پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پۆڵاد جەنگی: ستران عەبدوڵا بە بەچكە بەعسی وەسف دەكات

پۆڵاد جەنگی، برای لاهوور جەنگی، لەبارەی بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك لە كەناڵی گەلی كوردستانی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئێستا لە لایەن ستران عەبدوڵا، بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی حزبەكەوە ئاراستە دەكرێت، هەڕەشەی توند دەكات و ناڕاستەوخۆ ستران عەبدوڵاش بە ”بەچكە بەعسی“ وەسف دەكات.

پۆڵاد جەنگی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) تۆمارێكی ڤیدیۆیی باوكی بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا باس لە رەچەڵەكی بنەماڵەی تاڵەبانییەكان و پەیوەندیی نێوان خۆی و جەلال تاڵەبانیی برای دەكات كە لە دایكەوە برا و لە باوكەوە ئامۆزان. 

لەپاڵ ڤیدیۆكەدا، پۆڵاد جەنگی نووسیویەتی: ”دەستکاریکردنی شەجەرەی مرۆڤ و بەکارهێنانی وەک سووکایەتی کاری ئەو مرۆڤانەیە کە داشۆراون لە هەموو بەهایەکی مرۆیی.“ 

باسیشی لە قسەیەكی جەلال تاڵەبانی لەبارەی جەنگیی بورهان كردووە و پاشان نووسیویەتی: ”ئەوە قسەی ئەو مامەم بوو كە تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستانی دامەزراند، ئەو تەلەڤزیۆنەی كە ئێستا كەوتۆتە دەست بەچكە بەعسییەك و سووكایەتی بە شەجەرەی ئێمە و تاڵەبانییەكان دەکات.“ 

پێشتر چەندان راپۆرتی میدیایی باسیان لەوە كردووە كە باوكی ستران عەبدوڵا سەر بە حزبی بەعس بووە، ئێستاش ستران بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتییە، بۆیە مەبەستی پۆڵاد جەنگیش لە نووسینەكەی، بە بڕوای چاودێران، ستران عەبدوڵایە. 

هەروەك پۆڵاد جەختی كردۆتەوە: ”ئەوانەی ئێستا بوونەتە خۆرەی یەكێتی، یەكەم كارێك كە لە 8ی تەمووزەوە كردیان، دەستبردن بوو بۆ شەجەرەی تاڵەبانییەكان و نابووتكردنی ئەو مێژووەی بنەماڵەكەمان.“

هاوكات هەڕەشەی توندی كردووە و نووسیویەتی: ”من لە دوای کودەتای بەدناوی 8ی تەمووزەوە دانم بەخۆمدا گرتووە و بێدەنگیم هەڵبژاردووە، ئەمە مانای ترسنۆکی و لەرزۆکی نییە، ئەمە بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی قورسە لەسەرشانم کە نەمویستوە خوێن لە پەنجەی منداڵێک بێت، بەڵام دەستبردن بۆ سوکایەتیکردن بە باوک و باپیرم و مام جەلالی ڕەحمەتی، هێڵی سوورە و ئەمڕۆ نا سبەی، ئەو حەرامزادانە دەبێت بخرێنە سەر ئەژنۆ کە دەستیان بۆ ئەو کارە بردووە.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە ستران عەبدوڵا لەپێناو رازیكردنی بافڵ تاڵەبانی و تاقمە باڵادەستەكەی ئێستای نێو یەكێتی، ئامادەیە نەك هەر سووكایەتی بە جەنگی بورهان، بەڵكوو بە هەر كەسێك بكات كە لە لایەن تاقمە باڵادەستە داڵدەدەرەكەی تۆمەتبارانی تیرۆرەوە وەك نەیار سەیر بكرێت.