عومەر چنگیانی
ڕۆژی دووەممە کردیە دوانزەی ڕەبیعی یەكەمی ساڵی ١٤٤٣ی كۆچی، بەرانبەر بە ١٨ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲١ی زایینی و وەکو ساڵان، مسوڵمان نەخاسمە كورد و لە كورستانیش شاری هەولێر، زۆر بەتایبەتی، سەرباری بە پشوودانانی ڕۆژەكە لەلایەن حكوومەتەوە، کرایە ڕۆژی دەربڕینی جۆرە خۆشییەک؛ گوایە وەك هەندێك سەرچاوە ئاماژەی بۆ دەكەن لە ئاوا ڕۆژێكدا دوایین پێغەمبەری خوا محەمەدی كوڕی عەبدوڵای قورەیشی، دروود و سڵاو لەسەر گیانی پاكی خۆی و خانەوادەكەی، هاتووەتە دنیاوە و، بەو بۆنەیەوە وەك لاساییەكی خەڵكی تر لەلایەک و، لەو لاشەوە وەك بە ڕەوازانینی كارەكە لەلایەن هەندێكەوە، دەست كرا بە نیشاندانی هەندێك خۆشی و ڕێوڕەسمی تایبەتی بۆ ساز كرا، كە گومان لەوەدا نییە دڵخۆشكردنی هەژاران بە شیرینی، ئەگەر كارێكی باش بێت، لەو باشتر ئاوڕدانەوەیە لێیان، چ لەلایەن دەسەڵاتەوە بێت، یان لەلایەن زەنگینەكانی وڵاتەوە كە زۆرێكیان خاوەنی سەدان مزوور و كارگوزارن؛ ئەگەر ئەو خۆشیدەربڕینە بۆ گەیاندنی خۆشەویستی بێت بۆ پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، نوێكردنەوەی پەیمان لەگەڵ خوا بۆ شوێنكەوتنی قورئان و سوننەت پیرۆزتر و باشترە! هەرچۆنێکبێ دوای ئەوەی منیش گوێبیستی هەندێک لەو مەراسیمانە بووم و بینیم پێداگوتنێکی تێدایە بۆ کەسایەتی پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، کە لە سنووری شەرع دەرچووە، بە ئەركی دەزانم لەم گوڵخەرمانەی ئیمڕۆمدا ڕووی پرسیارم بکەمە کاکی کوردی مسوڵمان و بپرسم: ئەو ئاستە نزمە لە بیركردنەوەدا كە بێباوەڕەكانی مەكەی تێدا بوو، لێیشیان قەبووڵ نەكرا، تۆی مسڵمان تێی كەوتوویت و، وەك موجیزە باست كردووە و، بۆت گوتراوە یان نا؟ چونكە لە مێشكی قورەیشدا كاری پێغەمبەرایەتی، هێنانی گۆڕانكاریی مادیی بوو؛ چونكە لە دەوروبەری خۆیان لە باسی موجیزەی مادی، زێدەتریان دەربارەی عیسا و مووساوە نەبیست بوو؛ چونكە لە باسی ‘هاتنەخوارەوە سفرەوخوانی ئاسمانێ بۆ عیسا و، ‘دەستی درەوشاوەی ژێر باڵ’ی مووسا و، ‘داری بە بەردا كێشراو’ و، ‘ئاوی وەك خوێن سووركراو’ و، ‘بۆقی زۆری لە گشت لایەك ڕژراو’ و، ‘ئەسپێتێدان’ و، ‘دەریای كەرتكراو’، لە موجیزەی پێغەمبەراندا، زیاتریان نەدەزانی، كە محەمەد دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، هات و گوتی: منیش پێغەمبەرم و، بە من كۆتایی بەو زنجیرەیە دێت، گەرچی بۆ چاخی تر و، بۆ هەتاهەتایی هات، سەروشكەكانی مەكە وەك ئەوەی گوتبێتی: من ئەندازیارێكی بیركۆڵین و، ڕێگاوبانم! لێیان دەویست بۆ چەسپاندنی ڕاستییەكانی كە هێناویەتی ئاو و، جۆبار و، باغ و باغاتیان بۆ بێنێتە بەرهەم و، لە نەوەدەمین ئایەتی سوورەتی “ئیسرا”وە تا نەوەدوسێهەمین ئایەتی ئەو سوورەتەدا، باسیان لێوە دەكا و، دەفەرمێت: “وتیان: “ئێمە بڕوا بەو دۆعاخوێندنە، یان باسی بڵندبوونەوەی تۆ ناهێنین، تا لە زەویە كانیاوێكی شیرینمان بۆ هەڵنەقوڵێنی! یان باخێكی میوەی خورما و ترێت هەبێ و، بە نێویشیا چەندین دەریاچە بێن و بڕۆن و، لە زەویدا بتەقێنەوە! یان ئەگەر – وەك گومان دەبەیت – دەسەڵاتت هەیە كەرتێكی ئاسمانمان وەسەردا بێنیتە خوارەوە! یان فریشتەی خوایی بەشوێن یەكتردا بێنی! یان ماڵێكی بلوورینت هەبێت! یان بەرەو ئاسمان
بفڕیت و بڵند ببیتەوە! ئەوكاتیش بڕوا بەو بڵندبوونەوەیەت ناهێنین، تا نامەیەكت لە ئاسمانەوە بۆ نەیەتە خوارەوە و، بۆ خۆمان نامەكەما نەخوێندبێتەوە! لە وەڵامیاندا بڵێ: پەنا بە خوای گەورە، باشە من لەوە زیاتر هەم، كە مرۆڤێكم و پێغەمبەرم؟” لەو ڕیزبەندییە وردەوە ببن، لە پێشدا، مرۆڤ، پاشان پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، خوای گەورە بۆ خۆی هەڵیبژاردووە، بۆ ئەوەی ئەمانەتی ڕاگەیاندنی نامەی خوا جێبەجێ بكات، لەكاتێكیشدا كە لە وەسفیدا، لە سێهەم ئایەتی سوورەتی (نەجم)دا، فەرموویەتی: “لەخۆڕا، هیچ شتێک ناڵێت”، ڕوونكردنەوەی خوایی بەوەندە نەوێستا و، خەڵكی وا تێبگەن، كە ئەم حوكمە ڕەها (موتڵەق)ە، بەڵكو یەكسەر، لە دوای ئەو ئایەتە فەرمووی: “ئەوەی كە دەیڵێت: نیگایەكە، خوا بۆی ناردووە!”، كەوابوو، ئەو سیفەتی عیسمەتەی باسی لێ كرد، ڕەها و بێسنوور نەبوو! پابەند بوو بە نیگای خواییەوە، بە مانا، عیسمەتەكە تەنیا لە سنووری گەیاندنی پەیامەكەی خوا و، بانگكردنە بۆ ئایینەكەی، ئیتر (محەمەد)ی ڕەسوول ئەوەیە، كە نیگای ‘خوایێی بۆ دێت، – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و، عیسمەتەكەیش هەر لەم سنوورەدایە، بەڵام محەمەدی مرۆڤ، لە دەرەوەی بازنەی نیگای خوایی بۆ هاتن و بانگی ئیسامی و، راگەیاندنی ئایینەكە، دەبێتەوە بە مرۆڤێك و، ڕاستی دەپێكێت و، دەگونجێ نەیشیپێكێت؛.یارەكانی پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، مامەڵەیان دەكرد؛ بەر لە دەستپێكی جەنگی بەدر، لە ساڵی دووەمی كۆچیدا، كە پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، سوپاكەی برد و، لەلایەكی شیوەڵی بەدر لایان دا، حوبابی كوڕی مونزیر (ر)، پێی گوت: “ئەرێ مانەوە لەم شوێنە، بڕیارێكی خواییە و، نابێ لێی لا بدەین و، دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانی خوای بین، یاخود ئەمە ڕای خۆتە و فێڵێكی جەنگییە؟” كە فەرمووی: “ئەمە ڕای خۆمە و پان و، پیانی جەنگە”، حوباب گوتی: دەی ئێرە باش نییە و، شوێنێكی دیكەی دیاری كرد و، پێغەمبەریش دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، ڕاوبۆچوونەكەیی پەسند كرد و، بە گوێیشی كرد. (١). لەو كاتەدا، ئەو یارە (ر)، ڕاوبۆچوونێكی پێچەوانەی ڕای پێغەمبەری دەربڕی! ئەوە چۆن؟! چونكە بابەتەكە لە باسی نیگای خوایی دەرچوو، كەوتە نێو جیهانی ڕادەربڕینێکی پەتی و بەس، ڕای تایبەتی وەكو مرۆڤ. لەم كاتەدا محەمەدی مرۆڤ
بوو دەدوا، نەك محەمەدی پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێت”(۲).
پەراوێز:
(۱)السیرە النبویە، أبو الحسن الندوی، طبعە دارالقلم، دمشق، ص ۲۱۷ و ۲). (۲)(بگەڕێنەوە بۆ لاپەڕە ۳ی خەباتی ژمارە (۱٦۳۲) /۲۰۰٤/۱۱/۲۷ و، (القران والسلطان، هموم اسامیە معاصرە،
فه می هویدی)