پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان: داهاتی وه‌زاره‌ت له‌سه‌دا حه‌فتای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كات

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌مال محه‌مه‌د وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان لە گوتارێکدا باسی لە گرنگترین کار و چالاکییەکان كرد.

 ئەمەی خواره‌وه‌ دەقی گوتەکانی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌:_

وەزارەتى سامانە سروشتییەکان یەکێکە لە وەزارەتە هەرە گرنگەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و جێگاى بایەخى مسرور بارزانی سەرۆکى حکوومەت و ئەندامەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانە.

ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ یه‌كێكه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ زۆر گرنگه‌كان كه‌ جێی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی داناوه‌ و بووه‌ته‌ جێگه‌ی بایه‌خدانی زۆربه‌ی وڵاتانی بیانی‌. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی 70%ـی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ بڕێكی داهاتی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه‌‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین داهاتی وه‌زاره‌ت، مانای فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمه‌، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دابینكردنی سووته‌مه‌نی پێویسته‌‌  بۆ وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبا وەک (غاز ، نەوتى ڕەش ، دیزل) کە مانگانه‌ نزیكه‌ی 80 ملیۆن دۆلار خه‌رجییه‌تی تێچووه‌كه‌یه‌تی، كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلار ده‌كات.

هه‌روه‌ها سەرچاوەى سەرەکى دابینکردنى غازى ماڵان و لایەنى بازرگانییە کە رۆژانە زیاتر لە (550-600) تەن دابین دەکات، به‌ گوژمه‌كی پاڵپشتی مانگانه‌ به‌ بڕی 10 ملیۆن دۆلار كه‌ ساڵانه‌ ده‌كاته‌ 120 ملیۆن دۆلار.

دابینكردنی 3 ملیۆن لیتر به‌نزین بۆ هاووڵاتییان به‌ نرخێكی پاڵپشت (مدعوم) کە مانگانە ئەم پاڵپشتیە زیاتر لە (31) ملیۆن دۆلار وه‌ ساڵێك ئه‌گه‌ر حسابی بكه‌ین ده‌كاته‌ 372 ملیۆن دۆلار.

ئێمه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا توانیومانه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزی کۆمپانیا بیانییەکان ئەوانەى لە بوارى نەوت و گاز کار دەکەن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌دا بكه‌ین به‌ بڕێك له‌ داهاتی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌.

ڕێژەیەکى باش لە قەرزى کۆمپانیاى بەرهەمهێنانى کارەبا کە چەندین ساڵ بوو لەلاى حکوومەت مابوون وەکو قەرز،  ئێمه‌ توانیومانه‌ هه‌ندێك له‌و قه‌رزانه‌ ئه‌دا بكه‌ین.

هه‌روه‌ها پڕکردنەوەى ئەو بودجەیەى بڕابوو لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقى کە مانگانە (200) ملیار دینار بوون لەم ساڵەدا بەتەنیا دوو وەجبە کە (400) ملیار دینار بوو، ئێمه‌ له‌ مانگی حه‌وتدا  نێردراوە و (800) ملیار دینار نوكه‌ پێویستمان به‌ تریلیۆنێك و 400 ملیاره‌، له‌و ماوه‌یه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی دروست بووه‌، ‌ وه‌كو یه‌ك تریلیۆن دینار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ له‌ داهاتی وه‌زاره‌ت دابینكراوه‌.

ئەنجامدانى چەندین پڕۆژەى زۆر گرنگ له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم له‌سه‌ر داهاتی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ وه‌كو پڕۆژه‌ی ئاوى، کارەبایی، تەندروستى، رێگاوبان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پڕۆژه‌كانی نه‌وت و غازیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.

 هه‌روه‌ها دابینکردنى ده‌رفه‌تی کارى ڕاستەوخۆ بۆ زیاتر له‌ (5,440) خەڵکى هەرێمى کوردستان كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ كێڵگه‌كان كار ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان، هه‌روه‌ها دابینکردنى هەلى کاری ناڕاسته‌وخۆ بۆ زیاتر لە (2,000) خەڵکى هەرێمى کوردستان، وه‌كو كاری سێرڤس و نه‌قلكردنی سووته‌مه‌نی و ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌و ناوچانه‌دا.

هه‌روه‌ها چەندین پڕۆژەی تر بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی كێڵگه‌یان تێدایه‌ بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ جێبه‌جێ كراوه كه‌ له‌وانه‌ كردنه‌وه‌ی ڕێگاوبان و دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ و یان پڕۆژه‌ی ئاوی‌ بە گوژمەى نزیكه‌ی (9.950) ملیۆن دۆلار پڕۆژه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی ئه‌و وه‌زارته‌ بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ جێبه‌جێ كراوه‌.

وه‌كو وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌موو هه‌وڵێكی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن داهاتی خۆمان باشتر بكه‌ین و زیاتر بتوانین خزمه‌تی هاووڵاتی خۆمان بكه‌ین، چونكه‌ وه‌زاره‌تێكی جێی ئیعتیمادی جه‌نابی سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌ و ئومێدێكی خه‌ڵكێكه‌ كه‌ به‌رهه‌م و كاری گونجاو ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تێكی زیاتر پێشكه‌شی خه‌ڵكی خۆمان بكه‌ن.