سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

جگەرە و شێرپەنجەی سیپەلاک

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

شێرپەنجەی سیپەلاک بریتییە لە تووشبوونی ڕێڕەوی هەناسە و سیپەلاک بە شێرپەنجە، کە شێرپەنجەیەکی كوژەر و هەرە باوە لە جیهاندا.

مردن بەهۆی شێرپەنجەی سیپەلاکەوە یەکەم هۆکاری مردن بە شێرپەنجەیە لە سەرانسەری جیهاندا؛ پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە پێویستە هاووڵاتیان نەریتی پشكنینی پێشوەختە جێبەجێ بكەن و خۆیان بدەنە بەر پشکنینی سکرینی سیپەلاک. د. هیوا خالید گەردی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و كۆئەندامی هەناسە لە بارەی پشكنینی پێشوەختە ڕوونی دەكاتەوە كە: بریتییە لە دۆزینەوەی پێشوەختەی شێرپەنجەی سیپەلاک، کە بە تیشکی سی تی سکانی سیپەلاک، دەستنیشان دەکرێت، پێش ئەوەی هیچ نیشانەیەکی لێ بە دەربکەوێت لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا کە دەتوانرێت چارەسەری بنبڕی بۆ بکرێت و، ڕێگە لە تەشەنەکردنی بگیرێت، چونکە زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە کاتێک دەستنیشان دەکرێت و نیشانەکانی لێ بە دەردەکەوێت کە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.
د. هیوا خالید دەربارەی هۆكارەكانی شێرپەنجەی سیپەلاک دەڵێت: هۆکاری سەرەکی، جگەرەکێشان؛ سەدا٨٥ـی ئەوانەی کە شێرپەنجەی سیپەلاکیان هەیە جگەرە دەکێشن یان لەپێشتر جگەرەیان کێشاوە. هۆکاری تریش هەن بێگومان وەک پیسداگەڕانی ژینگە و و هۆکاری بۆماوەیی، بۆیە ئەگەر هەر سێ خاڵی ئەو حاڵەتانەی خوارەوەت تێدا بەدی دەکرێت پێویستە پشکنین بکەیت، با هیچ نیشانەیەکیشت نەبێت.
1- تەمەن لە نێوان 50 بۆ 80 ساڵاندا بێ.
2- جگەرە دەکێشیت؛
3ـ پێشتر بۆ ماوەی 20 ساڵ جگەرەت کێشاوە.
د. فەهمی حسێن پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە بارەی ڕێگاكانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی سیپەلاک گوتی:
باشترین ڕێگای خۆپارێزی ئەوەیە كە لە هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكە دوور بكەوینەوە، ڕوونە كە بەشێك لە خەڵك جگەرە دەكێشن و ناشتوانن خۆیان كۆنترۆڵ بكەن بە نەكێشانی جگەرە، بۆیە دەبێت بڵێن ئەوكەسانە دەبێت چی بكەن؟ ئەمەش جۆرێك پشكنین هەیە كە دەتواندرێت پێشوەختە بكرێت و پشكنینی سیپەلاکیان بۆ بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمە ئەم پشكنینە نەبووەتە كولتوور و خەڵك پێشوەختە سەردانی پزیشك بكات بۆ پشكنین، هەربۆیە پێویستە ساڵانە جگەرەكێشەكان بەلای كەمەوە جارێک پشكنین ئەنجامبدەن، بەڵام مەرج نییە هەموو جگەرەكێشێك ساڵانە ئەم پشكنینە ئەنجام بدات، بەڵام هەر جگەرەكێشێك تەمەنی لە پەنجاوپێنج ساڵ تێپەڕی و زیاتر لە سی ساڵیش جگەرەكێش بێت و ڕۆژانەش زیاتر لە یەك پاكەت دەكێشێت، ئەمەش باشترین كارە بیكات چونكە پشكنینی سادەی تەندروستی لە بوونی سەرەتایی شێرپەنجە ئاگاداری دەكاتەوە و چارەسەریشی ئاسانتر دەبێت.