گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی یاریزانان

5 به‌ربڵاوترین هه‌واڵی
مانچێسته‌ر یونایتد یه‌كه‌مین گرێبه‌ستی ئه‌م هاوینه‌ی یه‌كلایی كرده‌وه‌، خوان لاپۆرتای سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆناش موژده‌ی گواستنه‌وه‌ی دوو یاریزان راده‌گه‌یه‌نێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ دووه‌مین یانه‌ی ئیتاڵیا له‌ به‌شداریكردن له‌ جامی خوان گامبه‌ر پاشگه‌ز بوونه‌وه‌.

مانچێستەر یونایتد یەکەمین گرێبەستی ئەم هاوینەی یەکلایی دەکاتەوه‌
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە مانچێستەر یونایتد لەگەڵ فێینۆرد گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و ئەم یاریزانە هۆڵەندیە درێسی شەیتانەسوورەکان دەپۆشێت.
رۆمانۆ هێمای بۆ ئەوەش کردووە مان یو چاوەڕێ دەکات ئەمڕۆ یاریزانەکە بگاتە شاری مانچێستەر و بەشی یەکەمی پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت و سبەی دووشەممەش پشکنینی دووەمی بۆ دەکرێت پێش ئەوەی بە فەرمی گرێبەستەکەی واژۆ بکات.
گواستنەوەی ئەم یاریزانە دوای لەدەستدانی کۆمەڵیك یاریزان دێت کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ مان یونایتد کۆتایی هات لەوانە پۆل بۆگبا و نیمانیا ماتیچ و لینگارد و ئیدینسۆن کاڤانی.

بارسێلۆنا ئاماده‌كاری بۆ گواستنه‌وه‌ی 2 به‌رگریكار ده‌كات
بارسێلۆنا ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی مارکۆس ئالۆنسۆ و سێزار ئازپلیکویتا هەردوو بەرگریکارەکەی یانەی چێڵسی ئینگلیزی دەکات.
رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، بارسێلۆنا دوای یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی فرانک کیسێ و کریستێنسن، ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی هەردوو بەرگریکاری یانەی چێڵسی واتە ئازپلیکویتا و هەروەها مارکۆس ئالۆنسۆ دەکات، پێشبینی ئەوەشیان کردووە، تێچووی گواستنەوەی ئەم دوو یاریزانە نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ بێت.
مۆندۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دوو یاریزانەی بلوز تاوەکو ساڵی 2023 گرێبەستیان لەگەڵ یانەکەیان هەیە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت یانە لەندەنیەکە گرێبەستیان نوێ نەکاتەوە و، دەنگۆیەکیش هەیە بەرامبەر پارەیەکی کەم دەستبەرداریان بێت.

لاپۆرتا: دی یۆنگ بۆ فرۆشتن نییه‌
خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا هەموو ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە فرانکی دی یۆنگ رەتکردەوە، گوتیشی: لەگەڵ یانەی لیدز یونایتد لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی رافینها و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی خواست.
سەبارەت بە چارەنووسی رافینهای بەڕازیلی، دەمەوێت بڵێم: ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ لیدز یونایتد و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە، بەڵام یانەکانی دیکەش ئەو یاریزانەیان دەوێت و ئۆفەریان پێشکەش کردووە و ئەویش دەیەوێت یاریی بۆ بارسێلۆنا بکات.
لاپۆرتا ده‌شڵێت: تەنها یونایتد نییە کە ئەو یاریزانەی دەوێت، ئێمە نامانەوێت دەستبەرداری ئەو یاریزانە بین و ئەویش دەیەوێت لەگەڵ ئێمە بمێنێتەوە، هەموو شارەزایانی جیهان بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستی جیهانی دەزانن، ئێمەش زۆر خۆشحاڵین کە ئەومان هەیە، من هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی فرانکی بمێنێتەوە، بەڵام کێشەی مووچەش هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێت.
لاپۆرتا گوتیشی: رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی یاریزانی بایرن میونشنە و نامەوێت هیچ قسەیەک لەسەر ئەو یاریزانە بکەم، تەنها ئەوە دەڵێم دڵخۆشم کە ئارەزووی یاریکردن بۆ یانەکەمان دەکات و سوپاس بۆ گرنگی پێدانەکەی.

رۆژنامه‌یه‌ك لاپۆرتا به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌
دوای ئەوەی خوان لاپۆرتا رایگەیاند دی یۆنگ نایەوێت ریزەکانی یانەکەیان جێبێڵێت، رۆژنامەی گاردیانی ئینگلیزی هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
رۆژنامەی وەرزشی گاردیان بڵاویکردەوە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا زۆر بە راشکاوانە دەڵێت: فرانکی دی یۆنگ ناوەڕاستکاری هۆڵەندی نایەوێت یانەکەیان جێبێڵێت، بەڵام راستیەکە ئەوەیە ئەوان ئامادەن دەستبەرداری بن، بۆ ئەوەی پارەیەکی باش بەرامبەر ئەو یاریزانە بەدەست بێنن، هۆکاری رەتکردنەوەی ریزەکانی بلاوگرانا و پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانەی بلاوگرانا بە مان یونایتد، بەشدارینەکردنی ئەو یانەیە لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
گاردیان بڵاویشی کردووەتەوە ئێستا کارگێری یانەی چێڵسی ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی ئۆفەرێک پێشکەش دی یۆنگ بکات، چاوەڕێش دەکرێت ئەو یاریزانە ئۆفەرەکەی بلوز رەتنەکاتەوە، چونکە ئەو یانەیە وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ بەشدارە.

ئه‌یسی میلانیش ئاماده‌ نییه‌ به‌شداریی جامی خوان گامبه‌ر بكات
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی یانەی رۆما رەتیکردەوە لە یاری دۆستانەی جامی خوان گامبەر رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە، وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو، کارگێری بلاوگرانا داوایەکی فەرمیان پێشکەش یانەی ئەیسی میلان کرد بۆ بەشداریکردن لە یارییەکە، بەڵام رۆسێنەریش داوا فەرمیەکەی بارسای رەتکردەوە و ئەوانیش ئامادەنین بەشداری یارییەکە بکەن.
یاریی دۆستانەی جامی خوان گامبەر بریارە شەشی مانگی ئابی ئەمساڵ بەڕێوەبجێت، بەڵام بەهۆی دەست پێکردنی زۆربەی خولەکانی ئەوروپا، دۆزینەوەی یانەیەک بۆ بارسێلۆنا زەحمەت بووە.

ھەواڵی زیاتر