خانم لە‌ كاتی دە‌شتاندا بێنویژە‌،نە‌ك پیس

عومەر چنگیانی

هەرکەس کەمترین خوێندنەوە و تێگەیشتنی هەبێت بۆ بابەتە فیقهییەکانی ئیسام و لە ژێر ڕۆشنایی ئایەتەکانی قورئانی پڕ لە بەخشش و ڕووناکی فەرموودەی دروستی پێغەمبەردا، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، هەڵسوکەوت بکات و بەویژدانەوە سەیرێکی لاپەڕە پرشنگدارەکانی سیرە، ژینامەی پڕ لە سەروەریی پێغەمبەر و یارانی و خەڵکی نێو شاری مەککە بکات، لەوە تێدەگات کە ڕەفتار و دابونەریتی عەرەبی شاری مەککەی کەم ئاوێتەی گەلان و شوینکەوتەی ئایین وئایدیاکانی تر، لە هەندێک لایەنەوە لەگەل ئافرەت لە هەندێ ڕووەوە باشتر بوو تا خەڵکی شاری یەسربی دواتر مەدینە! کە کاریگەریی تێکەڵاوی لەگەڵ جوولەکەدا پێیانەوە دیار بوو، نەخاسمە هەرسێ خێڵە جوولەکە نیشتەجێکەی ئەو شارە.
ئەوەی لە خەلەکی گوڵخەرمانی ئیمڕۆماندا تیشکی دەخەمە سەر،
باسکردنە لەو بێڕێزی و بە چاوی سووک سەیرکردنەی ئافرەت، لە کاتی دەشتان یاخود سووڕی مانگانەیاندا لەلایەن جوولەکەوە، کە لەو کاتەدا ئافرەت نەک وەک مرۆڤ بگرە بە قێزەونیش سەیر دەکرا و قورئان لە دوو ئایەتی سوورەتی بەقەرەدا (٢٢٢ و ٢٢٣) دەروازەیەکی دیکەی واڵا کرد و بەرچاوڕۆشنییەکی گرنگی هەتاهەتایینی دا بە بڕواداران، ئیتر پرسیار بوو ئاراستە کرابوو یان پرسیاری گریمانەیی هێنانەوە و فەرمووی: (لێت دەپرسن لەبارەی ئافرەتەوە داخۆ لەو کاتەی لە سووڕی مانگانەدا دەبێت، مێردەکەی دەبێ چۆن ڕەفتاری لەگەڵدا بکات؟ جا وشەی (محیض) بەمانا خودی سووڕی مانگانەکە بێت، یاخود ئیسمی مەکانی مەبەست بێت و بە مانا لەبارەی دامەنی سووراوڵین بە خوێنی سووڕی مانگانەی ئافرەت پرسیارت لێ دەکەن، لە وەڵامیاندا بڵێ ئەو شوێنە یاخود سووڕی مانگانە هەم بۆ بۆنی ناخۆشی و هەم بۆ دەرەنجام لێ نزیکبوونەوەی زیانبەخشە و لەو کاتی سووڕی مانگانە و بەخوێن سووراوڵینەی دامەنی ئافرەتدا لە سەرجێییکردن لەگەڵیاندا خۆ بەدوور و کەنار بگرن تا لە خوێنهاتنەکە تەواو دەبن و خۆیان دەشۆرن، کە پاکبوونەوە و لە خوێن بڕانەوە و خۆیشیان شۆرد، ئەوکات وەک چۆن ڕێنمایی کراون و ڕێتان پێ دراوە و بۆتان دیاری کراوە و خوا فەرمانی پێ داون نزیکیان ببنەوە، بە ڕاستی ئەڵڵا خۆشی لەو کەسانە دێت کە تەوبەکارن و بۆ لای خوای خۆیان دەگەڕێنەوە و خۆشی لەوانە دێت کە بە دووی پاکوخاوێنی و خاوێنی و خۆپارێزیدا ئەوداڵن * ئەی چینی پیاویەل لەوە ئاگادار بن کە خانمیەلتان کێڵگەی ئێوەن و چۆن و کەی و چ کات بتانەوێت نزیکی کێڵگەکانتان ببنەوە؛ بۆ پێش خۆتان خێر و چاکە بکەن و، لە خوا بترسن و بزانن کە ئێوە بێگومان بە خزمەت خوا دەگەنەوە و مزگێنی بدە بە بڕواداران).
خوێنەری بەڕێز! ڕەنگە لەم کورتە نووسینەدا نەتوانم هەموو ئەو
حوکمانەی پەیوەستە باس بکەم، وەلێ ئەوەندە دێنمە پێش چاوی بەڕێزتان کە قورئان لە چڵەپۆپەی هەرە بەرزی ڕەوانبێژی و بەلاغەتی زمانی عەرەبیدایە و بە وشەی پوخت و کورتی پڕ مانا زۆر حوکم
دەدات بەدەستەوە؛ بۆ وینە دەبینین:

  • لەجیاتی ئەوەی بڵێ کوێ و کوێی ئافرەت یاساغە لەکاتی سووڕی
    مانگانەدا پیاو نزیکی ببێتەوە، تەنها وشەی (محیض)، واتە خوێندان و دامەن بەکاردەهێنیت کە لەو کاتەدا لە مەدینەدا لە جوولەکەوە فێر بووبوون گوایە لە دەشتاندا، هەموو گیانی ئافرەت هیندە پیس دەبێت
    تەنانەت خواردن و خواردنەوە و بەرکەوتنیشیان بە پیس دادەنا! * لەبریتی درێژەدان بەوەی کە نابێ پیاو لەکۆمەوە سیکس بکات لەگەڵ خیزانیدا، دەفەرمێت لە گێڵگەکانتانەوە لەگەڵیان جووت ببن، کە هەموو کەس دەزانێ بۆ بەرهەمهێنانی منداڵ تەنها دامەنی خانمە
    نەک پشتەوە و کوڵۆکی.
    ٣ لەلایەکی دیکەوە، ئەو بابەتی سەرجێییکردنە بە کارێکی هێند
    پیرۆز دادەنێت کە وەک عیبادەت لێی دەنواڕێ.
ھەواڵی زیاتر