دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێ و لایەنەکانی شیعە یەکتر بە نانەوەی توندوتیژی تۆمەتبار دەکەن

میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و لایەنگرانیان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی بەغدا و مەترسیی ئەوە لە ئارادایە دۆخی بەغدا ئاڵۆزتر ببێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی دامەزراندووە و لایەنە جیاوازەکانی شیعەش یەکتر بە توندوتیژی تۆمەتبار دەکەن.

ئاڵۆزی و پشێوی دیسان شەقامەکانی عێراقی گرتەوە و رۆژی هەینی بەغدای پایتەخت نائارام بوو و تەنانەت کۆمەڵیک قوربانییشی لێ کەوتەوە. خۆپێشاندەران کە زۆرینەیان ئەندامانی حەشدی شەعبین و لە جلکی مەدەنیدا هاتوونەتە سەر شەقام، دژی دەرەنجامی هەڵبژادنن. ئەوان ویستیان بچنە ناوچەی سەوز بەڵام لە لایەن هێزەکانی پۆلیس پێشیان پێ گیرا. بە هۆی تەقەکردن کە دیار نییە کێ لە پشتەوەی بووە، سەدان کەس بریندار بوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەست دا.
ئەو دۆخە نوێیەی بەسەر عێراقدا هاتووە دیسان زەنگی مەترسیی ئەوە لێ درا ئاڵۆزییەکان پەرە بستێنن و کێشەی ناو ماڵی شیعە قەیرانی نوێ بۆ عێراق بهێنێتەوە کایەوە.
وەک ئاشکرایە لە هەڵبژاردنی ١٠ی مانگی تشرینی یەکەم زۆربەی لایەنەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی و ئێران شکستیان خوارد و ژمارەی کورسییەکانیان بە رێژکەیەکی بەرچاو کەمی کرد. لە عێراق بزووتنەوەی موقتەدا سەدر ٧٢ کورسی بردەوە و ئەمەش ئەو لایەنانەی شۆک کرد بۆیە پێیان وایە ساختەکاری کراوە و دەڵێن نەدەبوایە کورسییەکانیان کەم بکات.
هەڵبژاردنی رابردوو سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک کەم و کورتی هەبوو بەڵام بە دانپێدانانی چاودێرانی هەڵبژاردن و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان باشترین هەڵبژاردن بوو کە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کرابێت هەر چەندە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکرد.
ئەوەی بەشیک لە لایەنە شیعەکانی تووڕە کردووە ئەوەیە لە حکوومەتی داهاتووی عێراق رۆڵی و پێگەیان لاواز دەبێت و بۆیەش هەر لە ئێستاوە لە هەولی ئەوە دان کێشە بۆ دەرەنجامی هەڵبژاردن بهێننە کایەوە.
خۆپێشاندەران رۆژی شەممەش بەردەوام بوون لە خۆپێشاندان و تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە رێی سەرەکیی بەغدا کەرکووکیان داخستووە و دیار نییە دۆخەکە چی بەسەر دێت.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی کردووە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی رۆژی هەینی و تەنانەت ئەندامێکی حەشدی شەعبیشی لە لیژنەکە کردووەتە ئەندام بۆ ئەوەی بێلایەنی خۆی بپارێزێت.
وەک باس دەکرێ لە خۆپێشاندانەکەی رۆژی هەینی سەرووی 200 کەس بریندار بوون و لانی کەم دوو کەسیش کوژراون. کازمی فەرمانی بە هێزەکانی پۆلیسی و ئاسایش داوە ئەوانە رادەستی دادگا بکەن کە لە پاراستنی ئاسایشی پایتەخت کەمتەرخەمیان کردووە. هاوکات داوای کردووە قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە و خۆیشی راستەوخۆ چاودێریی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
بزووتنەوەی سەدر بەیاننامەیەکی لەبارەی توندوتیژییەکانی رۆژی هەینی بڵاو کردەوە و هەر جۆرە توندوتیژییەکی سەرکۆنە کرد . سەدر ئەو داوای لە لایەنگرانی خۆی کردووە ئارامی خۆیان بپارێزن. سەدر خۆیشی لە تویتێکدا داوای کردووە هەر جۆرە خۆپێشاندانێک کە بۆ دەرەنجامی هەڵبژاردن دەکرێ نابێت بەرەو ئاراستەی توندوتیژی بڕوات و حکوومەتیش نابێت بۆ پێشگرتن بە خۆپێشاندان هانا بۆ توندوتیژی بەرێت.
سەدر داوای لە خۆپێشاندەران کردووە کە ئابڕووی حەشدی شەعبی بپاریزن و زیانی پێ نەگەیەنن. هاوکات گوتوویەتی لە حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی کە لە داهاتوودا دادەمەزرێت بەرگری لەو ئەندامانەی حەشدی شەعبی دەکات کە بە رێکی کار دەکەن و هیچ سەرپێچییەکیان نەکردووە. پەیامەکەی سەدر بەو واتایە دێت کە ئەوانەی لە سەر شەقامەکانن و دژی دەرەنجامی هەڵبژاردنن، لە راستیدا لایەنگرانی حەشدی شەعبین. خۆی پێشتر لە پەیامێکدا بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن داوای کردووە هێزە میلیشیاکان کۆتاییان پێ بهێنرێت.
قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق کە بەشیکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، حکوومەتی بە بەکارهێنانی چەک دژی خۆپێشاندەران تۆمەتبار کرد و بە توندی هەڕەشەی لە حکوومەت کردووە دەبێ ئەوانە سزا بدرێن کە تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە.
ئەو داوای لە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش کردووە بێنە پاڵ خۆپێشاندەران و بەرگری لە داخوازی خۆپێشاندەران بکەن، هەروەها هەموو ئەو تۆمەتانەی رەت کردوەوە کە پێیان وایە گرووپەکانی حەشدی شەعبین کە هەوڵی هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز دەدەن.
هاوپەیمانی فەتح کە ئەویش بە هاندەری خۆپێشاندان هەژمار دەکرێت داوا لە مستەفا کازمی دەکات پێش بە کوشتنی خۆپێشاندەران بگرێت. عەباس کەنانی لە بەرپرسە باڵاکانی ئەو گرووپەیە، پێی وایە دەستوور مافی خۆپێشاندانی داوە و پێویستە ئەوانە سزا بدرێن کە زیان بە خۆپێشاندەران دەگەیەنن.
پێویستە بگوترێت خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی هەڵویستی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیشی بەدواوە بوو و رێکخراوەکە دڵگرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە عێراق و بەرزبوونەوەی ژمارەی بریندران دەربڕیوە.
یۆنامی داوای لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و داواشی لە خۆپێشاندەران کرد داواکارییەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی بخەنەڕوو.
دۆخی عێراق دیار نییە دوای ئەو رووداوانە چی بەسەر دێت و چ شتێک چاوەڕوانی داهاتووی عێراق دەکات، گرووپەکانی شیعە بەسەر دوو باڵدا دابەش بوون و ناکۆکییەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵات رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.

ھەواڵی زیاتر