پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سه‌رۆكى ديوان پێشوازى له‌ پاتریارکی نوێ کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی كرد

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممە 22/6/2023 به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز قه‌داسه‌تى مارگۆرگیسى سێهەم یۆنان، پاتریارکی نوێى کەنیسەی ڕۆژهەڵاتیی کۆن و شاندێكى یاوەری کرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان مه‌تران مار يه‌عقووب دانيال، مه‌تران مار تۆما ئيرميا و قه‌شه‌ مار شه‌معوون دانيال پێكهاتبوو.

له‌ ديدارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆكى ديوان وێڕاى به‌خێرهێنان، به‌ ناوى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، پيرۆزبايى لێكرد بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك سەد و دەیەمین پاتریارکی نوێى کەنیسەی ڕۆژهەڵاتيی کۆن و هيواى له‌شساخى و سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركه‌كه‌يدا بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانی بۆ دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز قه‌داسه‌تى پاتريارك، وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى به‌ دۆخى پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينى خۆى و په‌يڕه‌وانى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهەڵاتيی کۆنى بۆ سه‌رۆكايه‌تى و ڕۆڵ و هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بره‌ودان به‌ پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و لێبورده‌يى له‌نێو پێكهاته‌كاندا ده‌ربڕى.

تاوتوێكردنى بارودۆخى پێكهاته‌ى مه‌سيحى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ گرنگيى پاراستنى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه‌ و مافى هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.