ساڵانە سەرووی ٤ ملیۆن گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەرزی گەشتیاری ھاوینە لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، ناوچە گەشتیارییەکان پڕ بوونە لە گەشتیاری بیانی، کۆمپانیا گەشتیارییەکان رۆژانە گەشتیارێکی زۆر بۆ سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دێنن، ھاتنی گەشتیاران چ لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق چ لە وڵاتانی دیکە بۆ ھەرێم رۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت، تەنھا لە رۆژانی جەژن بە سەدان ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

بەھۆی جیاوازی پلەکانی گەرما، بەرقراری ئاسایش و خزمەگوزاری زیاتر سەدان ھەزار گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، بەجۆرێک ھەندێکیان شوێنی مانەوەیان لە ھۆتێل و مۆتێلەکان دەست ناکەوێت و بەشێکیان ناچار بوون لەسەر شەقامەکان بخەون.
حکوومەتی ھەرێمی کورستان لە کارنامەی کارکردنی خۆیدا گەشتوگوزاری لە ریزی کشتوکاڵ و پیشەسازی داناوە، گەشتوگوزار یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داھاتی وڵاتانی جیھان، ساڵانە زیاتر لە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن گەشتیار بە جیھاندا گەشت دەکەن، زیاتر لە ترلیۆنێک و ٤٠٠ ملیار دۆلار داھاتی بۆ وڵاتانی گەشتیاریی جیھان ھەیە کە ١١%ی ئابووریی جیھان پێک دەھێنێت و زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن ھەلی کار دابین دەکات.
رێکخراوی جیھانیی گەشتوگوزاری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٧٩ بڕیاری یادکرنەوەی ساڵانەی گەشتوگوزاری دا، لە ساڵی ١٩٨٠وە تاوەکو ئەمڕۆ ھەموو ساڵێک لە ٢٧ی ئەیلوولدا ئەم یادە بە لۆگۆ و بە درووشمی جیاواز دەکرێتەوە.
ساڵانە زیاتر لە چوار ملیۆن گەشتیار روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ‌کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیش، بەرنامەڕێژی و پلانی ستراتیژی داڕشتووە بۆ ئەوەی حکوومەت وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات پشت بە کەرتی گەشتیاریی ببەستێت.
کەرتی گەشتیاری یەکێکە لەو کەرتانەی کە بەردەوام پێویستی بە پەڕەپێدانی زیاتر و مارکێتینە بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکان بکەن، بە گوتەی بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لەو چەند رۆژەدا سەردانی ھەرێمیان کردووە لە سەرووی پێشبینیەکان بووە و ئاماری ھاتنی گەشتیارانیش بۆ ھەرێم دڵخۆشکەرە و ھاتنی گەشتیاران ژمارەیی پێوانەیی تۆمار کردووە، بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزار بۆ رۆژانی جەژن نزیکەی ٣٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، کە زۆرینەیان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتوون.
حەیدەر عەبدوڵڵا، گەشتیارێکی خوارووی عێراقە، بۆ “ھەولێر” گوتی:” کوردستان زۆر خۆشە، رۆژبەرۆژیش خۆشتر دەبێت، ھەڵوێستی خەڵکی کوردستانیش لەگەڵ ئێمە زۆر باشە و لە ھەموو رووێکەوە ھاوکاری ئێمە دەکەن، بەڕاستی دیمەن و شتی زۆر جوانمان بینی، ئەوەش وا دەکات کە زووتر سەردانی کوردستان بکەینەوە.
زەینەب محەمەد، بۆ بەسەربردنی پشووەکانی جەژن لە باشوورەوە رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان رازین.
زەینەب لە گەلی عەلی بەگەوە بۆ ھەولێر زیاتر روونی کردەوە:” بەردەوام دێین بۆ ھەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکان باشن، خەڵک رێزمان لێ دەگرێت، کوردستان شوێنی زۆر خۆشی ھەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ھۆتێل و مۆتێلەکان وەکو پێویست نین، ئەگەر ھەبانە زیاتر لەو شوێنانە دەماینەوە و کاتێکی خۆشمان لەو شوێنانە بەسەر دەبرد.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد:” دوو پڕۆژەی گەشتیاری لە جێبەجێکردندان و بە بەردەوامی ھانی وەبەرھێنەرانمان داوە کە پڕۆژەی گەشتیاری بکەن، ئێستا بە نیازی کۆنفرانسێکی وەبەرھێنانین لە بواری گەشتوگوزاردا بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرھێنەر و سەرمایەداران بۆ کەرتی گەشتیاریی ئیدارەی سۆران رابکێشین”.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە “ھەولێر”ـی راگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا نزیکەی ٢٩٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە و زۆربەی گەشتیارانیش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بە ھەزاران گەشتیار لە ئێران و لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران سەردانی ئیدارەی سۆرانیان کردووە، زیاتر لە ٧٤ ھەزار گەشتیار لە نێو کەپرە گەشتیارییەکان و ٢٦ ھەزاریشیان لە ھۆتێل و مۆتێل ماونەتەو”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتیشی:” بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شوێنگەلێکی گونجاو ھەن بۆ پڕۆژەی گەشتیاری، لەبەر ئەوەیش حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری و فراوانکردنی کەرتی گەشتیاری لە سنوورەکەدا پلانی ھەیە”.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، ئاشکراشی کرد:” کەرتی گەشتیاری کاری لەسەر دەکەین و فراوانتری دەکەین، بۆ ئەوەی لە ئاستی لۆکالی ببەینە دەرەوە و بچێتە ئاستێکی نێودەوڵەتی، بەبێ ئەوەی ھیچ کێشەیەک دروست بێت گەشتیاران بە ئاسانی و بە ئارامی ھاتووچۆ بکەن.
ئەمەل جەلال محەمەد، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، رایگەیاند، پۆلیس و ئاسایش لە بازگەکان کارئاسانیان بۆ گەشتیاران کردووە، ھەروەھا خەریکی دانانی ھێڵێکی گەرمین بۆ ئەوەی گەشتیار لە ھەر شوێنێک پێویستی بوو پەیوەندی بکات و داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ بکرێت، لە لایەکی تریشەوە خەریکی دروستکردنی شوێنی حەوانەوەین بۆ گەشتیاران لە نزیک بازگەکان بەتایبەت ئەو بازگانەی بە شارەکانی عێراقەوە دەمانبەستێتەوە.
سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، روونیشیکردەوە:” لە کابینەی نۆیەم یەکێک لە سێکتەرە سەرەکییەکان سێکتەری گەشتوگوزار بووە، ئەمەش وای کردووە لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم زیاتر ڕەنگ بداتەوە و جۆرێک لە بەرپرسیاریەتیش بەسەر دامەزاراوەکان دابەش بکات، ھەوڵدەدەین سێکتەری گەشتوگوزار ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات و ببێت بە ڕەھەندێکی نیشتمانی بۆ ئەوەی گەشتوگوزار پێش بخەین، ئەمە وای کرد گەشتوگوزار وەک سەرچاوەیەکی گرنگ پشتی پێبەستین، لەسەر ئەم بنەمایەش بەرنامەی گەشتوگوزاریمان لەبارەی سێکتەرە جیاوازەکان داناوە، لەبارەی بە بازاڕکردنی کەرتی گەشتگوزاریش لە ڕووی میدیایی و بەستنەوەی کەرتەکە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پێشانگە نێودوڵەتییەکان بۆ نمایشکردنی کار و چالاکییەکانمان کاری باشمان کردووە”.

ھەواڵی زیاتر