بایەخدان بە نۆژەنكردنەوەی ماڵەكەی شێخ مەحموودی حەفید

شێخ مەحموودی حەفید، ساڵی ١٨٨١ لە شاری سلێمانی لەو بنەماڵە ئاینیە بەناوبانگە لەدایک بووە، كە دوای هەرەسهێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسیی كوردستانی كەوتە دەست؛ ەلیكی كورد، شێخ مەحموودی حەفید لەوە ناسراوترە كە ئێمە لێرەدا بەچەند دێڕێك بیناسێنین، چونكە ئەم كوردە جگە لەوەی كە جێپەنجەی بەسەر هەموو رووداوەكانی ئەو سەردەمەی كوردستان و عێراقەوە دیار بوو، هاوكات كەسایەتێكی گەورەی كۆمەڵایەتییش بوو.

لەو سەردەمی نەخوێندەواری و پاشاگەردانیەدا، شێخ مەحموود خوێندەوار و رۆشنفكرێكی بەسەلیقە بوو. تەنانەت پێكهاتە و حكوومەت و دەزگا ئیدارییەكانی شێخ مەحموود، نیشانەی ئەوەن كە ئەم پیاوە هەڵكەوتووە بایەخی داوە بە خەڵكی رۆشنبیر و زۆربەی هەرە زۆری ئەفسەر و شاعیر و رۆشنبیرانی كورد پەیوەندییان بە شۆڕش و حكومەتەكەیەوە كردووە. ئەم کەسایەتیە ناودارەی كورد رۆژی ٩ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٥٦ لە بەغدا كۆچی دوایی كرد و، بزووتنەوە ئازادیخوازیی خەڵكی كوردستان زیانێكی گەورەی پێ کەوت.
لەم بڕگەیە لە میانی سەردانێكی مەیدانی بۆ ماڵەكەی شێخ مەحموودی حەفید حەزم كرد دووبارە و دە بارە چەند رستەیەك لەسەر خانووەكەی بنووسم، بەڵام ئەمجارەیان وتەكانم راستەوخۆ لە سەرپەرشتیاری ماڵەكەی ((ئەنوەر جەوهەر)) وەرگرتووە و قسەی ئەوتان بۆ یاداشت دەكەم؛ سەرەتاش بەم شێوەیە بۆ رۆژنامەكەمان هاتە ئاخاوتن: یەكێك لە بنەماكانی مانەوەی مێژوو و ناسنامەی هەر میللەتێك بایەخدانە بە كەلەپوور و شوێنەوارارەكەی، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان بەگشتی گەڕەك و خانووە كۆنەكان وەك پێویست ئاوریان لێ نەدراوەتەوە، یەكێك لەو شوێنەوارانە ماڵەكەی شێخ حەفیدە كە یەكێكە لەماڵە دیار و كەلەپوورییەكانی شاری سلێمانی كە پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە، یەكەمجاریش لە سالی 2009 دەست كرا بە نۆژەنكردنەوەی بۆئەوەی بكرێتە شوێنێكی گەشتیاری و كەلەپووری و وەك مۆزەخانەیەك بەكاربهێنرێت،چونكە لەم كاتەدا گەشتیارێكی زۆر بە بێ بەرامبەر سەردانی مالەكەی شێخ مەحموود دەكەن كە لە چوار بەشی سەرەكی پێك هاتووە. بۆیە پێویستە كاری نۆژەنكردنەوە تێدا پەلەی لێ بكرێ، چونكە ئەمە وا نیشانی جیهان دەدات كە گەلی كورد نەتەوەیەكی زیندووە و بایەخ دادەات بە كەلەپوور و شوێنەوارارەكەی، بەو مانایەی كە مێژوو و ناسنامەی هەر میللەتێك پەیوەستە بە مانەوەی كەلەپوور و شوێنەوارەكەی.

ھەواڵی زیاتر