بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بەشی تیپە میللییەکانی هەولێری سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی کولتوورە جیاجیاکان لە ڕێکەوتی ٢٩/٩/٢٠٢٢ لە سلێمانیدا بەڕێوە دەچێت و بڕیاریشە لە ٢/١٠/٢٠٢٢ لە هەولێری پایتەخت ئەو فیستیڤاڵە بە بەشداری ١٦ تیپی هونەری لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان ساز بکرێت و هەفتەیەکیش بەردەوام دەبێت.
لە ئاخاوتنێکیشدا سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەو فیستیڤاڵە هونەرییە (بەدرەدین بابەکر) بەڕێوەبەری بەشی هونەره میللییەکانی هەولێر ڕایگەیاند: تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بە چەندین تابلۆیەکی نوێ ئامادەکاری بۆ هەشتەمین خولی فیستیڤاڵە جیاجیاکان دەکات لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیدا، کە کۆتایی ئەم مانگە بە بەشداری ١٦ تیپی هەڵپەڕکێ لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە تێیدا بەشدار دەبن و هونەری خۆیان نمایش دەکەن، تیپەکەی ئێمەش کە ئەزموونێکی بەرچاوی هەیە لە بەشداری لە فیستیڤاڵەکانی ناوەوە و دەرەوە و خاوەن چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانە بە کار و چالاکییەکانی، هەروەها لە بەشێک لە وڵاتانی جیهاندا ناو و ناوبانگی هەیە، بەشدار دەبین و ئومێد دەکەین، کە بتوانین لە ڕێگەی تابلۆ هونەرییەکانمانەوە کەشێکی هونەری لە سنووری پارێزگای هەولێردا بڕەخسێنین و سەرنجی هەمووان بە لای خۆماندا ڕابکێشین و پێیان بڵێین هەولێر لە کلتوور و هونەردا خاوەن گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە و هەرگیز ناکەوێت.