ڕێژین قاسم محمود
خێزانەکان دەتوانن دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەی منداڵەکانیان کەم بکەنەوە و ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن بە تایبەتی لە قۆناغی کۆتای خوێندندا،چونکە بەشێکی زۆر لە قوتابیان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا دووچاری پەشێوی و شڵەژانی دەروونی دەبنەوە .
دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوە حاڵەتێکی دەروونیە قوتابی هەست بە ترس و نائارامی دەکات، کە ئەمەش هەڵچوونێکە هەندێك لە قوتابیان ڕووبەڕووی دەبنەوە پێش تاقیكردنەوە یان لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا، هەروەها وا لە قوتابی دەکات هەست بە گرژی و هەڵچوونێكی توند بکات، لەوکاتەدا سترێسێکی زۆر مێشکی داگیر دەکات سەبارەت بە خۆی و تاقیكردنەوەكانی کە ئەمەش بەشێوەیەکی سلبی كاردەكاتە سەر چۆنیەتی وەڵامەکانی لە تاقیکردنەوەکاندا.
زۆرکات دڵەڕاوکێ و هەڵوێستی پڕ لە نیگەرانی خێزانەکان زۆر زیاتر کاریگەری نەرێنی لەسەر فێرخوازان دەبێت. پێویستە خێزانەکان گوێ بگرن و تێبگەن و نیشانی منداڵەکانیان بدەن کە لێیان تێدەگەن و زەخت و فشار دروست نەکەن لە بەدەستهێنانی (نمرەی بەرز)، چونکە گەنجان لە پڕۆسە سەختەکانیاندا زۆرترین پێویستیان بە پشتیوانی خێزانەکانیان هەیە،سترێسی تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە زانکۆ چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵانێک پێشتر دروست دەبێت زۆرجار دەبێت بەترسێکی گەورە کە ئاخۆ دەبێت بگات بەو ئامانجەی کە قوتابیەکە هەوڵی بۆ دەدات لە بەشێک لە فێرخوازاندا دەبێت بە گرێیەکی دەروونی کە زۆربەی کات خێزانەکان هۆکارن بۆ دروستکردنی ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە، چونکە شکست قبوڵ ناکەن یاخود زۆر زیاتر ئومێد دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئاست و نمرە بە بەراورد بە توانای فێرخوازەکە، لە ڕاستیدا هەموومان دەزانین کە تاقیکردنەوەکان سەرەکیترین بەشی سیستەمی خوێندنن وە سەرچاوەی سترێس (فشاری دەروونیین) بۆ زۆربەی قوتابیان، بۆیە زۆرگرینگە خۆیان لادەن لەتوشبوون بە قەلەقی و دڵەڕاوکێ بەهۆی ئەم جۆرە فشارە،پێویستە دایکان و باوکان بزانن و ئەوهەلومەرجە بڕەخسێنن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە دەکەن.
پێویستە دایکان و باوکان چی بکەن بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی فێرخوازەکانیان لە کاتی تاقیکردنەوەدا ؟
١- بەهای منداڵەکەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکە ناپێورێ: وابکە منداڵەکەت هەست بە بەهایەکی زۆر بکات پێش تاقیکردنەوە و دوای تاقیکردنەوە،هەستی خۆتی بۆ دەرببڕە کە بەها و گرنگی منداڵەکەت ئەنجامی تاقیکردنەوەکە ناپێورێت. لەگەڵیدا قسە بکە و بڵێ کە دەرئەنجامەکە هەرچیەک بێت قبوڵکراو دەبێت پەیامی ئەوەی پێ بدرێت کە هەموو تاقیکردنەوەکان کاتین، لەبیرت بێت کە پەیوەندیت لەگەڵ منداڵەکەت هەمیشەییە.
٢- دوور بکەوەرەوە لە لێدوانی ناچاری: واتە لە ڕستەی ناچارکردن و زەخت لێکردنی وەک “دەبێت بیرکاری تەواو بکەیت،دەبێت ببیت بە دکتۆر، نابێت لە سێ هەڵە زیاتر بکەی لە تاقیکردنەوە، دەبێت ئەمساڵ لە شوێنێک جێگیر بیت، دەبێت لە باشترین بەش لە زانکۆ وەربگیرێیت” ئەم دەستەواژانە بەکارمەهێنە،چونکە دەبن بە هۆکارێکی سەرەکی فشار و شڵەژانی دەروونی و دەبێتە هۆی نیگەرانی و سەرقاڵکردنی فێرخواز .
٣- تەرکیز لەسەر ئەمڕۆ بکە نەک سبەی: تەنانەت ئەگەر پێت وایە زانکۆ زۆر پێویستە بۆ ئەوەی منداڵەکەت داهاتوویەکی باشی هەبێت، دڵەڕاوکێت کەم بکەرەوە. بیرکردنەوە لەو دڵەڕاوکێیەی کە تووشی دەبیت، دەتوانێت فشاری تاقیکردنەوەی منداڵەکە زیاد بکات. سەرنجت لەسەر ئەوە بێت کە منداڵەکەت ئەمڕۆ چی دەکات نەک سبەی چی دەکات یان تا چەند دەخوێنێت. ئەمەش هەم ڕێگری دەکات لە دڵەڕاوکێی توندت سەبارەت بەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکە چی دەبێت و هەم دڵەڕاوکێی منداڵەکەت کەم دەکاتەوە.
٤- بە تاقیکردنەوە زیرەکی منداڵەکانتان مەپێون : بۆنموونە، تۆ زۆر زیرەکی، بە دڵنیاییەوە نمرەی زۆر بەرز بەدەست دەهێنیت” جۆری لێدوانەکان تەواو مەترسیدارن. دوور بکەوەرەوە لە ڕستەی زیادەڕەوی، چونکە چاوەڕوانییەکانت لەگەڵ ئەو شتانەدا دەگونجێت کە منداڵەکەت دەتوانێت بیکات، هەروەها یارمەتی دەدات کە دڵەڕاوکێی کەم بکاتەوە. لەگەڵ تاقیکردنەوەکەدا زیرەکی منداڵەکەت مەپێوە، چونکە هۆکارەکانی تری وەک وروژاندنی منداڵەکەت، دڵەڕاوکێی داهاتوو، بارودۆخی جەستەیی ئەو شوێنەی کە تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجام دەدات، خەوی شەوانە، باری تەندروستی ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئاستی منداڵەکەت هەبێت لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا .
٥- پلانی ئەو چالاکییانە دابنێ کە پاڵنەر زیاد دەکات بۆ منداڵەکەت: بەشداری پێ بکە لەو چالاکییانەی کە لە کاتی پرۆسەی تاقیکردنەوەدا فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە. بۆ زیادکردنی پاڵنەری منداڵەکەت و
کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، پێکەوە ئەو چالاکییانە ئەنجام بدەن کە وزەتان زیاد دەکات.
٦- با قسە و کردارەکانتان ئەرێنی بن: چەند ڕۆژێک پێش تاقیکردنەوەکە ناچاری مەکە بخوێنێت. یارمەتی بدە لە ژیانی خوێندنیدا بەرپرسیارێتی خوێندن لە ئەستۆ بگرێت و زمانی جەستەشت ئەرێنی بێت و توندو تیژی و توورەبوونی تێدا نەبێت .لەبری “خوێندن” چۆن دەتوانیت یارمەتی بدەی بۆ کارکردن بە شێوەیەکی کاراتر، ئایا داواکارییەکت لە ئێمە هەیە، ئایا شتێک هەیە کە پێویستت بە یارمەتی هەبێت یان شتێک کە بتەوێت پێکەوە بیکەین؟ هەڵوێستی ئەرێنی وەک.. دوای چاندنی ئەم هۆشیارییە، با خۆی بڕیار بدات کەی و چەند بخوێنێت.