گومانی تێدانییە ئەدەبی منداڵان یەکێکە لە لقە هەرە گرنگەکانی ناو ئەدەب و ئەدەبی کوردی، هەر لە ڕێگای ئەدەبی منداڵانەوە منداڵ گۆش و پەروەردە دەکرێت، تاوەکو منداڵێکی کاراو کار بەڕێکاری ژیانی لێدەردەبچێت و لە ئایندەدا بتووانێت ژیان و وڵات بەڕێوە ببات.. هەر لەبەر گرنگی ئەدەبی منداڵان و ئەوەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێدا، ئەدەب پەروەردەیەکی دروستی هەمەلایەنەی منداڵانە، بەلایەنی دەروونی و هزرییەوە، جگە لە چاندنی متمانە و هەستی نیشتیمانی و بەرپرسیارییەتی و فێرکردنی کاری باش و ئاڕاستە کردنیان بۆ ڕێگایەکی تەندروست، هەروەها ئەدەبی منداڵان ئاوێنەی منداڵە و منداڵان لەم ڕێگایەوە ڕێچکەی دروست و تەندروستی ژیانیان دەدۆزنەوە، لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئەوانەو چەندین کاری گرینگی تری ئەدەبی منداڵان، ئەم جۆرەو لقەی ئەدەب بە گرانترین جۆری ئەدەب و نووسین هەژمار دەکرێت، لەناو ئەدەبی کوردی و جیهانیدا، هەربۆیە نووسەرانی منداڵانی کورد بە پەنجەی دەست دەژمێردێن لەبازنەی ئەکادیمیدا، هەرچەندە خۆشبەختانە چەندین هەوڵ و کۆششی نووسەرانی تر هەبووە، تا ئەدەبی منداڵان بەزیندووی بمێنێتەوە، بەڵام کرچ و کاڵی لە مێژووی ئەم لقەگرنگەی ئەدەب هەبووەو تاوەکو ئێستاش هەیە، تاک و تەرا هەندێک نووسین و بابەت لەمەڕ ئەم بابەتە هەستیارە دەبینین، گوایە بۆ خزمەت و بەرەو پێشبردنی بورارەکەو خزمەتی منداڵانە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشێک لەنووسەران، بەبێ ئەوەی ئاگاداری بنەماکانی نووسینی منداڵان بن کۆمەڵێک بۆچوون و تێڕوانینی تایبەتی خۆیان دەچەسپێنن بەسەر دنیاو قۆناغ و ئەندێشەی منداڵاندا، دووبارە ئەمە لە ئایندەدا -ئاریشە- کێشە بۆ بوارە هەستیارو تایبەتەکە دروست دەکات.. هەرچەندە کێشەیەکی گەورەتریشمان هەیە، کۆمەڵێک چیرۆک و هۆنراوەو ئۆپەرێت و تەنانەت دەقی شانۆیش دەبینین سەر بە هەمان ڕیتمن، لە کەوانە ئەکادیمییەکە دەرچوون و زۆر بابەتی ناتەندروستی لە بیرۆکە و بابەت و چۆنییەتی سەرەتاو ناوەڕواست و کۆتایی و شوێن و جۆری دیالۆگ تەنانەت لەهەڵبژاردنی کەساییەتیشیاندا هەیە، لەپاڵ هەموو ئەمانەش کۆمەڵێک دڵسۆزانە کاریان کردووەو ئەم لقەگرنگەی ئەدەبیان تا ئێستا بەزیندوویی هێشتووەتەوە… لەبەر گرنگی ئەدەب و خزمەتی منداڵان بەشێوەیەکی تەندروست و ئەکادیمی، بەشی منداڵانی هەولێر دەروازەیەکی تازە و گرنگ دەبێت بۆ خزمەتی ئەدەبی منداڵانی کورد بەهەموو جۆرێک، هەر بۆیە لەم ژمارە بەدواوە هەرچ بابەتێک شایانی بڵاوکردنەوەو خزمەت بێت بە ئەدەبی منداڵان لێرەوە- لەم بەشەوە- بەهەموومان خزمەت دەکەین، هەروەها داوا لە نووسەرانی دڵسۆزی منداڵان و نیشتیمان دەکەین کەبابەتەکانیان بۆ وەتس ئاپ و ڤایبەرەکەمان بنێرن کە تایبەتە بە بەشی منداڵانی هەولێر.
previous post
next post