سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سیستمی غازی کوشتارگەی سلێمانی لە قەرەگۆل گیرایەوە

بەهۆی لێچوونی غاز و مەترسی رووداوی نەخوازراو، خواردەمەنی تەربوش لەلایەن لیژنە هاوبەشەکان و بەرگری شارستانی سلێمانییەوە داخرا و سیستمی غازی کوشتارگەی سلێمانی لە قەرەگۆل گیرایەوە.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، سیستمی غازی خواردنگەکە لێچوونی هەبووە و بەوهۆیەوە شوێنەکە دادەخرێت تا ئەوکاتەی لێچوونەکە چارەسەر دەکرێت.

سەبارەت بە گرتنەوەی سیستمی غازی کوشتارگەی سلێمانی، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، “سیستمێکی نازانستی لەلایەن کەسانی نەشارەزاوە بۆ ئەو کوشتارگەیە دانراوە و هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نییە”، هەر بۆیە بڕیاری راگرتنی ئەو سیستمە دراوە، تا ئەوکاتەی کۆمپانیای تایبەتمەند چاکسازی لە سیستەمەکەدا دەکات و لەڕووی سەلامەتییەوە کێشەی نامێنێت.

ئاماژە بەوەشدرا، (35) کۆمپانیای تایبەتمەند لە سلێمانی کاری سیستمی غاز دەکەن، هەر شوێن و ماڵێک بیانەوێت لە سیستمی غازەکەیان دڵنیاببنەوە ئەو کۆمپانییانە تێستی سیستمەکەیان بۆ دەکەن.