به‌گوێره‌ی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق، له 24 كاتژمێری رابردوودا ئاماره‌كانی تووشبوون و مردن به په‌تای كۆرۆنا به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبوونه‌وه.
وه‌ك له ئاماره‌كه‌دا هاتووه: له كۆی 10 هه‌زار و 293 پشكنینی ڤایرۆسی، ئه‌نجامی 3 هه‌زار و 491 كه‌س پۆزه‌تیڤ ده‌رچووه و 4 كه‌سیش به په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه، كه له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا ئه‌مه به‌رزترین رێژه‌ی تووشبوون و مردنه له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا تۆماركرابێت.
زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆش له ناوچه‌ی كه‌رخی شاری به‌غدا به تۆماركردنی 607 حاڵه‌ت راگه‌یه‌ندرا و له هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی به‌غدا، كه‌ركووك، به‌سره و میسانیش حاڵه‌تێكی مردن به په‌تاكه راگه‌یه‌ندرا.
تا ئێستا كۆی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه بوونه، ژماره‌یان گه‌یشته 2 ملیۆن و 359 هه‌زار و 755 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش 25 هه‌زار و 247 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، 2 ملیۆن و 312 هه‌زار و 652 كه‌سیش به رێژه‌ی 98.0% به‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 21 هه‌زار و 856 تووشبووش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها 22 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، تا ئێستا 10 ملیۆن و 878 هه‌زار و 407 كه‌س له سه‌رانسه‌ری عێراق ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه.