پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نە كلیچدارئۆغڵو نە ئەردۆغان بەبێ دەنگی كورد ناتوانن لەسەر ئەسکەمیلی سەرۆكایەتی دابنیشن؟

دوای یەك ساڵ كۆبوونەوە و چەندین كێشەی جیدی لە نێوان پارتە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، رێككەوتن كرا، كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، ببێتە بەربژێری شەش پارتەكەی ئۆپۆزسیۆن و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، ركابەری بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا دەكات.

لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا، بوومەلەرزەیەكی سیاسی گەورە لەناو ئۆپۆزسیۆنی توركیا روویدا، كە بووە هەواڵی میدیا جیهانییەكان، ئەویش كشانەوەی مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس بوو لە هاوپەیمانیی میللەت، یان باشترە بڵێین لە شەش مێزەكەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام توانرا ئاشت بكرێتەوە و بیگەڕێننەوە بۆ سەر شەش مێزەكە و ئیدی هەموو ئەو شڕۆڤانەی باسیان لەدەنگی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەكرد بەبێ پارتی خاس، پوچەلبوونەوە.
كلیچدارئۆغڵو، كوردێكی عەلەوییە و لە دەرسیمی باكووری كوردستان لەدایك بووە، بەو ناسراوە سیاسییەكی بە سەبرە و ستراتیژییە لە بڕیاردان، راستە لە شەش هەڵبژاردندا بەرامبەر بە ئەردۆغان دۆڕاوە، بەڵام لە هیچیاندا بۆ خۆی بەربژێر نەبووە، بەڵكوو بەربژێری داناوە. هەموو جارێكیش گوتوویەتی بۆ ئەوەی ئەردۆغان، لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی بهێننە خوارەوە سەبر گرنگە و ئێستا كاتی نییە.
كلیچدارئۆغڵو، لە كاتێكی زۆر گرنگ و لەبار بووەتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كە دوو مانگ و نیوی ماوە، چونكە رەقیبەكەی كە ئەردۆغانە، بەهۆی خراپی رەوشی ئابووری توركیا، پێگەی جەماوەری كەمی كردووە، جیا لەوەش، كوردە موحافیزكارەكان لێی نیگەرانن و بەگوێرەی راپرسییەكان بێت، كوردە موحافیزكارەكان، دەیانەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە پارتەكەی عەلی باباجان بدەن، كە پارتی دەوایە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت جارێ ئەردۆغان، كارتەكانی خۆی بەرامبەر بە كورد بەكارنەهێناوە و لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا دەردەكەوێت كە چی پلانێكی هەیە بۆ ئاشتكردنەوەی كوردانی باكوور.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هەرچەندە شەش پارت بن و سەرۆكەكانیان ئەزموونی زۆریان لە سیاسەتیشدا هەبێت، بەڵام بەبێ دەنگی كورد، ناتوانن دەست بەسەر قەڵای دەسەڵاتدا بگرن، چونكە دەنگی كورد زیاترە لە 20% ی تەواوی توركیا.
كاتێك باس لە دەنگدەری كورد دەكەین، مەبەست تەنیا هەدەپە نییە، چونكە ئاكەپە لە تەواوی باكووری كوردستان و ئیستانبۆڵدا، توانیویەتی 30%ی دەنگی كوردان مسۆگەر بكات، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێژەیە كەم بووەتەوە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكبوونەوەی ئەردۆغان لە مەهەپە، چونكە مەهەپە، بە هەموو شێوەیەك كورد رەتدەكاتەوە و تەنانەت زۆرجار هەموو كوردی پێ تیرۆرست بووە.
ئەردۆغانیش بەهەمان شێوە، بەبێ دەنگی دەنگدەری كورد ناتوانێت پارێزگاری لە كورسی سەرۆكایەتیی بكات، بەتایبەت دەنگی هەدەپە، لە خوارەوە بەشێوەیەكی ماتماتیكی باس لە رێژەی دەنگەكانی هەردوو لا دەكەین.
بەگوێرەی ئەنجامی ئەو راپرسییانەبێت كە لە توركیا لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەكرێت، دەنگەكانی كلیچدارئۆغڵو بەم شێوەیەیە دەبێت:
جەهەپە 28%، پارتی خاس 13%، پارتی دەوا و ئاییندە و سەعادەت و دیموكرات، بەهەموویانەوە 6%ی دەنگەكان دەهێنن و ئەو دەنگانەش كۆ بكەیتەوە دەكاتە 47%، ئەم رێژەیەش ناكاتە ئەوەی بتوانێت كورسی سەرۆكایەتی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن بباتەوە.
دەنگەكانی ئەردۆغانیش بەم شێوەیەیە:
ئاكەپە: 34% و مەهەپە 10%، كۆی بكەیتەوە دەكاتە 44%، ئەم ئەنجامەش دەریدەخات، هیچ بەربژێرێك ناتوانێت لە گەڕی یەكەمدا سەركەوتوو بێت، چونكە بۆ بردنەوە پێویست دەكات رێژەی دەنگەكان 50+1 بێت.
كەواتە كلیچدارئۆغڵو ناتوانێت بەسەر ئەردۆغاندا سەركەوێت، وەكوو ئەوەی چەند شڕۆڤەكارێك باسی دەكەن و پێیانوایە بەبێ كورد، كلیچدارۆغڵو ئاڵای سەركەوتن هەڵدەكات، كلیچدارئۆغڵو، بۆ خۆشی ئەمەی لە چەندین شوێن باس كردووە.
ئایە هەدەپە، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن دەنگ بە كێ دەدات، ئەردۆغان یان كلیچدارئۆغڵو؟ هەدەپە، تاوەكوو ئێستا هیچ ستراتیژییەتێكی بۆ ئەوكاتە پێ نییە و تەنیا دژایەتی خۆی بۆ ئەردۆغان دەربڕیوە، واتە هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە ئەردۆغان دووچاری شكست بكاتەوە، كە ئەم سیاسەتەی هەدەپە هەڵەیە، چونكە لە سیاسەتدا كەسەكان گرنگ نین، بەڵكوو بەرنامە و بەرژوەندی گرنگە، كە تاوەكوو ئێستا كلیچدارئۆغڵو، هیچ ستراتیژییەتێكی بەكرادار بۆ كورد پێ نییە، ئەی بۆچی هەدەپە پشتگیری دەكات؟
ئەگەر سەیری لێدوانەكانی قەندیل بكەین لەبارەی ئەردۆغان و هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، بەئاشكرا دەڵێن پێویستە كار بكرێت بۆ ئەوەی ئەردۆغان لە سەركۆماری نەمێنێت، چەندین جاریش وەكوو دكتاتۆر و فاشیست ناوی دەهێنن، ئەوەش روونە كە قەندیل كاریگەریی تەواوی بەسەر هەدەپەدا هەیە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا و بەتایبەت كاتێك هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەم، قەندیل داوا لە هەدەپە دەكات بەبێ مەرج دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدەن، كە ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەیە، وەكوو چۆن سەلاحەدین دەمیرتاش، بەر لەوەی زیندانی بكرێت، هەڵەی كرد كاتێك دژایەتی خۆی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتیی لە توركیا دەربڕی و مەهەپە شوێنی گرتەوە و لە ئەردۆغان نزیك بوونەوە، بەهەمان شێوە كوێرانە پشتگیری كردن لە كلیچدارئۆغڵو، بەبێ ئەوەی بەڵێنی بە نووسراو لێ وەربگیرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، هەڵەیەكی ستراتیژییە و باجەكەی كورد دەیدات.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەردۆغان دەیەوێت لەرێگەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكەوە، داوا لە دەنگدەری كورد بكات دەنگی پێبدەن، وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ئۆجەلان داوای لە كوردانی ئیستانبۆڵ كرد دەنگ بە بیناڵی یڵدرم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە بدەن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش دوور نییە هەمان داوا لە دەنگدەری كورد بكات، بەڵام ئەمجارەیان پێیان دەڵێت دەنگ بە ئەردۆغان بدەن.
دەكرێت بڵێین، نە ئەردۆغان بەبێ دەنگدەری كورد دەتوانێت لە كلیچدارئۆغڵو بباتەوە، نە كلیچدار ئۆغڵوش بەبێ دەنگدەری كورد دەتوانێت ئاڵای سەركەوتن لە كۆشكی كۆماری هەڵبكات.
لە هەموو هەڵبژاردنێكدا لە توركیا، كورد فریای ئەردۆغان كەوتووە و بووەتە هۆی ئەوەی پارتەكەی پارتی یەكەمی توركیا بێت، بەڵام دیار نییە، ئەمجارەیان دەنگدەری كورد، كوردە عەلەوییەكە دەبەنە كۆشكی كۆماری، یان ئەردۆغان دەهێڵنەوە.