هونەرمەندی بەئەزموونی بواری دراما و شانۆ (بەیان بۆمبا) رایدەگەیەنێت، لە هەر بەرهەمێكدا بەشداری كردبێت ویستوویەتی وەك خۆی بناسرێت، نەك بەناوی بەرهەمەكەوە و دەڵێت “بەهۆی دوایین كارم درامای سەمەرە چەندین هونەرمەند دەستخۆشییان لێ كردووم كە خۆم پێشبینیم نەدەكرد”.
هونەرمەند بەیان بۆمبا یەكێك بوو لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی درامای (سەمەرە) كە ئەمساڵ لە مانگی رەمەزان و دواتریش، دراماكە دەنگدانەوەی زۆری لێ كەوتەوە.
هونەرمەندی بەتوانا بەیان بۆمبا بە (هەولێر)ی راگەیاند “درامای سەمەرە بەلای خۆمەوە (سەمەرە) بووە و تاكە كار بووە كە چل ئەڵقە بێت و زۆر پێوەی هیلاك بووم، كە چەندین ئەكتەری توانا كاریان تێدا كرد، بەڕاستی سەرسام بووم بە كاردانەوەی خەڵك بۆ دراماكە و چەندین هونەرمەند دەستخۆشییان كردووە كە خۆم پێشبینیم نەدەكرد”.
لە دراماكەدا بەیان بۆمبا بەركەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ هونەرمەندانی توانا مستەفا ئەحمەد و بەكر مستەفا بوو كە مستەفا ئەحمەد باوكی و بەكر مستەفاش هاوسەری بوو، لەو بارەیەوە وتی “لەگەڵ هونەرمەند مستەفا ئەحمەد چل ساڵە پێكەوە كار دەكەین و وەك نواندن مامۆستامە، بەكر مستەفاش لە پەیمانگەدا پێكەوە بووین، گرنگی ئەم هونەرمەندانە ئەوەیە لە یەكتر تێدەگەیشتین، چونكە خاڵێكی گرنگی نواندن ئەوەیە ئەكتەرەكان لە یەكتر تێبگەن، بۆیە هەمیشە مورتاحم بەكاركردن لەگەڵ ئەو ئەكتەرانەی بە ئەزمونن”.
بەیان بۆمبا لەو دەورانەی دەیانیبێت هەمیشە دەورەكانی تووڕەیە، لەو رووەوە وتی “لە بەرهەمەكاندا هەمیشە رۆڵێكم پێ دەدەن دژی پیاو بم، لەكاتێكدا خۆم رقم لە پیاو نییە و زۆر كات بەرگرییشم لە پیاوان كردووە (بە پێكەنینەوە: هەق بوو لە یەكێتی پیاواندا بوومایە)، بەڵام وەك خۆیشم دەمەوێت دەورەكانم پێچەوانەی خۆم بێ؛ هەر بۆ نموونە دەمەوێت لە دەورەكانمدا دژی پیاو بم”.
بۆمبا ئاماژەی بەوە كرد “كاتێك رۆڵ دەبینم دەمەوێت خۆم بم؛ واتە لە هەر بەرهەمێكدا بم دەمەوێت بەیان بۆمبا بم، نەك بە ناوی بەرهەمەكەوە بناسرێمەوە”.
بەیان بۆمبا یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی بەرنامەی (مقۆمقۆ) كە بەرنامەیەكی كۆمیدی رەخناوییە، بۆمبا وتی “لە بەرنامەی مقۆمقۆ زۆر مورتاحین كە كۆمەڵێك هونەرمەندی باشین و وەك خێزانێكمان لێ هاتووە، ئیشەڵا تا تەمەن بوار بدات ئیش دەكەین، من كاتێك كاك مستەفا ئەحمەد دەبینم كار دەكات، هێز دەدەمە خۆم”.
بەیان جگە لە بواری نواندن، لە بواری ریكلامیشدا دەردەكەوێت، بەیان دەڵێت “ریكلامكردنمان بۆ بژێوی ژیانە، بەڵام بە پارەی كەمیش ریكلام ناكەم، چونكە ریكلام ماندووبوونی زۆری دەوێت، بەڵام هەندێجار بۆ هاوكاری و پاڵپشتی لە گەنجان كە ئیشێكی تازە دەست پێ دەكەن بە بڕێكی كەم ریكلامیان بۆ دەكەم”.