خالید فاتیحی
نامه‌ی یازده‌یه‌م
ئازیزه‌كه‌م.
نووسیوته له‌گه‌ڵ دوازده كچ هاوڕێم؟ پێمبلێ له سینه‌مدا دوازده دڵ هه‌یه؟ كام هه‌وه‌سباز ده‌توانێت به‌رگه‌ی خۆشه‌ویستی زۆر بگرێت؟ مرۆڤ وه‌كو ئاو وایه، كاتێك هه‌سته‌كانی وه‌ك قومه‌كانی ئه‌م شله نه‌رمه كۆببنه‌وه، بهرهولایهك ده‌ڕۆن. بێگومان هه‌ركه‌سێك گوڵێكی له گوڵه‌كانی دیكه زیاتر خۆشده‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌لیقه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاراسته‌كان وه‌كو یه‌ك نین مه‌حاڵه بۆ لایه‌ك زیاتر سه‌رنجی رابكێشرێت.
عالییه! باوهڕناكهی ئه‌و گوڵه تۆبیت؟ كه‌یفی خۆته! هه‌قی ئه‌وه‌یان پێداوی چیایه‌كی گه‌وره له جێگای خۆی هه‌ڵبكه‌نی، بۆچی له به‌رامبه‌ر دڵێكی بچووك دۆشدادهمێنی؟
ئه‌گه‌ر بمه‌وێ رێگریت لێبكه‌م له‌وكاره‌ی كه سستكردنی دڵی منه، وه‌كو ئه‌وه وایه كه ویستبێتم سه‌لیقه‌و به‌هره‌ی خۆم به‌سه‌ر تۆدا بسه‌پێنم، تۆ بۆخۆت به‌باشی هه‌ستی پێده‌كه‌ی كه شایانی چیت و قبووڵ ناكه‌ی، پیاوێك كه كاڵایه‌كی هه‌رزانی كڕیوه شتێكت به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ.
راسته هیچ شتێك له دڵ بێ به‌هاتر نییه، من به دڵم تۆم كڕیوه، ئێستاش سهركۆنهم ده‌كه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌تتوانیوه ئه‌و هێڵانه كه هێڵ گه‌لی دراوێكی كانزایین و ناوی تۆیان له‌سه‌ر دڵم نه‌خشاندووه، بخوێنیه‌وه.
چۆندهكرێ له كاتێكدا كه خۆت به بایه‌خ ده‌زانی، من بایه‌خم نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی من ئه‌و دراوه كانزاییهم كه به بوونی تۆوه بایه‌خ په‌یدا ده‌كه‌م.
رووخساری تۆ، ناوی تۆ، شێوه‌ی تۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵمدایه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یادگاریانه هه‌ڵبگری پێویستم به‌وه نییه له ده‌ستی تۆدا بم، نا، پێویستم به‌وه‌ش نییه، ئه‌مشه‌و بێمه‌لات.
عالییه! تێكم بشكێنه‌و، ورد‌و خاشم بكه. دیسانه‌وه پارچه‌یه‌كی بچووكی من شوێنه‌واری وجودی تۆ نیشان ده‌دات. ئاگرم تێبهردهو بمخهناو قاڵبێكی تره‌وه، چۆنیه‌تی و ئه‌ندازه‌ی من هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر ته‌پوتۆزی رۆژگار نیشتۆته سه‌ر دراوێكی كانزایی، به‌جۆرێك نه‌توانی ئه‌و دراوه بخوێنیته‌وه و بیناسی، هه‌ڵیبگره‌و ده‌ستی پێدابێنه، بۆت ده‌رده‌كه‌وێ كه یادگاری چ كه‌سێكه.
دڵی شاعیر ده‌ریایه‌كی گه‌وره‌یه، سه‌یركه ده‌ریا به‌و هه‌موو گه‌وره‌یی و بهرینیهی خۆیه‌وه به شنه‌بایه‌ك رووخساری گرژ ده‌كات. بۆچی سووكه گومانێك رووخساری من خه‌مبار نهكاو نه‌مخاته ناو بیركردنه‌وه، له كاتێكدا كه سروشت دڵی منی هه‌ستیارتر له دڵه‌كانی دیكه خوڵقاندووه؟
پێتبڵێم چ شتێك بۆته هۆی ئه‌وه‌ی به‌د گومان بم: خۆشه‌ویستی، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشمده‌وێی! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌مویست خۆشه‌ویستییه‌كه‌م بشارمه‌وه، ئه‌وه ئاشكرای ده‌كه‌م. بنیاده‌م ناچاره هاوڕێكه‌ی بناسێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ متمانه‌ی پێبكات.
تۆ جگه له راستی و دۆستییه‌وه نه‌بێت ناتوانی ئه‌و دڵه‌ی ده‌یه‌وێت دنیا بگۆڕێت، بیگۆڕی. به‌ڵام لێره‌دا خاڵێكی سه‌رنجڕاكێش هه‌یه، كه ده‌بێ به وردی سه‌رنجی بده‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، مرۆڤه‌كان به مێشكی هاوشێوه نه ئافرێندراون، هه‌تا هه‌موویان به یه‌ك شێوه هه‌ستبكه‌ن و بڕوانن.
شاعیر ئه‌م كائینه سه‌یرو ده‌گمه‌نه‌ی سروشت، له راست، درۆ ده‌رده‌هێنێت. تۆ بیری لێبكه‌وه، له چاوی بترسه. كاتێك ته‌ماشای خه‌ڵك ده‌كات، خه‌ڵك له‌لای ئه‌و وه‌كو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوویه‌كی دوورودرێژ و یادگاری رۆژگاره كۆن و نادیاره‌كانن. ئه‌گه‌ر هیچ كه‌سێك نه‌توانێ ئه‌و لاپه‌ڕانه بخوێنێته‌وه، شاعیر ده‌یانخوێنێته‌وه. ئێستا پێكه‌وه مامه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ین، به‌ڵام دڵنیابه كه‌سه لاواز‌و بێچاره‌كان، ژنه‌كان و ئه‌و دڵانه‌ش كه رازه ئاڵۆزه‌كان په‌رێشانیان كردوون، هیچ پشتیوانێكی گه‌وره‌تر و باشتر له من شك نابه‌ن.
تۆ له‌و رێگایه باشه‌دا به‌ره‌و په‌ناگای خۆت ده‌ڕۆی، به‌ڵام پێویسته یه‌ك هه‌نگاو لاڕێ نه‌رۆی، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌م لادانه‌دا ده‌ستی منت گرتبێت، له زۆربه‌ی كاته‌كاندا بیری تۆ فه‌رمانی جیاجیات پێده‌دات، به‌ڵام هیچ له‌م فه‌رمانانه هاوشێوه‌ی ئه‌و فه‌رمانانه نین كه له لایه‌ن دڵێكی یاخی و گڕ گرتوو به خه‌ڵكی ده‌درێن. ئه‌م شكڵ و شێوانه چه‌نده له‌لام بێزاركه‌ر و مردوون له‌لای من! ئه‌وانه چه‌نده ئاژه‌ڵێكی ناحه‌زن، كه له شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كاندا دێن و ده‌چن! مه‌رگی ئازیزم پێ ببه‌خشه، به‌ڵام دیمه‌نی ئه‌م شاره‌م لێ بستێنه! له‌ژێر ئه‌و بنمیچه داخراوانهو له درزی ئه‌م دیواره بێ جووڵانه‌دا كێ ده‌توانێ دڵێكی ساغڵهمم نیشانبدات؟ هیچ كه‌س.
زۆرباش زمانی عه‌شق ده‌ناسی عالییه! هه‌روه‌ها ئه‌م دڵه‌ش ده‌ناسی كه ئازاری چێشتووه، به‌هه‌رحاڵ من سه‌ره‌ڕای هه‌ر تۆمه‌تێك كه ئاراسته‌ی منی ده‌كه‌ی، بۆ عه‌شقی تۆ، تا مردن ده‌فڕم. بژی نه‌مان.
تۆمه‌تبارێكی بێچاره‌و نه‌ناسراو كه تۆی خۆشده‌وێت.
نیما
24 گوڵانی 1305
*نامه عاشقانه‌كانی شاعیری ناوداری ئێران، نیما یوشیج (1897- 1959) كه به باوكی شیعری نوێی فارسی ده‌ناسرێ.