حەمەسەعید حەسەن
قەیرانی شیعر
(تا ماته‌می گوڵ، تا خوێنی فریشته)(*) بریتییه له‌و کاره (شیعر)ییانه‌ی به‌ختیار عه‌لی که له نێوان ساڵانی ١٩٨٣ و ٢٠٠٤دا به‌رهه‌می هێناون. له‌و (دیوان)هدا که له پێنج سەد و پەنجا لاپه‌ڕه پێک دێت، ڕووبه‌ڕووی زۆر شت ده‌بیته‌وه، تاقه شتێک که بێویژدانی و زێده‌ڕۆیی ناکه‌م، ئه‌گه‌ر بڵێم تووشی نابیت، شیعره. کێشه‌که ئه‌وه نییه، من دژی نوێکردنه‌وه‌ی شیعر بم، کێشه‌که ئه‌وه‌یه، له‌و به‌رهه‌مه ئه‌ستووره‌دا، نه هه‌ستم به هه‌بوونی په‌خشانه‌شیعر کرد، نه به هه‌بوونی په‌خشانی ئه‌ده‌بی. جێی سه‌رنجه له ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لیدا، هه‌ندێک جار شیعر هه‌یه، که‌چی له دیوانیدا، ئه‌وه‌ی نه‌بێت شیعره.
له (دیوان)ی (تا ماته‌می گوڵ، تا خوێنی فریشته)دا، بۆ سیاسه‌ت بگه‌ڕێیت نا‌ئومێد نابیت، بۆ فیکر بگه‌ڕێیت، بێ هیوا نابیت، بۆ ئایین، قسه‌ی نه‌سته‌ق و فه‌لسه‌فه‌یش بگه‌ڕێیت، که‌م تا زۆر تووشیان دێیت. بۆ ده‌ربڕینی فارسی یان عه‌ره‌بی بگه‌ڕێیت، له هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانی کتێبه‌که‌دا هه‌ن، بۆ هه‌ڵه‌ی ڕێزمان و ڕێنووس بگه‌ڕێیت، به‌ده‌گمه‌ن تووشی دێڕێک دێیت، هیوابڕاوت بکات، وه‌لێ ئه‌گه‌ر بۆ زمانی شیعری، وێنه‌ی شیعری، ده‌ربڕینی شیعری و ڕسته‌ی شیعری بگه‌ڕێیت، ئه‌وا به درێژایی لاپه‌ڕه‌کانی (دیوان)ه‌که نا‌ئومێد ده‌بیت.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی ڕێنووس به‌سه‌ر بکه‌مه‌وه، ده‌بێت سه‌رله‌نوێ (دیوان)ه‌که بنووسمه‌وه، بۆیه ئه‌و لایه‌نه فه‌رامۆش ده‌که‌م. ئه‌گه‌ر ئاوڕێکی خێرا له ڕێزمان بده‌مه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت له ئه‌لفوبێوه ده‌ست پێ بکه‌م، ئاخر به‌ختیار عه‌لی ته‌نانه‌ت ده‌رکی به‌وه‌یش نه‌کردووه، ئه‌گه‌ر بکه‌ر کۆ بوو، ده‌بێت کرداریش کۆ بێت که ئه‌م ڕێسایه، قوتابی به ده دوازه ساڵی فێری ده‌بێت.
(عه‌فووم که‌ن هه‌ور و ئه‌ستێره،
عه‌فووم که‌ن خۆر و مانگه‌شه‌و. ل٢٧)
ئایا (بمبه‌خشن، بمبوورن یان لێم خۆش بن،) هه‌ر کامێکیان بگریت، له عه‌فووم که‌ن، جوانتر، له‌بارتر و له‌سه‌ر زار خۆشتر نییه؟
(دۆستایه‌تی پرگاڵی ده‌ستی من بوو،
نه‌متوانی بازنه‌یه‌کی (لێ) دروست بکه‌م. ل٣٣)
بۆ ئه‌و ڕسته‌یه، (پێ) ڕاسته، لێ هه‌ڵه‌یه.
(هه‌ر تۆ نیت،
له نابه‌ینی ئه‌ستێره و باخچه و ڕووباره‌کاندا
سه‌فه‌ر ده‌که‌یت. ل٩١)
(نابه‌ینی) که له‌م (دیوان)هدا، چه‌ندان جار هاتووه، هه‌ڵه‌یه، که‌سانی بێسه‌واد وه‌های ده‌ڵێن، (مابه‌ینی) ڕاسته که عه‌ره‌بییه.
(به‌نده‌ری خه‌یاڵ، ده‌رگای خه‌یاڵ، پێخه‌فی خه‌یاڵ، باڵکۆنی خه‌یاڵ، سفره‌ی خه‌یاڵ، باغی خه‌یاڵ، قه‌فه‌زی خه‌یاڵ، جه‌نگه‌ڵی خه‌یاڵ و زینده‌گیی خه‌یاڵ. ل٩٧) لکاندنی خه‌یاڵ، به‌و هه‌موو ناوانه‌وه، ته‌نیا له یه‌ک لاپه‌ڕه‌دا، زاده‌ی فهقیرخهیاڵییه.
(ئه‌ی ئه‌وه‌ی جیاوازیی ناکه‌یت له نێوان
ده‌نگی میحرابه(کان) و ده‌نگی ئاوه(کان)دا،
تۆ گه‌مژه‌یت. ل١٠٦)
(ڕۆژنامه (زبڵ)ه‌کان،
شاعیره (زبڵ)ه‌کان،
پرۆفیسۆره (زبڵ)ه‌کان،
دانیشگا (زبڵ)ه‌کان. ل١٢١)
(غهزهلبێژه گه‌مژه‌کان. ل١٢٢)
(ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رکرده سۆزانییه‌کان. ل٢٩٢)
به ڕاست (گه‌مژه، زبڵ و سۆزانی) جنێون یان شیعر؟ ئه‌گه‌ر (کان) که هیچ له‌گه‌ڵ زمانی شیعریدا کۆی ناکاته‌وه، قه‌لاچۆ بکرێت، (دیوان)ه‌که گه‌له‌ک لاپه‌ڕه که‌م ده‌کات. (من له پشت ته‌می سه‌ر ڕۆحی شاههنشاکانهوه سه‌یرتان ده‌که‌م. ل١١٦) (تاجی ڕه‌شی شاههنشاکان ئاویان کردبووه سه‌ر. ل٢٤٥) کێشه‌که هه‌ر ئه‌وه نییه که ئه‌و دوو ڕسته‌یه، شیعرن نین، ئه‌وه‌یشه: شاهه‌نشا که به مانای شای شایان دێت، ئه‌گه‌ر هه‌بێت، له دنیادا ته‌نیا یه‌کێک هه‌یه، که‌چی به‌ختیار عه‌لی هێنده شه‌یدای (کان)ه، دوای شاههنشایشی خستووه.
(جه‌خار له حه‌زی ئه‌م کالیپتۆسه مازۆشییانه بۆ ئازار. ل١١٨) چونکه مازۆشیبوون، حه‌زکردنه له ئازار، ئیدی که گوتت، مازۆشی، پێویستت به‌وه نییه، درێژه‌ی بده‌یتێ و بێیت پێناسه‌ی مازۆشی بکه‌یت، ئاخر ئه‌وه یاسایه که ده‌بێت شاعیر کورت‌بڕی ڕه‌چاو بکات. (ئه‌م ساقییه مازۆشییهی له خوێنی خۆی مه‌زه‌ی مازۆشیمان بۆ ده‌هێنێ. ل١١٨) پێ ده‌چێت، بڕیاری دابێت، چه‌ند جارێک مازۆشی بخاته ڕسته‌ی ناشیعرییه‌وه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ساقی شه‌راب ده‌هێنێت نه‌ک مه‌زه. ده‌توانین خوێن به شه‌راب، یان شه‌راب به خوێن بچوێنین، وه‌لێ خوێن له مه‌زه ناچێت. ئاخۆ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه، ئه‌و قسه ههلهقومهلهقانه که وڕێنه له چاویاندا قسه‌ی نه‌سته‌قه، به نرخی شیعر به خوێنه‌ر بفرۆشین؟
(به دوای ئه‌و شوڵکه ته‌ڕانه‌دا ده‌گه‌ڕێم که دارکارییان کردووم. ل٣٥٦) شوڵک دارکاریمان ناکات، ئه‌و که‌سه‌ی شوڵکهکهی پێیه، دارکاریمان (شولککاریمان) ده‌کات. (وه‌ک خورافاتپهرستێ خۆم نیشان دا. ل٢٢٨) زۆرن ئه‌وانه‌ی بڕوایان به خورافه، غه‌یب و موعجیزه هه‌یه، وه‌لێ ئه‌وانه خورافه‌په‌رست نین، خواپه‌رستن. (ملیۆنه‌ها فرسه‌خی دوورم ده‌دی. ل٢٤٧) خۆ فرسه‌خ، دره‌خت یان ئه‌ستێره نییه، تا میلیۆنانی (نه‌ک ملیۆنه‌های) لێ ببینین، فرسه‌خ: مهزهندهکردنێکه بۆ پێوانی دووری، ده‌شێت پێنج شه‌ش کیلۆمه‌ترێک بێت. که مانای فرسه‌خی نه‌زانیوه، هه‌ق نه‌بوو بیخاته ڕسته‌وه. (بۆنی زۆنگاو و سهرهنوێلکیان گرتووه. ل٣٦٨) (هه‌تا ماوم، بێباک به زێراب و زۆنگاوه‌کاندا دێم و ده‌چم. ل٣٦٨) وه‌ک به‌و دوو ڕسته‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، به‌د له مانای زۆنگاو حاڵی بووه، پێی وابووه، زۆنگاو، زه‌لکاوه، زۆنگاو که به عه‌ره‌بی (هور)ه، شوێنێکی پیسی له چه‌شنی زێراب یان سه‌ره‌نوێلک نییه، ژینگه‌یه‌کی جوان و خاوێنه و ئینسانی لێ ده‌ژی. ئاخۆ پاساوی بۆ ئه‌وه چی بێت که وشه‌گه‌لی وا ده‌خاته ڕسته‌وه، ما‌نایان نازانێت؟