کردن تۆش ئاوا پاداشت دامەوە، چووی ژنت هێنا.
بابم گوتی : لە خۆشی خۆمم ژن نەهێنا. چاردە ساڵە ڕۆیشتووم. کەسم نەبوو. بەتەنێ نەدەکرا. کەس نەبوو نان و ئاوێکم داتێ.
شێوازی نووسینەوەی بیرەوەرییەکان و زمانی گێڕانەوەیان لەوپەڕی ڕەوانی وشیوایی دایە و شێوەزاری ناوچەی موکریانە، کە شێوەزارێکی پاراوی سۆرانییە. ئەو ڕستانەی بۆ دەربڕینی هەست وسۆزی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکان بە کاری هێناون سەرپاکی پاککراوە، لە هێڵەگ دراوە،بە شانە کراوە، بنۆکی لێ فڕێدراوە، سەرنجی لێدراوە و بیری لێ کراوەتەوە.
چیرۆکی مام حەمەکەریم وخات زارای خێزانی کە دەڵێ : کوڕەکە چایەکەت بخۆوە با سارد نەبێتەوە، نموونەیەکە لەو گێڕانەوە شیرنانە کە کاتێ دەیخوێنیەوە هەست دەکەی بۆخۆت لە شوێنی بەسەرهاتەکەی و شان بە شانی مام ئەحمەد لەسەر لەتە بەڕەکە دانیشتووی و چایەکت لە بەردەمە کە ئاوێتەی بۆنی مێخەکی بەر پشتێنی مام حەمەکەریم بووە .
2 – لە بەشی شیعر دا من بەکورتی و کورد گوتەنی هەشتێ لە مشتێ ئاماژەیەکی تیژپەڕ بە چەند شیعرێک دەکەم :
شیعری ئەم کتێبە هی بەینی ساڵانی ١٩٩٤ تا ٢٠٢٠ ە .
لە گەشتی بە ناو ئەم کتێبەدا دەرئەکەوێ کە سێبەری خەم و خەفەت و خۆزیا و خولیا لە نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ باڵی بەسەر زۆربەی شیعرەکاندا کێشاوە. تەنانەت لە شیعرە غەرامییەکانیشدا هەست بەم ئازارە دەکەی.
کاک ناسرلەم شیعرانەدا و پێشتریش لە بیرەوەرییەکانیدا هەستی پیرۆزی نیشتمانی، خۆشەویستیی گەل و ئاو و خاک، ئەوینداری، بڕوا بە مافی یەکسانی، دەردی دەربەدەری وغوربەت، وەفاداری و ئەمەگناسی، شینگێڕی بۆ پێشمەرگەی شەهید و دایکی پێشمەرگە و هونەرمەندانی نەتەوەیی گەلە بەشبەشینەکەمان لە چوارچێوەی غەزەل وچوارینە و شێعری نوێدا بە زمانێکی زۆر نەرم و دڵنشین دەردەبڕێ بە چەشنێک تۆ لە خوێندنەوەی شیعرێکی نیشتمانی بە هەمان ئەندازە چێژ وەردەگری، کە لە خوێندنەوەی شیعرێکی دڵداری.
3 -لە شیعری ئاڵا، شاعیر هەست و سۆزی بە سۆزی نیشتمانیی خۆی بەم شێوە هەستبزێوە دەردەبڕێ :
برینێکم لە دڵدایە، مەپرسە
سەرم چەشنێ بە سەودایە، مەپرسە
شەمی شەوگاری ماڵم بوو خەیاڵت
شەمم ئێستا لە بەر بایە، مەپرسە
لە باغی زەردەوە فەسڵی خەزەڵوەر
شەماڵی خۆشخەبەر نایە، مەپرسە
وڵاتی بەختەوەر ئاڵا بڵندن
لەوەی هەر خوێنی ئاڵایە، مەپرسە
لە شیعری ساز دا کاک ناسر وەکوو کەسێک کە هەڵوەدای ڕێگەی ڕزگاری نیشتمانە و بە چاوی خۆی هەڵوەرینی هیواکان و لێکهەڵبڕان و لێکترازانی خۆشکوبرا هاوسەنگەرەکانی دەبینێ بەم چەشنە خەم و پەژارەی خۆی لەوکارەساتە هەرمان دەکا .
بە سەر چوو کاتی جەژن و بەزمی دڵداران
بەتاڵ بوو کۆڕ و یەک یەک هەڵبڕان یاران
نە دەنگێک ما، لە بان و حەوش و هەیوانی
نە جیلوەی ڕەنگ، لە بەر تیشکی چراخانی
4 -ئیتر دوای ئەم کارەساتە دڵتەزێنە زیاتر هەست بەوە دەکا کە کورد تەنانەت لە وڵاتەکەی خۆشی مافی مانەوە و ژیانی ئاسایی و ئینسانی و دادپەروەرانەی نییە :
ماڵی دەروێشانە سینەم، ڕۆژی سەخڵەت بێرە ژوور
ئاوری کوانووی وەفا، لەو ماڵەدا قەت نامرێ
تۆ وتت دڵ ماڵی خۆتە و من کە کوردم وا نەبوو
لەم وڵاتەی من نەبێ، قەت خانەخوێ دەر ناکرێ
لەم غوربەتە بێبەزەیی و بێبڕانەوەیە دا لە گوێن بولبولێکی سەرمەست لە شەقەی شاباڵی خەیاڵ دەدا و ڕوو بە ڕووگەی نیشتمانی دایک دەنگی خەمینی لە گەرووی زامارەوە هەڵدەبڕێ :
من بولبولی گەرمێنم، لەم باخە نییە شوێنم
بەو زامەوە دەخوێنم، گوێ بگرە، تەماشا کە
سەد زامی ترم لێ بێ، سەد یادی ترم پێ بێ
سەد کۆچی ترم ڕێ بێ، ڕووگەی منە ئەو خاكە
5 -لە شیعری نیشتماندا شاعیر وەها ئەویندارانە کڕنۆش دەبا بۆ ئاو و سوجدە دەباتە بەر خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەی کە ئاگای لە دەوروبەر و کات و سات و گوزەری زەمان نامێنێ :
شۆڕەبیم، سەر دەخەمە بەر قەدەمی خاک و ئاو
ڕۆژ و مانگ بێنە سەرم، ئەو سەرە هەڵناهێنم
گەرچی هێلانە لە من تێک چوو، تەرەم ئێستاکە
مەلی ئەو باخەم و بۆ بێشەیی دی ناخوێنم
لە هەڵبەستی ئەسریندا دیسان ئەوە خەم و ئازار و دەردی گرانی بندەستی تەشەنە دەکا و بە ئەسرین لە چاوان دێنە خوار و بە جەوهەر لە پێنووس دەخزێنە سەر کاغەز :
ڕازێک لە دڵمدایە، شەرحی بە قەڵەم نایە
هاکا بووە بەحری خوێ، ڕۆیی لە دوو چاوی من
هەورێکی ئەگەر بێنێ، یەک ڕێژنە کە بڕژێنێ
سەد گوڵ وەخەبەر دێنێ، هەر دێم و بەراوی من
هەر چاوە لە ڕێگایە، هێوایە وەدی نایە
ژین ڕۆیی بەژێردەستی، ئەی دەستی شکاوی من

ھەواڵی زیاتر