گوڵم كێ دڵی شكاندووی

دڵشاد میراودەلی

گه‌ر لوتكه‌ی بڵندی چیای
هه‌ور قه‌دو باڵای گرتووی.
گه‌ر بنارو لانزاری
به‌فر پێڵوی چاوی پێداخستووی..
ده‌بم به‌شه‌مال
گه‌واڵه‌ هه‌وران ته‌ی ده‌كه‌م
ده‌بم به‌هه‌تاو
ڕنووه‌ به‌فران گه‌رم ده‌كه‌م
ئه‌مشه‌و كێ خه‌وی زراندووی
كێ په‌یامی خه‌می بۆ ناردووی
گوڵم كێ دڵی شكاندووی
گه‌ر باران لە پەنجەرەکەت نادات
مانگ رۆشنایی نابه‌خشیته‌ سۆمات
ئه‌ستێره‌ تریفه‌ ناپرژیننه‌ نیگات
ئێواران
شه‌ماڵ هاوڕێیەتیت ناکات
دره‌خت بۆت پێناكه‌نێ
كۆلكه‌ زیڕینه‌، كه‌مه‌ربه‌ندت
له‌ ڕەنگه‌كانی سروشت بۆ چێ ناكا
تا..
مایكل ئه‌نجیلۆ راسپێرم
كه‌ڤاڵی باڵات بکێشێت
بیتهۆڤن سه‌مفۆنیای ژیانت بۆ بچرێ
خه‌یاڵ ماكیاژت بۆ بكا‌
شیعر په‌نجه‌كانت له‌ خه‌نه‌ بگرێ
وه‌كو د ڵ ش ا د
شه‌وگار له‌ئامیزیا بتخه‌وینێ
ئه‌مه‌شه‌و كێ خه‌وی زراندووی
كێ؟ په‌یامی خه‌می بۆ ناردووی
گوڵم كێ دڵی شكاندووی.

ھەواڵی زیاتر