لە هەولێر شانۆگەریی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ نمایش کرا

شانۆگەریی (دوا ڕۆژەکانی بابلۆ) لە دەرهێنانی (شوان کەریم) و نواندنی هونەرمەندان (ڕێشان حەمۆ، ڕووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید، تێشوو نامیق، فەرهاد سەعدی، هەنار کامەران، سێوان یاسین، ژیوار حوسێن، ڕەنجدەر سەعد، هانۆ سەباح، نێچیر خەلیل، ڕۆژ ئازاد، سەرخان یاسین، ڕۆزان کارزان، ئاری وشیار)ـە و (لاوک ئەبوبەکر) وەک یاریدەدەری بەرهەمە شانۆییەکە بەشدارە و لە دوای ٥٥ ڕۆژ لە نمایشەکانی ئەو شانۆگەرییە کۆمێدی و تەنزئامێز و موزیکاڵیە لە سلێمانی و ئامادەبوونی ٢٦هەزار بینەر، بۆ یەکەم جار لە هەولێر بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی ڕووداو و بە ئامادەبوونی بینەرێکی بەرچاو و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و (هیوا سوعاد) بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر نمایش کرا.

بابلۆ عەرشی شانۆی کوردی لە هەولێر هەژاند
لە دەستپێکی کارە شانۆییەکەدا، هۆڵی میدیا جمەی هات لە بینەر و تەنانەت هیچ شوێنێک نەما بۆ بینینی شانۆگەرییەکە و چیرۆکەکەشی هەمووانی هێنایە هەژان، بەجۆرێک بە جووڵە کۆمێدی و دیالۆگە پڕ لە تەنزەکانی عەرشی شانۆی هەولێری هەژاند.
بەیانییەک ژیانی بابلۆی بازرگان دەگۆڕێت!
(بابلۆ) ناوی ئەو بازرگان و سەرمایەدارە گەورەیەیە، کە (ڕێشان حەمۆ) بە کۆمێدیا ئەو ڕۆڵە بەرجەستە دەکات و پاڵەوانی چیرۆکی ئەو شانۆگەرییەیە.
(بابلۆ) لەگەڵ چریکەی بەرەبەیانێکدا ژیانی لێ ئاوەژوو دەبێت و لە سەرمەیادارێکی گەورەوە دەبێت بە پیاوێکی سەر لێشێواو، ئەمەش بەهۆی ڕووداو و کێشە و گرفتانەی لە ڕێگەی خانەوادەکەیەوە تووشی دێت، بەتایبەت چیرۆکی عاشق بوونی کچەکەی بە شوفێرەکەی بابلۆ و ئاشکرابوونی نهێنیەکانی نێو کۆمپانیاکەی بەدەست کارمەندێکی کۆمپانیاکەیەوە، کە وا لەو کارەکتەرە دەکات، ببێتە پیاوێکی نەخشەداڕێژەر بۆ سەرکەوتنەکانی بەسەر ئەوانەی دەیانەوێ لەسەر گیرفانی ئەودا دەوڵەمەندبن، تاڕادەیەکیش پلانەکانی سەرکەوتوو دەبن، بەڵام لە کۆتایی شانۆگەرییەکەدا بابلۆ هەموو پلانەکانی شکست دەهێنێت و سەروەت و سامانەکەشی لەدەست دەدات.
شوفێرێک دڵی کچە سەرمایەدارێک داگیر دەکات!
بابلۆ بەختەوەرییەکانی خۆی لە دنیای موزیک و گۆرانی دا دەدۆزییەوە، لەگەڵ گرووپێکی موزیکدا سەرگەرمی هۆنینەوەی چەند کۆپڵە گۆرانیەک بوو، دەیویست لە ڕێگەی گۆرانی و موزیکەوە ڕووی دووەمی خۆی نیشانی خەڵک بدات، کە ژیانی ئەو تەنیا لە بەدەستهێنانی پارە و ساماندا کۆ نەبووەتەوە، بەڵکو ئەشقی بۆ موزیک و گۆرانی زۆر لە سامان گەورەترە، بەڵام لە پڕ گەنجێک خۆی کرد بە ماڵەکەی و نووسراوە نهێنیەکانی کۆمپانیاکەی وەک بەڵگەیەکی گەندەڵی و دیار نەمانی بڕێک لە پارە بەکارهێنا بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر بابلۆ و تا بتوانێت کچەکەی بخوازێت، ئەویش لە وەڵامی داواکەی ئەودا گرێبەستێکی لەگەڵدا مۆرکرد، کە ئیتر لێ دەرباز نابێت و بەهەڵە کچێکی دیکەی پێشکەش دەکات، کە لە ڕاستیدا ئەویندارەکەی ئەو گەنجە کچۆڵەیەکی دیکەیە، نەک ئەوەی پێشکەشی کرا.
ئەشق وەک بەشێک لەو شانۆیەدا
لە گەرمەی پلاندانان بوو، بۆ ئەو گرفتانەی کە ناخیان ئازار دەدا و لە سوچێکی ماڵەکەی دا قەتیس مابوو بەدەم چیرۆکی خۆشەویستی کچەکەی و لەدەستدانی بەشێک لە سامانە بەهۆی هەڵەیەکی خێزانەکەی و گۆڕانی جانتای پارەکانی، کەچی لە پڕ ئەویندارە کۆنەکەی کە کچە خزمەتکارێکی ماڵەکەی بوو، لە سەردەمی لاوی خۆی دا ئەشقی ببوو، بەڵام بەهۆی هەژاری ماڵی کچەکەوە نەیانتوانیبوو بڕیاری هاوسەرگیریی خۆیان بدەن، لە دوای ٢٩ ساڵ دا جارێکی تر باوەشیان بە یەکتردا کرد و نهێنی گەورەبوونی کچەکەشی بۆ ئاشکرا بوو، کە دوای تەمەنێک بۆ یەکەمجار بەدیداری یەکتر شادبوونەوە و لەوێشدا چیرۆکی خەمەکانی بابلۆ گەورەتر بوون، تا گەیشت بەوەی خۆی لە کونجی (شێتخانەیەک)ـدا ببینێتەوە و ئیتر ژیانی ئەو تەنیا بوو بە دانانی نەخشە بۆ منداڵەکانی و جووت هاوسەرەکەی، کە تەنیا حەز و ئارەزووییان ئەوەبوو چێژ لە سامانەکەی وەرگرن و ڕابردووی خۆیان لەگەڵ بابلۆ لەبیر بکەن.
موزیک و کۆمێدیا لە شانۆنامەیەکدا
ڕێشان حەمۆ، جگە لەوەی وەک کارەکتەری سەرەکی ئەو شانۆگەرییە ڕۆڵەکەی بەرجەستەکردبوو، بە ژەنینی ئامێرەکانی درامس و تەپڵ، دڵی بینەرانی بەلای خۆی دا ڕاکێشا و بۆ یەکەم جار نهێنی ئەوەی درکاند کە ئەو تەنیا شانۆکار نیە.

ھەواڵی زیاتر