چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان ده‌كات

یادى شه‌ست ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان به‌ گه‌رمى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و كارمه‌ندان و گوێگرانى، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م، هیواى به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان خاوه‌ن مێژوویه‌كى پرشنگداره‌. یه‌كه‌م ده‌نگى شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى گه‌لى كوردستانه كه‌ په‌یامى ڕه‌واى دۆز و گه‌لێكى سته‌مدیده‌ى ئازادیخوازى به‌ جیهان گه‌یاند. ده‌نگێگ كه‌ له‌ ڕۆژگارى سه‌ختى خه‌بات و تێكۆشاندا، بووه‌ هیوا و ئومێد و جێى بڕوا و متمانه‌ى خه‌ڵكى كوردستان.

ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان، هه‌ر به‌ ته‌نیا ڕادیۆیه‌ك نه‌بوو، به‌ڵكوو سه‌رده‌مێكى دوورودرێژ، بووه‌ مه‌ڵبه‌ندێكى گه‌شى په‌ره‌پێدانى ڕۆشنبیرى و هۆشیارى و بیرى سیاسیى كوردستانییان و ده‌نگى دلێرى به‌ره‌نگاربوونه‌ى سته‌م و دیكتاتۆرى و داگیركارى. بووه‌ قوتابخانه‌یه‌ك، به‌ ده‌یان و خامه‌ و ناوى دیارى له‌ بوارى نووسین و ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ریدا پێگه‌یاند.

له‌ كاتێكدا ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان، دواى شه‌ست ساڵ، ئه‌مڕۆش هێشتا له‌ ئه‌رك و خزمه‌ت به‌رده‌وام و کارایه‌، ده‌ستخۆشى له‌ یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ى ستافه‌كه‌ى ده‌كه‌ین و به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ دڵسۆزى و ڕه‌نج و ماندووبوونى هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌ڕوانین كه‌ له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێكدا بێت، شانازیى خه‌بات و خزمه‌تكردنیان له‌ ئێزگه‌ هه‌بووه‌.

هه‌میشه‌ سه‌رفراز و سه‌ركه‌وتوو بن.


نێچیرڤان بارزانى
2023/9/28