شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ئەوە کێیە سلێمانی کردۆتە ئەلبانیای سەردەمی خۆجە؟

کاوە میران

ستران عەبدوڵڵا لە تازەترین نووسینی خۆیدا كۆمەڵێك دێڕی ڕیزكردووە. وشەكانی ناوناوە نووسین، بۆیە هەقی خۆیەتی شەنوكەوێكی بكەین و، چەند پرسیارێكی پشت ئەستوور بە واقیع لەخۆی و ئەو سیاسەتەش بكەین، كە لەپشتییەوە وەستاوە و هانی داوە ئەو دێڕانە ڕیز بكات.

زیاد لەهەر نووسینێكی دیكەی، هەژاری لۆژیكی و ئاستنزمی فیكری پێوە دیارە و، بەڕادەیەك دەتوانم بڵێم: زەكاتی پێدەشێت و، ئەگەر نووسین ڕەبتی لۆژیكی تێدا نەبێت، كەواتە هەموو شتێكە نووسین نەبێ، تەنیا ڕیزكردنی چەند قسە و دەستەواژەیەكی وەرگیراوی ناو هەندێ كتێبە، نەدەتوانێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت و، نە كەسیش پێ دەڵێت عافیەتت بێت، هاوكات ناتوانێت هیچ تەسویقێكیش بۆ ئەو حزبەی بكات كە دوای كۆنگرەكە پاشەكشێیان پێكرد و, ئەمێستا ئەو دەیەوێت بەم قسانە خۆی بەرێتە پێشەوە.

لەم ئانوساتەدا كە حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری هەرزانكردنی نانی دەركردووە، ئەو دەنگانەی دەیانەوێت هەموو شتێك بەڕەش پیشان بدەن، هاتوون سواڵی چەمك دەكەن و، دەیانەوێت هەرچۆن بێت، دژایەتی هەنگاوەكە بكەن، خۆ ئەگەر لەخەیاڵی خۆیشیانەوە بێت دەیانەوێ ڕووكاری بەراورد بدۆزنەوە، بڕیارەكەی حكوومەت بەڕەش پیشان بدەن.

ڕاستییەكەی ستران لەمەدا شەنسی لە هەمووان كەمتر بوو، یان هەر نەیبوو، چونكە قسەكانی بەخەیاڵێكی دی نووسیوە، ئەنجامەكەی، واتا و ناوەڕۆكەكەی تەواو دژی خۆی و حزبەكەی كەوتوونەتەوە، بەزمێكی بۆخۆی سازكردووە، كە تەنها بەڕەشكردنەوەی نووسینەكە و نووسینێكی دی بۆ پاساودانی ڕزگاری دەبێت!.

سەرەتا ئەو دەیەوێت بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دۆخی كوردستان بچوێنێت بەدۆخی ئەلبانیا و نموونەی “ئەنوەر خۆجە” دێنێتەوە بۆ سەرۆكی حكوومەت، ئەڵبەت تەنها لەم گۆشەیەوە نا، بەڵكوو لەدەیان گۆشەی دیكەیشەوە، نووسینەكەی كۆڵەوارە، مرۆڤ نازانێت چی و كام چەمكی بۆ ڕاست بكاتەوە.

لە دوای ساڵی 1944 “ئەنوەر خۆجە” وەکوو ڕابەری حیزبی شیوعییەکان بووە یەکەمین سەرۆکی وڵات.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەنوەر خۆجە کە بۆ ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری وڵاتەکەی کرد، وڵات دژی هەموو ئایین و پەرستشێک بوو، زۆرێک لە مزگەوت و کڵێساکان خاپوورکران و پەرستشەکان قەدەغەکران، لە ساڵی 1967 ئەلبانیا وەکوو وڵاتێکی بێ ئایین ناسێنرا.

هه‌ر بۆیه‌ لێره‌دا بەگشتی من چەند خاڵێكی زۆر كورت لەسەر ئەو بەخەیاڵ نووسینەی تۆمار دەكەم:

یەكەم: لەسەردەمی ئەنوەر خۆجەدا، ئەلبانیا دواكەوتووترین و هەژارترین پارچەی ئەورووپا بوو؟ باشە، بەڵام ئایا ئەو لێكچواندنە بەسەر حزبەكەی ستراندا دەچەسپێت یان بەسەر پارتیدا؟ ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی پارتین، لەڕووی ئاوەدانی و ژێرخانی ئابووری و داهاتی تاكەكەسەوە، بەراورد دەكرێن بەو ناوچانەی، كە لەژێر دەستەڵاتی حزبەكەی ستراندا بوون؟ ئایا حزبەكەی ستران لەماوەی دەیان ساڵی حوكمكردنی سلێمانی و دەوروبەریدا، چییان بۆ خەڵكەكەی كردووە؟ كوانێ داهاتی تاكەكەس؟ كوا پرۆژە؟ كوا گەشەی شار و ناوچەكانی ژێردەسته‌ڵاتی یەكێتی؟ فەرموو با لایەنی سێیەم قسەی خۆی بكات، پێمان بڵێت پارتی ناوچەكانی خۆی باشتر خزمەتكردووە و كاروخزمەت و بوژانەوەی بەخۆوە بینیوە؟ یان یەكێتی سلێمانی كردووەتە ئەلبانیای سەردەمی خۆجە؟

دووەم: باسی ئازادی دەكات گوایە ئازادی و نان پێكەوە گرێدراون! ئەوە قسەیەكی زۆر تەواوە، بەڵام دیسان لەدژی حزبەكەی خۆی دەشكێتەوە, چونكە نەتوانیویەتی نان دابین بكات نە ئازادی.
لەو نووسینەدا كە كوردستان بە ئەلبانیا لێكدەچوێنێت، دەبێ بزانێت كە ئەلبانیای خۆجە نازناوی زیندانە گەورەكەی لێنرابوو، چونكە ڕێگەی بە بچووكترین ڕادەربڕین نەدەدا؟ خەڵكی لەبەرانبەر بچووكترین بیروڕا و ناكۆكی سیاسیدا كوژران. ڕێك وەك ئەو چەندین كەسەی كەبەهۆی ناكۆكی لەگەڵ حزبەكەی ستران كوژران و دەكوژرێن!

لێرەدا دەڵێم: ئەو هینەی ستران هەڵیدا ڕێك ڕووی حزبەكەی خۆی گرتەوە. لەهەولێر یاسا مەسەلەكان یەكلایی دەكاتەوە، هەركەس سكاڵای لەسەر بێت، یاسا بڕیار لەكەیسەكەی دەدات. نەك لە نیوەشەوێكدا فیشەكێكی پێوەبنرێت و كۆتایی بەخۆی و ڕەخنەكانی بهێنرێت، وەك ئەوەی لەدەڤەرەكەی ستران ساڵەهایە باوە.

دواجار هەقی خۆیەتی بە نووسەری ئەو چەند دێڕە هەژارە بڵێین: ئێستا باسەكە باسی هەرزانكردنی نانە بۆ هەژارەكانی وڵات، نەك وەك تۆ دەڵێیت ناندان بە دیكتاتۆر، كەواتە ئێوە بۆچی قەڵس بوون و سواڵی وشە دەكەن ، بێ ئەوەی هیچ ڕەبتێكی لۆژیكی تێدابێت، تف هەڵدەدەن بەهەواداو دواتر بەڕووی خۆتان دەكەوێت…