سەدا٤ـی دانیشتوانی هەرێم بەساڵدا چوونە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

لێکۆڵینەوە جیهانییەکان ئاشکرای دەکەن کە تەمەنی دانیشتوانی جیهان بە شێوەیەکی خێرا بەرەو پیری دەڕوات و زۆرینەی وڵاتانیش پشتگیری و هاوکاریی بەساڵاچوان ناکەن.

لە ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە زیاترلە ٥٠٪ی دانیشتوانی زەوی تەمەنیان لە سەرووی ٣٠ ساڵانەوەیە و ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستاش بەردەوام بێت بە هۆی کەمداگەڕانی ڕێژەی زاوزێوە، ڕێژەی تەمەنی گەورە و بەساڵاچوان لە ڕێژەی منداڵان زیاتر دەبێت. هەر لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو ٦٠ ساڵانەوەیە زیاتر دەبێت لە ژمارەی ئەوانەی لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵانەوەن.
توێژینەوەکە کە سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی و پاراستنی بەساڵاچوان Helpage International کردوویەتی، ریزبەندی ئاستی کۆمەڵایەتی و بژێوی بەساڵاچوانی ٩١ وڵاتی خستۆتە ڕوو، وڵاتی سوید بە پلەی یەکەم و ئەفغانستانیش لە ڕیزبەندییەکەدا پلەی کۆتایینی وەبەر کەوتووە.
هەروەها لێکۆڵینەوەکە ئاستی داھات و باری تەندروستی و بەکاربردنی بەساڵاچوانی لە وڵاتانی جیھان دیاری کردووە و وڵاتانی ئوردن، لائۆس، مەغۆلستان، نیکاراگوا و ڤێتنام لە سەرووی رێزبەندی ئەو وڵاتانەدان کە دانیشتوان تیایاندا بەشێوەیەکی خێرا بەرەو پیری دەچێت بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی بەساڵاچوان لەو وڵاتانەدا سێ‌ ئەوەندەی ئێستا دەبێت. ژمارەیەکی زۆری وڵاتانیش توانستی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خزمەنگوزاری تەندرستی و پاراستنی کۆمەڵایەتییان بۆ بەساڵاچوان نیە بەتایبەت وڵاتە ھەژارەکان.
لە ڕووی سیستمی خانەنشینیشەوە وڵاتانی سوید، نەرویج، ئەڵمانیا، ھۆڵەندا و کەنەدا لە ریزبەندی پێشەوەدان و ئەمەریکاش پلەی ھەشتەمی لەو ریزبەندیە گرتووە.
سەبارەت بە تورکیاش لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی ٢٠١٢ رێژەی بەساڵاچوان لە تورکیا ٦.٩٪ بوو، بەڵام ئێستا ڕێژەکە گەیشتووەتە ١٠٪ و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەو رێژەیە بۆ ٢٦٪ بەرز ببێتەوە و ئاماژەیش بەوە کراوە تورکیا پلانی بۆ ئەم مەبەستە داناوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمیش ٤٪ی دانیشتوانی هەرێم پیرن، هاوکات بەشێک لە بەساڵاچوان لە خانەپیراندا ژیان بەسەر دەبەن و چەندینی دیکەشیان هەر لەو خانانەدا کۆچی دوایییان کردووە. لەبارەی ڕێژەی بەساڵاچوان لە هەرێم، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم ڕاگەیاند: “بەگوێرەی بنەماکان لە هەرێمی کوردستان هەرکەس تەمەنی گەیشتە سەروو ٦٥ ساڵان، بە پیر هەژمار دەکرێت، بە گوێرەی ئەو تەمەنەش ٤٪ـی دانیشتوانی هەریم بەساڵا چوونە”.، هەندێک پیر کە بێماڵ و بێکەسوکارن، یاخود کەسوکاریان هەیە، بەڵام لەبەر پیری و کەترەیی بردراونەتە خانەی بەساڵاچوان و لەوێ ژیان بەسەر دەبەن، ئەوانەش زۆرینەیان لە ڕەگەزی نێرن.

ھەواڵی زیاتر