شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

په‌كه‌كه‌ نه‌بوایه‌ له‌ باكووری سووریا “هه‌رێمی كوردستان”ـێكی دیكه‌ درووست ده‌كرا

یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ میانی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ نه‌بوایه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌ باكووری سووریا هه‌رێمێكی دیكه‌ی كوردستانی درووست ده‌كرد.

هێلین ئومیت، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوه‌ندی په‌كه‌كه‌، باسی له‌ رۆڵی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان كرد و گوتی: ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ رۆژئاوای كوردستان هه‌رێمێكی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێكده‌هێنا و ده‌یكرده‌ درێژكراوه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

په‌كه‌كه‌ له‌ (15ی ئاب/ ئۆگستی 1984)، شه‌ڕی چه‌كداری ده‌ستپێكردووه‌ و له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی نێوان سوپای توركیا و ئه‌و رێكخراوه‌دا زیاتر له‌ 40 هه‌زار كه‌س كوژراون، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و رێكخراوه‌ هیچ شوێنپێیه‌كی له‌ ناو سنوور و خاكی وڵاته‌كه‌یدا نییه‌.

له‌ مانگی ئازار/ مارسی 2011، جووڵانه‌وه‌ی چه‌كداری خه‌ڵكی سووریا له‌ دژی حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ستیپێكردووه‌ و تا ئێستا به‌رده‌وامه‌.

په‌كه‌كه‌ له‌ ژێر ناوی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) و چه‌ندین گرووپ و رێكخراوی دیكه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ و هێزێكی سه‌د هه‌زار كه‌سی له‌ ژێر ناوی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) پێكهێناوه‌.

ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، وه‌ك لایه‌نێكی سه‌ره‌كی له‌ سووریا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش هاوكاری ئه‌و هێزه‌ كوردییه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و هێزه‌ داوای دانووستان له‌ دیمه‌شق ده‌كات و خوازیاره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دیمه‌شق و بانگه‌شه‌ی پاراستنی سنووره‌كانی سووریا و به‌رگریكردن له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا ده‌كات.