شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

شاندی پارتی وەک براوەی یەکەمی نێو حزبە سیاسیەکانی عێراق لە بەغدایە

دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەکانی بە وردبینی و بە دەست لە زۆربەی ویستگەکانی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و هیچ گۆڕانکارییەکی لە ئەنجامەکان تێدا نەبوو، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد.

شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له؛‌ هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی کە سه‌رۆكایەتیی شانده‌كه دەکات‌، جه‌عفه‌ر ئیمینكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، نازه‌نین محه‌مه‌د، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، نوێنه‌ری باره‌گای بارزانی، ئومێد سه‌باح و فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
لەگەڵ گەیشتنی شاندەکەی پارتی بۆ بەغدا، لەلایەن محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم کە لە نێو لایەنە سوننیەکان لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە. دوای کۆبوونەوەکەش، نووسینگەی محەمەد حەلبووسی، ڕایگەیاند؛ گفتوگۆ له‌باره‌ی دوایین گۆڕانكارییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا و بیروڕا له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئاڵوگۆڕ كران. نووسینگەی ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردبوو، تاوتوێكردنی لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان له‌ قۆناغی داهاتوودا به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
سەبارەت بە سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا، فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کە هاوکات ئەندامی شاندەکەی پارتیە لە بەغدا، ڕایگەیاند؛ دیدارەکان لەگەڵ لایەنە کاریگەرەکانی عێراق بەردەوامی دەبێت و شاندەکە لەگەڵ هەریەکە له‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالكی و هاوپه‌یمانی فه‌تح كۆبۆتەوە و بیروڕا ئاڵۆگۆڕ کراوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە شاندی پارتی لە بەردەوامی کۆبوونەوەکاندا بوو، وا چاوەڕوان دەکرێت، دوای وتوێژکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە عێراقییەکان لە نێوخۆی کوردستانیش لایەنە کوردستانییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆ ببنەوە و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن لە پێناو دروستکردنی یەکڕیزی کورد لە بەغدا.
جگە لە بەڕیوەچوونی کۆبوونەوە و دیدارەکانی شاندی پارتی لە بەغدا، هاوکات لایەنە براوە و کاریگەرەکان جموجۆڵیان دەست پێکردووە و لە نێوان خۆیان چەندین کۆبوونەوەیان ساز کردووە، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، كه‌ براوه‌ی یه‌كه‌می سوننه‌كانه‌، سه‌ردانی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دری كردووە، هەروەها عه‌مار حه‌كیم، سه‌ردانی موقته‌دا سه‌دری كردووە.
سەردانی شاندی پارتی و جموجۆلە سیاسیەکانی بەغدا، لە کاتێکدایە ڕەوشی بەغدای پایتەختی عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ئەو لایەنە سیاسیانەی لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو توشی شکست هاتوون، کە زۆربەیان سەر بە گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبین و لە هەڵبژاردنی پێشوتر ژمارەی کورسیەکانیان بەرچاو بوو، قبوڵی شکست ناکەن و دەیانەوێت لە ڕێگای ئاڵۆزیەوە دۆخەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا بەرن.