سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی پێشوازیی تەرمی شەهید ئاکام عومەردا:مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنمان ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزى ده‌كرێت

دوێنێ، له‌ سلێمانى به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى به‌رپرسانى باڵاى حكوومى و حزبى و سه‌ربازى و ديپلۆماتكاران و نوێنه‌رانى وڵاتان و خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوسه‌نگه‌رانى، ڕێوڕه‌سمى پێشوازیى له‌ ته‌رمى شه‌هيد ئاكام عومه‌ر، فه‌رمانده‌ى هێزى كۆماندۆ به‌ڕێوه‌چوو كه‌ به‌ر له‌ نزيكه‌ى دوو مانگ، له‌ ئه‌ركێكى ئه‌منيدا دژ به‌ تيرۆرستان له‌ گه‌رميان شه‌هيد بوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، دڵشاد شیهاب، ڕاوێژكارى باڵاى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وته‌ى سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى خوێنده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوڕێيان و هاوسه‌نگه‌رانى شه‌هيد ئاكام،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
سڵاوتان لێ بێت،
هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن.
هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌ غه‌مگينه‌دا به‌شدارين بۆ ئه‌وه‌ى ڕێز و پێزانين بۆ خه‌بات و قوربانيدانى گه‌نجێكى فه‌رمانده‌ نيشان بده‌ين و هاوخه‌مى و هاوسۆزیى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانيدا دووپات بكه‌ينه‌وه. ئه‌م فه‌رمانده‌ لێهاتووه‌، له‌ ئه‌ركى نيشتمانيى پاراستنى كوردستاندا گيانى به‌خشى و شه‌هيد بوو. شه‌هيد ئاكام عومه‌ر، فه‌رمانده‌ى بوێر و چاونه‌ترسى هێزه‌كانى كۆماندۆ، وه‌كوو هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانى لێى ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌ميشه‌ خۆى له‌ ڕيزه‌كانى پێشه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ كوردستان بووه‌ و هەرگیز نه‌يهێشتووه‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانى ديكه‌ى هێزه‌كه‌ى، پێش ئه‌و بگه‌نه‌ به‌ره‌‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وەی‌ دوژمن.
ئه‌و به‌ گيانێكى نيشتمانيیانه‌ و به‌ ئاكار و ڕه‌وشتێكى به‌رز و به‌ بڕوا‌ى به‌تينى به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى، هه‌ميشه‌ ئاماده‌ى قوربانيدان بووه‌ و دواجاريش هه‌ر وا كه‌وته‌وه‌ و له‌ ئه‌ركى به‌رگرى و پاراستنى كوردستاندا دژ به‌ تيرۆرستان شه‌هيد بوو. دووباره‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵمان ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانى ده‌كه‌ين و هاوبه‌شى خه‌م و په‌ژاره‌تانين. له‌ خواى مه‌زن داواكارين گيانى شه‌هيد ئاكام به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت. هه‌روه‌ها لێره‌دا سڵاو بۆ گيانى پاكى هاوڕێى شه‌هيد، شه‌هيد مولازم زوهێرى هاوسه‌نگه‌رى ده‌نێرين.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
مێژووى گه‌لى كوردستان، مێژوويه‌كى پڕ سه‌روه‌رييه‌، به‌ قوربانيدان و خوێنى هه‌زاران شه‌هيد و فرمێسك و ئازارى هه‌زاران دايك و باوكى جگه‌رسووتاوى ئه‌م وڵاته تۆمار كراوه‌‌. ئازادى و ده‌ستكه‌وته‌كانى ئه‌مڕۆى گه‌لى كوردستان، قه‌واره‌ى سياسى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، به‌رى ڕه‌نج و خه‌بات و قوربانيدانێكى بێ وێنه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌له‌كه‌مانن‌. ئێمه‌ هه‌موومان قه‌رزارى خوێنى شه‌هيدان و ئازار و قوربانيى خانه‌واده‌كانيانين. لێره‌وه‌ به‌ ڕێز و شكۆوه‌، يادى ئه‌و قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ گيانى پاكيان خاك و گه‌لى كوردستانيان پاراست. باشترين وه‌فادارى بۆ شه‌هيدان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان، پاراستنى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى گه‌لى كوردستانه‌ كه‌ به‌ خوێنى ئه‌وان به‌ده‌ستهاتوون.
به‌ڕێزان،
ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ دۆخێكى ئاڵۆز و نائارامدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسيى جدديدايه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و قبووڵكردنى يه‌كتر و پێكه‌وه‌كاركردنى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان به‌گشتى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى پارتى و يه‌كێتى، به ‌تايبه‌تى هه‌يه‌. مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌كرێت. هێز و ئاماده‌يى و سه‌نگ و قورساييمان له‌ به‌غدا و لاى هاوپه‌يمانان و دۆستانمان له‌ جيهان، به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌بێت.
دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتر، شكستى هه‌موومان و شكستى هه‌رێمى كوردستانه‌. هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان و پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى، به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى سه‌رده‌كه‌ون. شكستى هيچمان سه‌ركه‌وتنى ئه‌ويتر نييه‌. سه‌ركه‌وتن و شكستى هه‌موومان پێكه‌وه‌يه‌. له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييدا، هه‌موومان و هه‌موو گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ براوه‌ و سه‌ركه‌وتوون. له‌ ناته‌بايى و دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتردا، هه‌موومان دۆڕاو و شكستخواردووين.
بۆيه‌ ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، جارێكى ديكه‌ داوا له‌ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌كه‌ين كێشه‌ و ناكۆكى به‌لاوه‌ بنێن و به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن چارەيان بكه‌ن. يه‌كڕيزى و ته‌بايى بپارێزن. با پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و كاركردن له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ گه‌لى كوردستان، هه‌موومان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌.
جارێكى تر سڵاو له‌ گيانى پاكى شه‌هيد ئاكام عومه‌ر و هه‌موو شه‌هيدانى كوردستان. سڵاو له‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى كوردستان كه‌ بۆ پاراستنى وڵات هه‌ميشه‌ گيانله‌سه‌رده‌ستن.
هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن و هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن.
سوپاستان ده‌كه‌م.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان