سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سالار ئەسید لەگەڵ کازم ساهر بەشداری کۆنسێرتە جیهانییەکان دەکات

هونەرمەندی میوزیكژه‌ن و ئاوازدانه‌ری كورد  (سالار ئەسید) لە ئاخاوتنێکدا بە تێروتەسەلی باس له‌ ئه‌زموونی كاری هونه‌ری خۆی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ خاوه‌نی پانزە كلیپی تایبه‌تی خۆیه‌تی، هاوكات ئه‌وه‌ش باس ده‌كات، كه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی عێراقی كازم ساهردا، به‌شداری له‌ هه‌موو كۆنسرێته‌كان ده‌كات.

سالار ئەسید، وه‌ك میوزیکژەنێکی توانا لە ژەنینی مۆسیقای کلاسیک و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە زیاتر لە ٦٠ ئەلبومی هونەرمەنداندا وەک کەمانچەژەن بەشداری کردووە، هاوکات وەک میوزیکژەن و ئاوازدانەر بۆ چەندین هونەرمەند و گۆرانیبێژ کاری لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان کردووە.

سالار مۆسیقای بۆ چه‌ندین پرۆگرامی سینه‌مایی و ته‌له‌فیزیۆنی تۆمار كردووه‌، له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش دامه‌زرێنه‌ری چه‌ندین تیپ و ئۆركێسترایه‌.

سالار ئه‌سید، له‌و باره‌یەوه‌ دەڵێت: “یەکترناسینی من و هونه‌رمه‌ند كازم ساهر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانی هه‌شتاكان، ئه‌وكات من له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا خوێندكار بووم، له‌ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا پێكه‌وه‌ كارمان ده‌كرد و به‌شداری كۆنسرێته‌كانمان ده‌كرد”.

گوتیشی: “هونه‌رمه‌ند كازم ساهر ئه‌وكات وه‌ک ئێستا ناسراو نه‌بوو، پاشان من چوومه‌ ئه‌وروپا خه‌ریكی خوێندن و ژیانی ئاسایی خۆم بووم، له‌ ساڵی 2012 جارێكی تر گروپه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی كازم ساهر په‌یوه‌ندییان پێمەوە كرده‌وه‌ و داوایان لێ كردم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ گرووپه‌كه‌یان و له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناشه‌وه‌ له‌ هه‌موو كۆنسرێته‌كانی هونه‌رمه‌ند كازم ساهردا به‌شدارم”.

ده‌شڵێت: “هیچ كۆنسرێتێكی هونه‌رمه‌ند كازم ساهر له‌ شه‌شهه‌زار بینه‌ر و هه‌وادار كه‌متر نییه‌”.

سالار ئه‌سید باسی له‌وه‌ش كرد، تا ئێستا سێ به‌رهه‌می سیدی خۆی هه‌یه‌، نزیكه‌ی ١٥ كلیپی خۆی هه‌یه‌ و له‌ یوتیوب دایناوه‌.