ئەورووپا و ئەمریکا سەرکۆنەی بۆردوومانەکانی ئێران دەکەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

بۆردوومان و تۆپبارانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، یەکێتی ئەوروپا بە تووندی سەرکۆنەی دەکات و ئەمریکاش بە هەمان شێوە و کوژرانی هاووڵاتییەکی لەو بۆردوومانانە پشتڕاستکردەوە.

چوارشەممەی رابردوو ئێران بارەگا و پێگەی چەند حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکرد، بۆردوومانەکە لەلایەن وڵاتانی هەرێمیی و جیهانەوە سەرکۆنە کرا ،رایانگەیاند:”پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق قبووڵکراو نییە، یەکێتی ئەوروپا لە نوێترین راگەیێنراویدا دەڵێ :” هاوسۆزی کەسوکاری قوربانیان و خێزانەکانیانین، ئەو هێرشانە پێشێڵکردنی سەروەری عێراق و خاکەکەیەتی.”
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە:” یەکێتی ئەوروپا بە هەموو شێوەیەک هاوسۆزە لەگەڵ عێراقیەکان، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش .
جگە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکاش لە چەند هەڵوێستێکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو بۆردوومانانەی کرد، هەروەها کوژرانی یەکێک لە هاووڵاتییەکانی پشتڕاستکردەوە کە رەگەزنامەی ئەمریکای هەبوو بەڵام ٥ ساڵە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانی رۆژهەڵاتی کوردستانە .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:” دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە بۆردوومانی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کوژراوە، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە بدات لەسەر هەڵوێستیان لەوبارەوە .”
پێشتر ئەمریکا رایگەیاندبوو:” هیچ هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە کارمەند و سەربازان نەبوونەتە قوربانی لەو هێرشانەی ئێران لە رۆژی چوارشەممەدا کە بووە کوژرانی ١٥ کەس لە خەڵكی سڤیل و پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو پێشمەرگەیەشی رەگەزنامەی ئەمریکی هەبوو، ناوی عومەر مەحموود زادە بوو و لەدایکبووی ١٩٦٣ بوو.

چیرۆکی قوربانیانی سڤیل لە بۆردوومانەکاندا
کاتێک ناوچە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکرا، رێزان حوسێنی پەرستار بە زوویی خۆی گەیاندە شوێنەکە بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی بەر بۆردوومانەکە کەوتوون ، قەت پێشبینی ئەوەی نەکردبوو کە دەستگیرانەکەشی لەنێو قوربانییەکاندایە .
ئەو دەڵێ : بە ئەمبوڵانس چووینە شوێنی رووداوەکە، بە خێرایی ناوچەکەمان لە ژن و منداڵ چۆڵکرد و گوازرانەوە شوێنی سەلامەت .”
رێزان کە تەمەنی ٢٢ ساڵە و لە بنکەیەکی تەندروستی کار دەکات، دەڵێ دواتر زانیم محەممەدی دەستگیرانم لە نێو قوربانییەکاندایە، پێش ئەوە تەلەفۆنم بۆی کرد و وەڵامی نەبوو، هەر تەلەفۆنم بۆی کرد، دواتر کەسێك وەڵامی دایەوە و گوتی محەممەد ناتوانێ وەڵامت بداتەوە، شوفێری دەکات، زانیم شتێکی لێ بەسەرهاتووە.”
هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند دەیەیە لە هەرێمی کوردستان دەژین و چوونەوە بۆ وڵات و شارەکانیان قەدەغە کراوە.
دوو هەفتەی تەواوە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێ، لە ١٦ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد، مەهسا ئەمینی ٢٢ ساڵ پاش دەستگیرکردنی بەپێی گوتەی کەسوکارەکەی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە . ئێران بۆردوومانەکانی وا لێکدایەوە کە ئەو حیزبانە هانی پشێوی و خۆپێشاندانیان داوە، لە بۆردوومانەکانی رۆژی چوارشەممەشدا ١٥ کەس کوژران و ٥٨ کەسیش برینداربوون، بەشێکیان سڤیل بوون.
قادر باپیری، پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران یەکێکە لەوانەی رزگاری بووە لەو بۆردوومانانە ئەو بە چاوی پڕ فرمێسکەوە لەسەر قەنەفە دانیشتووە باسی گیان لەدەستدانی عوسمانی هاوڕێی دەکات کە پێشمەرگە بووە، ئەو لە بۆردوومانەکەدا لە ماڵەوە بووە ، رزگاری بووە، بەڵام خانووەکەی بە تەواوی زیانی بەرکەوتووە .
ئەو دەلێ:”گوێم لە دەنگی تەقینەوەیەکی بەرز بوو، بەمنداڵەکانم گوت بۆردوومانکراین دواتر بۆ جارێکی دیکە مووشەکێکی دیکە لە نزیک ماڵەکەم کەوتە خوارەوە.
ساڵی 2018 بە هەمان شێوە ئێران حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردوومانکرد و ١٥ پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا، کامل غەفووری پێشمەرگەیەکی دیکەی رۆژهەڵاتە و ١٨ ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژی، دەڵێ هیچ مافێکمان نییە لە ئێران، نووسین و خوێندنمان بە کوردی لێ قەدەغەکراوە.
یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومانکرا لە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەدا قوتابخانەیەک بوو،لانی کەم دوو منداڵ لە بۆردوومانەکەدا برینداربوون، ژنێکی دووگیانیش گیانی لەدەستدا، یونسێف لە راگەیێنراوێکدا ئەو ئامارەی پشتڕاستکردەوە.

ھەواڵی زیاتر