كارزان گلی – ههولێر
داخستنی گەرووی هورمز، كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی جیهان دروست كردووە، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و ئەو هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیانی ملیاران دۆلاری پێ گەیشتووە.
لە سێهەم مانگی ٢٠٢٦دا، ئەو بەرهەمەی توركیا كە بۆ دەرەوەی وڵات نێردراوە زۆر كەمی كردووە، تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێك لە مێژووی ئەو وڵاتە بوونی نەبووە. بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی توركیا، بەرهەمی توركیا ناگاتە هیچ وڵاتێك، بەتایبەت بەرهەمی كشتوكاڵی و كەلوپەلی ناوماڵ و زۆری تریش، ئەمەش وای كردووە ئابووریی ئەو وڵاتە دووچاری چەقبوستوویی ببێتەوە.
بەهۆی ئەو شەڕەی لە ناوچەكە دروست بووە، نرخی بەرمیلێك نەوت نزیك بووەتەوە لە ١٠٠ دۆلار، ئەمەش قەیرانی وزەی دروست كردووە، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی زیانێكی گەورەی بەركەوتووە، چونكە ناتوانێت بەرهەمەكانی بگەیەنێتە بازاڕەكانی جیهان.
وەزارەتی بازرگانی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە ٢٨ی مانگی ٢دا، ئەوكاتەی شەڕ دەستیپێكرد، بەرهەمی توركیا بۆ دەرەوە ٦.٤٪ كەمی كرد و گەیشتە ٢١ملیار و ٩٠٠ملیۆن دۆلار، بەڵام بەرهەمی هاوردە بۆ توركیا زیادی كردووە و گەیشتووەتە ٣٣ملیار و ٢٠٠ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی بەدواداچوونی ئاژانسی (DW)ی توركی، لە مانگی یەكەمی شەڕدا، كورتهێنانی بازرگانی دەرەكی توركیا ١١ملیار و ٣٠٠ملیۆن دۆلار بووە. بەڵام ساڵی پار و لە هەمان مانگدا توركیا بەڕێژەی ٥٦ملیار و ٦٠٠ملیۆن دۆلار بەرهەمی بۆ ئەورووپا و وڵاتانی تر ناردووە.
لە ماوەی سێ مانگدا، كورتهێنانی بازرگانی دەرەكی توركیا گەیشتووەتە ٣٠ملیار دۆلاری ئەمریكی و ئەگەر رەوشەكەش هەروا بەردەوام بێت، تا كۆتایی ساڵ كورتهێنان لەو كەرتەدا بۆ ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریكی بەرز دەبێتەوە.
هەریەك لە وڵاتانی كەنداویش دووچاری كورتهێنانێكی گەورە بوونەتەوە بەهۆی هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ نموونە قەتەر ٨٠٪ی بازرگانی دەرەكی كەمی كردووە، بەحرێنیش بەهەمان شێوە و كوێتیش ٧٠٪ و عومان ٦٠٪ و عێراقیش ٣٠٪، بەڵام توركیا بە شێوەیەكی گشتی بازرگانییە دەرەكییەکەی ٤٠٪ كەمی كردووە.
ساڵی ٢٠٢٥ توركیا، بڕی ٢٧٣ملیار و ٤٠٠ملیۆن دۆلار بەرهەمی ناوخۆیی بۆ وڵاتان ناردووە، بەرنامەشی هەبووە لە ٢٠٢٦دا، ئەو بڕە بۆ ٢٨٢ملیار بەرز بكاتەوە، بەڵام شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران، بەرنامەكەی توركیای لەبار برد و ترسی گەورەش هەیە، ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، توركیا دووچاری قەیرانێكی زۆر گەورەی ئابووریی ببێتەوە.
ساڵی ٢٠٢٥، توركیا زۆرترین بەرهەمی لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ ئەڵمانیا ناردووە، بڕی ١٩ملیار و ٨٠٠ملیۆن دۆلار، بەدوای ئەویشدا بەریتانیا دێت كە ١٤ملیار و ٢٠٠ملیۆن دۆلار بووە.
شارەزایانی بواری ئابووریی لە توركیا پێیان وایە، ئەگەر شەڕ بوەستێت و رەوشەكە وەكوو خۆی لێ بێتەوە، توركیا زوو هەڵدەستێتەوە، چونكە پردێكە لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا و دەتوانێت سوود لەو هەلە گەورەیە وەربگرێت. هەروەها باس لە سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی جەیهان دەكەن، كە نەوتی كەركووك بەو بۆرییە دەگاتە توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا و ئابووریناسان دەڵێن، ئەمەش بۆ ئابووریی توركیا گرنگە و دەكرێت سوودی لێ ببینێت بۆ كورتهێنانی بوودجەكەی.

