ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (1ی تشرینی یه‌كه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌میانی پانێلێكی دیداری مێری له شاری هه‌ولێر، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له كۆنگره‌ی چواردهیهمینی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، هه‌ندێك بنه‌ما له‌ناو پارتیدا نه‌گۆڕن، له‌وانه رێبازی پیرۆزی بارزانی.
مه‌سرور بارزانی گوتیشی، پارتی ته‌نها حزبی ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو یان توێژێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵكو چه‌تری فراوانه له هه‌موو كوردستان، هه‌روه‌ها له هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌كانیش له‌ناو پارتیدا هه‌ن.
له‌باره‌ی به‌ستنی كۆنگره‌وه، مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه، پارتی به‌هۆی ئه‌و مێژووه‌ی هه‌یه‌تی، زۆرترین كۆنگره‌ی به‌ستووه و هۆكاره‌كانی دواخستنی كۆنگره‌ی پارتیشی بۆ شه‌ڕی داعش و رووداوه‌كانی دوای ریفراندۆم گه‌ڕانده‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، “هه‌ندێك بنه‌ما هه‌ن له ناو پارتییدا نه‌گۆڕن و وه‌كو خۆیان به‌رده‌وامده‌بن، وه‌ك رێبازی پیرۆزی بارزانییه به‌لای ئێمه‌وه”.
هه‌روه‌ها گوتیشی، پارتی وه‌كو لایه‌نێكی سه‌ره‌كی بۆ پێشخستنی دیموكراسی، ئاوه‌دانی و به‌رگریكردن له خاك و نیشتمان به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وانی دیكه شتی لاوه‌كین ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریشیان تێدا بكرێت.
وابڕیاره رۆژی 3ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022، كۆنگره‌ی چواردهیهمنی پارتی دیموكراتی كوردستان به به‌شداری زیاتر له 800 ئه‌ندام له‌شاری دهۆك ده‌ستبه‌كاره‌كانی بكات