سەرۆکی هەنگاریا لە یەکەم سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرد.
سەرۆکی هەنگاریا بە سەردانێکی دوو رۆژە لە هەرێمی کوردستانە و بڕیارە رۆژی شەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.
پێش سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، کاتالین نۆڤاک، لە بەغدا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و فەلاح مستەفا و فەوزی هەریری، راوێژکارانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاوەریی نێچیرڤان بارزانییان کرد لە پێشوازیکردن لە سەرۆکی هەنگاریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە کاتالینا نۆڤاک باسی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش کرد و سوپاسی پشتگیرییەکانی ئەو وڵاتەی کرد.