بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبووەوە. هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، نرخی زێڕ لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بە دابەزین کرایەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە کە سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە و بەوپێیەش دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان، بەڵام بازرگانانی نەوت چاوەڕوان دەکەن رێکخراوی ئۆپێک ئامادە بێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرەتای مانگی داهاتوو و لە کاتی کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29-8-2022 ، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 92 سەنت بەرزبووەو بە 101 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1 دۆلار و 17 سەنت بەرزبووە و بە 94 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی چەندین سەرچاوەی نزیک لە رێکخراوی ئۆپێک، ئیمارات پاڵپشتی لە سعودیە دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەگەر هاتوو نرخەکانی نەوت زیاتر لە ئاستەکانی ئێستا دابەزین.
بانکی ئەی ئێن زێدی ئۆسترالیی نیوزلاندی رایگەیاندووە، جگە لە پاڵپشتیی گەورە ئەندامانی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی لە ئەوروپا بووەتە پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1732 دۆلار دابەزی
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، جارێکی دیکە نرخی زێڕ لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بە دابەزین کرایەوە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 1732 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دوای ئەوەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، بە هەر شێوازێک بێت رێژەی هەڵاوسان دەبێت کۆنترۆڵ بکەن و بەو هۆیەشەوە بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، نرخی زێڕ دابەزیوە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار و بەو هۆیەشەوە نرخی کاڵا و کانزاکان بەشێوازی نەریتی دادەبەزن.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 100 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.99 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.165 GBP/USD
دۆلار – یەن 136.825 USD/JPY
دۆلار – لیرە 18.17 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 29 هەزار و 600 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.30 روبڵی رووسی