گەرمیان گلی – ههولێر
دوێنێ، بە ئامادەبوونی نووسەران و ئەدیب و ڕووناکبیران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەران و سیاسەتوانان، یەکەمین فێستیڤاڵی گۆڤاری ڕامان بەڕێوەچوو. کە بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت و چەندین پانێڵ و گفتووگۆی جددی ساز بکرێت. ڕامان گۆڤارێکی مانگانەییی ڕۆشنبیریی گشتییە، کە لە پێنجی ھەموو مانگێک دا لە شاری ھەولێر لە چاپ دەدرێت. ناوەڕۆکی گۆڤاری ڕامان بە گشتی وێژەی کوردیە.
ئازاد عەبدولواحید سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان، لە یەکەمین فێستیڤاڵی ڕامان دەڵێ: وەک گۆڤاری ڕامان، بە درێژایی ئەو ساڵانە، ناوەندی ئەدەبی و ڕووناکبیری کورد، گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن کە بە دووری یەک مەودا، مامەڵەمان لەگەڵ قەڵەمی هەموو نووسەرێک کردووە، هەر ئەوەیشە سەنگینی گۆڤارەکەی پاراستووە و وای کردووە لەهەموو باروودۆخە سەخت و نەخوازراوەکانیشدا بە سەدان قەڵەمی گرینگ کە سەر بە سەنگەری سیاسی و فکری جیاوازن لێی کۆببنەوە. بۆ تەواوکردن و گەیاندنی پەیامەکانمان، دەبوو بیر لە سازدانی فێستیڤاڵێکی ساڵانەی لەو شێوەیە بکرێتەوە تا زیاتر بە ئەرکە کولتووری و فکری و مێژووییەکانمان ڕابگەین، ئەگەر زووتر دەستمان پێنەکردووە و نەمانتوانیوە، هۆکارەکەی ئێمە نین، چونکە لەدوای نەوەدەکانەوە لە خەمی ئەو جۆرە کارانە بووینە و هەستمان بە پێویستی و گرینگی ئەو جۆرە فێستیڤاڵ و کۆڕ و سیمینارانە کردووە. بۆ وەبیرهێنانەوە ئەرشیفەکەمان پێمان دەڵێت، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە هەولێر زۆر کۆڕ و سیمینار و فێستیڤاڵی گرینگمان بۆ کارەکتەری ئەدەبی و فکری و هونەری کردووە، هەفتەی ڕۆشنبیریمان بۆ ڕۆشنبیران و نووسەران و داهێنەرانی سلێمانی سازکردووە، کە فراوانترینیان فێستیڤاڵێکی زۆر گەورەبوو کە لەساڵی ١٩٩٩ لە پێنجەم ساڵیادی ڕامان سازمان دا، هەروەها بەبۆنەی دەرچوونی ٢٠٠ ژمارەی ڕامان، فێستیڤاڵێکی زۆر گەورەمان کرد، کە زۆر پانێڵی گرینگی لەبارەی ئاریشەکانی ڕۆشنبیری کوردی تێدا پێشکەش کرا. لەوانەیە لەبەر پچڕ پچڕی کاتی گرتنی ئەو فێستیڤاڵ و سیمینارانە و بەردەوام نەبوونمان لەسەریان پێمانەوە دیار نەبووبێت، بۆیە دەکرێ ئەو فێستیڤاڵەی ئێستامان سەرەتایەکی باش بێت ئەگەر ببێتە نەریتێکی ساڵانە و پشتیوانی لێ بکرێت، دڵنیام ساڵانی داهاتوو باشتر پەیامەکانی خۆی دەگەیەنێت. ئەمڕۆکە گۆڤاری ڕامان بۆتە سەکۆیەکی ئازاد، متمانەیەکی زۆری لەلای خوێنەرانیش بەدەستهێناوە، بۆیە وەک نەریتێک هەموو ٥ی مانگێک لەکاتی خۆیدا ژوانیان لەگەڵیدا هەیە و بەتاسەوە دەیخوێننەوە. بۆیە مایەی خۆشحاڵیمانە و شانازیشی پێوە دەکەین، ئەمڕۆ گۆڤاری ڕامان بۆتە تەمەندرێژترین گۆڤاری ئەدەبی لەناو ڕۆژنامەگەری کوردیدا، کە بە پشوویەکی درێژەوە بەردەوامە لە دەرچوون، هەر نەشدەکرا ئەو پەرۆشییە بۆ زمان و داهێنان و نوێگەری، هەوڵەکان لە دووتوێی ئەو گۆڤارەدا قەتیس بمێنن، دیالۆگی هەمەلایەنەی قوڵتریان لەبارەوە نەکرێ و بۆ فێستیڤاڵێکی ساڵانەی نەگوێزینەوە. بۆیە خەونەکانی ڕامان تەنیا بەدەرکردنی گۆڤارێک کۆتایی نایێت، هیوامان زۆرە لە ئاییندەدا هەنگاوی گەورەتر بهاوێژین و دڵنیام لە کەموکوڕی بەدەرنییە، هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا پۆشتە و پەرداختر خۆی بنوێنێت. دەمەوێ داوای لێبووردن لەو هاوڕێ ئەدیب و نووسەر و توێژەرانەمان بکەم کە ئەمساڵ نەمانتوانی بۆ ئەو فێستیڤاڵە بانگهێشتیان بکەین، بمێنین لە ساڵانی داهاتوودا ئەوانیش بەسەردەکەینەوە. لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم سپاسی گەرمی خۆم ئاراستەی هەوڵ و ماندووبوونی ئەوانە بکەم کە پاڵپشتیان کردین، چ وەکو دامودەزگای کولتووری و ڕاگەیاندن، یان هاوکارەکانمان لە ڕامان و دەرەوەی ڕامان، کە دڵسۆزانە کاریان بە سەرخستنی کارەکان کرد. چیخۆف گوتەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت؛ “لە دونیای نووسیندا گەورە و خزمەتکار هەیە” ئێمە کە دەستمان داوەتە کارکردن لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ، خۆمان بە خزمەتکاری گەورەکان زانیوە.
د. سالار عوسمان بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: لە یەکەمین فێستیڤاڵی ڕامان، دەمانەوێ بگەڕێینەوە بۆ نێو مێژووێکی نزیک لە ساڵی ١٩٩٥ و ١٩٩٦، ساڵی ١٩٩٥ ڕووداوێکی گرینگی کولتووری لە دهۆک لە فێستیڤاڵی یەکەمی خانی سازکرا، کە هەموو ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندانی کوردستانی کۆکردەوە لە ساتەوەختێک کە بەداخەوە شەڕی نێوخۆ بوو، دواتر لە ١١ی ٦ی ١٩٩٦، جارێکی تر و لە دەرەتانێکی تری دیرۆکیدا، یەکەم گۆڤاری ڕامان بەنێوی تێڕامان کەوتە بەر دیدەی خوێنەران و کتێبخانەی کوردی، هەردوو زەمەنەکە هەم ساڵی ١٩٩٥ و دواتریش ساڵی ١٩٩٦ بەداخەوە لەنێو شەڕی نێوخۆ و کێشەی سیاسی بوو، ئەوکاتە دیدگا و ڕوانینێک هەبوو لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان کە کولتوور و ئەدەب و ڕووناکبیری، دەکرێ وەک چارەسەر سەیر بکرێت. بۆیە ئەو بەڕێزانەی کە ئەوکات بڕیاریاندا خەڵکی ڕووناکبیر و چارەسەرئامێز بوون، پێیان وابوو لەڕێگەی پەیڤ و وشە و رستە و پەڕەگراف و مانیڤێستە کولتووری و ئەدەبی و هونەرییەکان، دەکرێتە دەستباری خێر لەگەڵ گەلێکی هەڕەشەلەسەری قووڵبوو بەنێوو خەمەکانی کە لە ئێستایشدا گرفتی شەڕی نێوخۆ و گرژیەکانی هەیە، بپەڕێتەوە بۆ چارەسەر و بەیانییەکی باشتر و ئایندەیەکی بەرهەمدارتر. لەنێو ئەو مێژووەدا ناکرێ ئەو بەڕێزانە باس نەکەین و سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دانەنوێنین. لێرەوەیش بەهەمان هەناسە، بەڕێزەوە سەیری هەموو ئەو دیدگا و ڕوانگانە دەکەین کە چارەسەری سیاسیان پێیە، چونکە ئەدەبیات، کولتوور و هونەر، ڕۆشنبیری بەمانا گەورەکەی چارەسەری گرفتە سیاسییەکان دەکات و ڕەنگەکان لەیەکتر جیادەکاتەوە. کولتوور و ئەدەبیات ڕێگا لە تاریکی و تاریکپەرستی دەگرێت و پانتاهی بۆ ڕووناهی و ڕووناکی دەکاتەوە، کولتوور و هونەر و ڕووناکبیری و ڕەوتی ڕۆشنگەری ڕێگا لە لنگی و لەنگی دەگرێ و وڵاتێک لە گەشاوەیی پێشکەش دەکات. بەهەمان دیدگا ئەمجارەیش پێمان وایە کولتوور دەتوانێ ئەو چارەسەر و پەڕینەوە باشە بێت. هەر لەنێو ئەو مێژووەدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یەکەمین گۆڤاری ڕامان، ناکرێ ڕۆڵی دوو کەسایەتی باس نەکەین لەو مێژووەدا کە توانیان ڕامان سەرپێ بخەن، یەکەمیان کاک سەرۆ قادرە، کە ئەوکات بەرپرسی ئەو ئۆرگانە بوو، دووەمیان شەهیدی سەرکردە شەوکەت شێخ یەزدینە، کە خاوەنی ئیمتیازی ئەو گۆڤارەیە. هەر لێرەوە دەمەوێ ڕۆڵی کاک ئازاد عەبدولواحید بە گرینگییەوە باس بکەین، دەمانەوێ پێی بڵێین کە هەموو تەمەنت بە ڕامان بەخشی و پێشتریش تەمەنت بە نووسین و ئەدەبیات و ڕەخنەی جددی و بنیادنەرانە بەخشی، تۆ یەکێکی لەو قەڵەمە گرینگانەی نێو ئەدەبیات و نووسینی کوردی، بۆیە ئێمە بەڕێزەوە هەم لە دوێنێت هەم لە ئەمڕۆت و هەم لە بەرهەمداریت دەڕوانین. ئەم فێستیڤاڵە ماناگەرێکی زۆر لەخۆی کۆدەکاتەوە، گرینگترینیان بریتییە لە ناونیشانەکەی، ناونیشانی ئەمساڵ کورد و سیاسەتی کولتوورییە. لەکوێین ئێمە لەڕووی سیاسەتی کولتوورییەوە؟ سیاسەتی کولتووری هەرێمی کوردستان و کورد بەشێوە گشتییەکەی لەچ ئاستێک دایە؟ ئایا گەنگەشە و گفتووگەیەکی قووڵ کراوە لەوەی کورد و سیاسەتی کولتووری، ڕوانگەی کورد بۆ سیاسەتی کولتووری. ئێمە لەم فێستیڤاڵە گوێبیستی ئەو پانێڵیستانە دەبین، کە هەر یەکێک لەو پانێڵستانە بۆخۆیان ڕەقەمی گەورەن لەبواری خۆیاندا. هیوادارم بەم جیاوازییەوە بتوانین بەرهەمدارییەکی چارەسەرئامێز پێشکەش بکەین، هەروەها داواکارین لە پانێڵ و پانێڵستەکان و بەڕێزانی بەشداربوو ئامادەیی گفتووگۆی باشیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە هەموو ئەو بەرهەم و گفتووگۆیانە کۆبکەینەوە، چونکە ئێمە بەنیازین هەموو ئەو بەرهەمانە بکەینە کتێب. هەر لێرەوە سڵاو بۆ شاعیران دەنێرین، کە لێرە نەتەوە جیاوازەکان شیعر دەخوێننەوە، خۆشەویستی بۆ هونەرمەند و قوڕقە زێڕینەکانیان، بۆ پانێڵستە ئازیزەکان و بۆ بەڕێوەبەری پانێڵستەکان. سوپاس و ڕێز و پێزانینم بۆ سەرجەم لێژنەکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندی و دیزایین و هونەری و ڕاوێژکاری ئەم فێستیڤاڵە دەنێرم، گەر ئەوان نەبوونایە ئەو فێستیڤاڵە سەرپێ نەدەکەوت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، دەربارەی سازدانی یەکەم فێستیڤاڵی ڕامان گوتی: دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی ڕامان دەکەم، کە جگە لەو دیرۆک و ڕابردوو و مێژووە جوانەی ئەدەب و قەڵەم، بۆ ئەو ئازادی و داهێنان و نوێخوازییە، کە لەماوەی ٢٧ ساڵی تەمەنی ڕامان گرتوویانەتە بەر، بە ئەنجامدانی ئەو فێستیڤاڵەیش کە نەریتێکی ساڵانە دەبێت لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، تەواوکاری هەموو ئەو دیدگا و ڕوانگە جوانانەیە کە لەماوی ٢٧ ساڵی تەمەنی خۆیدا ڕامان پێشکەشی وشە و ئازادی و کولتوور و هونەر و ئەدەب و داهێنان و قەڵەم و ڕۆشنگەری کردووە لە کوردستاندا. زەمەنی لەدایک بوونی ڕامان ئەو زەمەنە بوو کە فیشەکێک لە سینگی براکان بوو، بەڵام لەپاڵ ئەوەیشدا کە ئەوکات خەڵکی ناوچەکە چاوی لەسەر پەلاپیتکەی فیشەکەکانی براکوژەکان بوو، عەقڵی ئینسانەکان لەلای ژمارەی تاوانەکان بوو، دیدگا و تێڕوانین و قەڵەم و دەربڕینەکان، هەمووی زبر و توند و لەناوبەرو ڕووخێنەر بوون، لەگەڵ گزنگی ڕۆژیشدا خەڵکانێک هەبوون بیریان لە عەقڵانییەت و نیشتیمانسازی و کولتوور و ڕۆشنگەری و ئاوێتەبوونی ڕوانگایەکی ئاوێتە دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەدا ڕامان لەنێو ئەو تەپ و تۆز و نەهامەتی و ڕەشبینییەدا لەدایک بوو. دیدگای ڕامان و وشەی ئازاد لەئەنجامدا سەرکەوت و ئەمڕۆ هەموو دیدگا و ئامانجەکان لە تێڕامانی ئایندە و وڵاتسازی و نیشتیمانسازی و مرۆڤدۆستی و کولتووری تێدا بەدی دەکرێت. بۆیە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە کە دەبێتە نەریتێکی ساڵانە، بە کارێکی گەورەی دەبینین و پێمان وایە دەبێتە بەشێکی دیکە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ڕامان و هەموو ئەو قەڵەمە بە هەڵوێستانەی کە لەناو دێڕ بە دێڕ و تێکست و لاپەڕە و وشەکانی ڕامان دا نەخشڕێژی ئەو ئایندەیان کردووە.