حیزبی دیموکراتی بێت نەھرێن پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد 

بەبۆنەی 16ی ئاب یادی دامەزراندنی 76مین ساڵیادی پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی بێت نەھرێن پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرد.

بەڕێز/ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی ھاوپەیمان

ب/ پەیامی پیرۆزبایی

سڵاوێکی گەرم..

لە یادی ٧٦ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسی حزیبمانەوە “حیزبی دیموکراتی بێت نەھرێن” ئاراستەی جەنابی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئێوەی بەڕێز و ھەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتە تێکۆشەرەکەتان دەکەین و ھیوادارین ئەم یادە شکۆمەندە ھاندەر بێت بۆ بەھێزترکردنی پێگەی سیاسی و رێکخراوەیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوتی نیشتیمانی و سەروەری و قوربانیدانە لە کاروانی شۆڕش و خەبات و بەرخودان لە پێناو بەدیھێنانی مافی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە ھەرێمی کوردستاندا.

بەڕێزان:

ئەم یادە لە کاتێکدایە، کە ڕەوشی جیھان و ناوچەکە و عێراق و بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بە بارودۆخێکی زۆر ناسک و ھەستیار تێپەڕ دەبێت، بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستای عێراق، کە پاش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی ئۆکتۆبەری پارساڵ، کە تا ئێستا نەتوانراوە حکوومەت پێکبھێنرێت، بەھۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بۆتە ھۆکاری ڕەوشی عێراق زیاتر بە چەقبەستوویی ماوەتەوە و خۆپیشاندان و مانگرتن لە باڵەخانەی پەرلەمان لە ناوچەی سەوز لەلایەن رەوتی سەدرەوە بەردەوامە، بۆیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم ڕەوشە ناھەموارە و بەرەنگاربوونەوەی گشت ئاڵنگارییەکان، پێویست دەکات لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەوڵی یەکخستنی ھەڵوێستی سیاسی خۆیان لە پێناو بەدیھێنانی یەکڕیزی و تەبایی بۆ بەدەستھێنانی گشت ماف و داخوازیەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا.

لە کۆتاییدا جارێکی تر پیرۆزباییتان لێدەکەین و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولامان و ھەردوو گەلی ئاشووری و کورددا دەکەین لە پێناو بەھێزترکردنی ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە ھەرێمی کوردستاندا.

حیزبی دیموکراتی بێت نەھرێن

مەکتەبی سیاسی

١٦-٨-٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر